كورد لەسەر دۆخی رۆژئاوا یەكهەڵوێستە.. "شەمشەمەكوێرە بە قەڵادا هەڵناگەڕێ‌"

:: PM:03:05:08/01/2026 ‌
لەسەر ئەو دۆخەی كە لە رۆژئاوای كوردستان هاتووەتە ئاراوە، كاردانەوەكان تادێت زیاتر دەبن، بەشێكی زۆر لە نووسەر و كەسایەتیی سیاسیی لە كوردستان پێیان وایە، كلیلی سەربەخۆیی كورد لە كوردستانی رۆژئاوایە، بۆیە دوژمنەكانی كورد، هەوڵی پاكتاوكردن دەدەن.

چەند رۆژێكە هێرشی چەكدارانی سووریا بۆ شێخ مەقسوود و ناوچە كوردییەكانی تری رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، جیا لەوەی چەند جارێك ئەو چەكدارانە لە هێرشەكانیاندا شكاون، بەڵام ئەو رووداوە جارێكی تر كوردی یەكدەنگ كردەوە. 

حاكم لەتیف مستەفا كەسایەتیی كوردستان لەبارەی هێرشەكانی رۆژئاوای كوردستان، بۆچوونی خۆی دەربڕیوە و دەڵێ‌، تیرۆریستەكانی جۆلانی دوای ئەوەی وازیان لە جۆلان و جەبەل شێخ و هەرسێك پارێزگای باشووری سووریا (دەرعا و قونەیتەرە و سوەیدا) هێنا و لە بەردەم ئیسرئیلدا بەچۆكدا هاتن، یەكسەر پەلاماری هەردوو گەڕەكی سڤیلنشینی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودیان دا.

"ئەم تیرۆریستانە لە خوێنڕشتن تێر نابن، رۆژیك عەلەوی و رۆژیك درووز  و ئەمڕۆیش كوردی مسوڵمانی سوننەمەزەو دەكوژن، هەر لەبەرئەوەی هاونەتەوەی خۆیان نین"، حاكم شێخ لەتیف وای گوت. 

هەروەها بەپێویستی دەزانێت خەڵكی سڤیلی هەردوو گەڕەكەكە خۆپێشاندان بكەن و ئاڵای ئیسرائیل بەرز بكەنەوە و داوای بەهاناوەچوونی ئیسرائیل بكەن، "رێگرتن لە خوێنڕشتن و ئاوارەكردنی ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتە بەم سەرمای زستانە، لە هەموو شتێك گرنگتر و پیرۆزترە و هیچ سنوورێكی سووری لە بەردەمدا نییە".

هەروەها دەڵێ‌، عەرەب و تورك و فارس هەرگیز تۆی كوردیان وەك مسوڵمانیكی هاوكوفی خۆیان قبووڵ نییە، بەڵكو دەبێت عەبد و ملكەچیان بیت، ئەو كوردەش لە ژێر هەر بیانوویەكدا بێت بەرگریی لەو رژێمە پیس و بۆگەنانە بكات یان تیرۆریست و بەكرێگیراوە، یان دەماغی داشۆراوە یا حەزی لە كۆیلایەتییە.

هەر لەسەر ئەو یەكهەڵوێستییەی كورد بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان، حەمەڕەشید هەرەسی هونەرمەند و نووسەر نووسیویەتی، كلیلی سەربەخۆیی كورد لە كوردستانی رۆژئاوایە، بۆیە دوژمنەكانی كورد، هەوڵی پاكتاوكردن دەدەن، "لەگەڵ چوار گورگ لە شەڕداین".

لای خۆیەوە ئارام رەفعەت نووسەر و لێكۆڵەر نووسیویەتی، شێخ مەقسوود حەوت دەروازەی هەیە، سێ رۆژە و لە بەردەم هەر دەروازەیەكیدا هەزاران "قۆتڕە كەمتیاری ئەعڕابی، تۆرانی، ئیغۆری و ئۆزبەگی و توركستانی و چیچانی" خۆیان مەڵاس داوە، لە بەرانبەر ئەو هەموو لەشكری تاریكییەدا تەنیا سێ‌ هەزار و 500 كچ و كوڕی وڵاتی رۆژ و ئاگر وەستاون كە قورسترین چەكیان، كڵاشینكۆفێك یان قەناسێكە.

روونیشی كردووەتەوە كە 13 ساڵە نەك هەر حەلەب، وڵاتێكی 25 ملیۆن كەسی و بە 184 هەزار كیلۆمەتر دووجای پڕ لە داعش و شەبیحە و قاعیدە و بەعسی و تۆرانییەوە، دەیەوێت شێخ مەقسوود بخنكێنێ، بەڵام شێخ مەقسوود لە تەنیاییدا لە هیچ كوێیەكی ئەم دنیایە ناچێتە نە كۆبانێ، نە لە عەفرین، نە لە غەزە و نە لە ستالینگراد.

هەروەها پێی وایە ئەوانەی سێ رۆژە بەختی تاری خۆیان بە شێخ مەقسوود تاقی دەكەنەوە، پێشتریش دەیان جار ئەو بەختە رەشەیان تاقی كردووەتەوە، ئەو شەمشەمەكوێرانەی  ئەمڕۆ دەیانەوێت بە دیواری ئەو قەڵایەدا هەڵگەڕێن، پێشتر بە سێ رۆژ حومس و حەما و دیمەشقیان گرت، بەڵام ئەو قەڵایە هەر بەپێوە وەستاوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم