حكوومەتی داهاتووی عێراق دەتوانێت رووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە؟

:: PM:07:29:07/01/2026 ‌
 
لەوكاتەی هێشتا حكوومەتی نوێی عێراق پێك نەهاتووە و شیعە لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی بەهۆی گوشار و هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئێران و ناكۆكییەكانی ناوخۆییان گیریان خواردووە، ئەمەریكا داوا دەكات هەر حكوومەتێكی عێراقی دوور لە میلیشاكانی ئێران پێك بێت و دەست بە داماڵینی چەكیان بكات و یەكیان بخات لەگەڵ هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت، كە شارەزایان پێیان وایە ئەوە زەحمەتە و هیچ حكوومەتێكی عێراقی ناتوانێت ئەوانە بكات.

لەوكاتەی هێشتا مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ترەمپ سەردانی بەغدای نەكردووە و حكوومەتی نوێی عێراق پێك نەهێنراوە، موكەرەم قەیسی توێژەری سیاسی پێی وایە چەند بەربەست و ئاڵنگارییەك رووبەڕووی هەر حكوومەتێكی نوێی عێراق دەبنەوە، لەپێشەوەیان دۆسیەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت، كە كێشەیەكی زۆر گەورەیە، ئەو پێی وایە ناتوانرێت حكوومەتێك پێك بهێنرێت بتوانێت بە كردەنی رووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە. 

روونی كردەوە، ئێستە ئەو میلیشیایانە خاوەن دەسەڵات و دەسترۆیشتووی سیاسی و بڕیاری كاریگەرن، ئەوانەش وا دەكەن هەر هەوڵێكی حكوومەت بۆ داماڵینی چەكەكانیان ئەگەرێكی زۆر سەخت بێت، دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆسیە سەرەتا پێویستی بە بڕیارێكی راستەقینە و راشكاوانەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەیە كە هەر كێ بێت، لەسەر بنەمای هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت، بۆیە سەركەوتنی هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەیە پێویستی بە سیستمێكی تەواو هەیە لە هێزە تەناهییەكان و هەردوو دەزگای هەواڵگری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، جیا لە سوپای عێراق، و هاریكاریی راستەقینە لە لایەن دادگای عێراق بۆ كۆتاهێنان بە دیاردەی چەكی بەرەڵا.  

قەیسی ئاماژەی كرد كە پێ دەچێت ئێستە ئەو سیناریۆیە دوور بێت، چونكە میلیشیاكان بوونەتە خاوەن دەسەڵات و بڕیار، بۆیە هیچ كەسێك لە حكوومەتی داهاتوو ناتوانێت بڕیارێكی لەو جۆرە بدات و ئەگەری هەیە دۆسیەكە بەرەو بەنێودەوڵەتیبوون بچێت، واتە هاتنی ئەمەریكا و دەستوەردانی بۆ چارەسەركردنی، ئەگەریش هەیە عێراق بەرەو سیناریۆیەكی هاوشێوەی لبنان هەنگاو بنێت، واتە هاریكاریی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ رزگاربوون لە چەكی نایاسایی، كە ئەو جۆرە چەكە بووەتە مەترسییەكی گەورە لەسەر حكوومەتی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، جیا لەوەی لە رووی نێودەوڵەتییەوە رەتكراوەیە و هەندێك لەو میلیشیایانە لە لایەن ئەمەریكا وەك گرووپی تیرۆریستی پێوەست بە ئێران پۆلێن كراون.  

ئەو توێژەرە سیاسییە ئاماژە دەكات، هەموو درووشمەكانی لە دوای 2014 لەبارەی داماڵینی چەك بەرز كراونەتەوە، تەنانەت داواكاریی مەرجەعیەتی ئاینیش، گوێیان بۆ نەگیراوە، دۆخەكە بەو شێوەیە كە میلیشیاكان دەیانەوێت و لەگەڵ خواستی ئێران كۆكە، ئەوەش وای كردووە درووشمەكان تەنیا لەسەر كاغەز بمێننەوە، بۆیە گومانی راستەقینە هەیە و هیوادارین كەسێكی بەهێزی عێراقی دەربكەوێت بتوانێت رووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە، ئەگەرچی زەحمەتە ئەو دۆسیە تەنیا لە ناوخۆی عێراق چارەسەر بكرێت و پێویستیی بە هەوڵ و هێزی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی و كۆتاهێنان بە دیاردەی چەكی بەرەڵا.  

لای خۆیەوە عامر فایز پەرلەمانتاری شیعە لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند، پەیامی نوێی ئەمەریكا گەیشتووەتە سەركردەكانی چوارچێوە پێوەست بە دۆسیەی داماڵینی چەكی گرووپەكان و میكانیزمی هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت، روونی كردەوە، ئێستە گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان هەیە لەسەر ئەو بنەمایەی عێراق چووەتە ناو قۆناغی بنیاتنان و سەقامگیری و پێویستیی بە بوونی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت نەماوە.

روونی كردەوە، ئەو گفتوگۆیانە مانای ئەوە نییە گرووپەكان چەك دادەنێن، چونكە تەنگژەكانی ناوچەكە بەردەوامن، بەڵام چەكەكانیان لە لایەن دەوڵەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت و بە رەزامەندی ئەو جووڵەیان پێ دەكرێت، ئەوەش لەژێر ناوی هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت یان یەكخستنی ئەو گرووپانە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی یان رادەستكردنی بەشێك لە چەكەكانیان، بۆیە شێوەی كۆتایی دۆسیەكە تا ئێستە دیار نییە. 

سەبارەت بە پەیامەكانی ئەمەریكا لەوبارەوە فایز گوتی، هیچ پەیامێكی فەرمی سەبارەت بە كردنەئامانجی میلیشیاكان نەگەیشتووەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوەی هاتووە بریتییە لە پەیامی هاندان و گوشار بۆ داماڵینی چەك، ئەمەریكا لە رێگەی دیداری لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوە دووپاتی كردووەتەوە كە دەست لە بابەتی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران وەرنادات، بەڵام دەیەوێ كەسێك بێت بتوانن هاوكاری لەگەڵ بكەن، بۆیە بەرژەوەندیی عێراق وا دەخوازێت سەرۆك وەزیرانێك هەبێت بتوانێت لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی هاریكار بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل