چین یەكێكە لەو وڵاتانەی بە نهێنی و بێدەنگی كار دەكات، ئەو لە هەموو رووەكانەوە ركابەریی ئەمەریكا و رووسیا لە پێشەنگیی دنیا دەكات، شارەزایان پێیان وایە لە رووەكانی ئابووری و سەربازی و تەكنۆلۆجیا و چەكەوە، لەپاڵ ژمارەی زۆریی دانیشتووانی، ئەگەر هاوتای واشنتن و مۆسكۆ نەبێت، ئەوە لەوان زۆر دوور نییە، بەڵام بە هێواشی و دووربینی و خۆپارێزییەكی زۆرەوە كار دەكات، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پێوەندییان بە ئەمەریكاوە هەیە، لەوانەش تایوان، كە ئەمەریكا بە بەردەوام وەك تەڵەیەك بۆ پەكینی داناوەتەوە.
دوای نزیكەی شەش مانگ لە گەمارۆی دەریایی و كۆكردنەوەی هێزی سەربازی و سزای نەوتی و ئابووری و هێرشكردنە سەر بەلەمی قاچاغچیانی مادەی هۆشبەر، لە 3ی ئەم مانگە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە كاراكاسی پایەتەختی ڤەنزوێلا لە ئۆپراسیۆنێكی كتوپڕی سەربازیدا، نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ئەو وڵاتە و هاوسەرەكەیان گرت و بەرەو ئەمەریكایان گواستنەوە بۆ دادگاییكردنیان بە تۆمەتی رەوانەكردنی مادەی هۆشبەر بۆ ئەمەریكا.
نەیاریی تایوان و چین نوێ نییە، بەڵام بەهۆی سووربوونی چین لەسەر موڵكداریی بۆ خاكی تایوان و نوێكردنەوەی داواكەی، هەروەها دووپاتكردنەوەی تایوان بەوەی ناگەڕێتەوە سەر چین و پاڵپشتیكردنی لە لایەن ئەمەریكاوە، ئەو بابەتەیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە، هەندێك لە چینییەكان لە تۆڕە كۆمڵایەتییەكان داوا دەكەن بە هاوشێوەی ئەوەی ئەمەریكا لە ڤەنزوێلا ئەنجامی دا، چینیش بەرانبەر بە سەركردەكانی تایوانی ئەنجام بدات، ئەوەش وەك رێخۆشی بۆ دەستگرتن بەسەر دوورگەكە، كەچی شرۆڤەكار و شارەزایان پێیان وایە كە سوپای چین ئامادە نییە بۆ ئەو جۆرە سیناریۆیە.
چین كوان تنگ پەرلەمانتاری تایوانی دەڵێت، ئەگەر چین شتێكی وا بكات، بابەتەكە بە خێرایی بۆ ململانێیەكی فرەوان پەرە دەستێنێنێت و مەترسیی زۆر گەورەی سیاسی و سەربازی دەبێت، هەر هێرشێك بۆ سەر تایوان كتوپڕ نابێت بەهۆی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێشكەوتووی تایوان دێتە ئاشكراكردن، بۆیە هێزە تایبەتەكانی چین لە كاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی تایوان ئاشكرا دەبن و شەڕ دەست پێ دەكات.
ئەمەریكا بەر لە ئەنجامدانی پۆپراسیۆنە كتوپڕەكەی، كۆنترۆڵی ئاسمانی ڤەنزێلای كرد، دەیان فڕۆكەی تارمایی و پێشكەوتووی بۆ سەرقاڵكردن و سەرلێشێواندنی سیستمی بەرگریی بەكار هێنا، جیا لە درۆنی چاودێری و مانگی دەستكرد، چین دەڵێت، بەپێچەوانەی سوپای ئەمەریكا، سوپای چین چەندان كەموكوڕی دیاری لە شارەزایی لە ئۆپراسیۆنەكان و توانای چەكە كارۆموگناتیسی و ئەلیكترۆنی و بەجێگەیاندنی ئەركە زۆر مەترسیدارەكان هەیە.
كولین كوە توێژەری بواری تەناهی دەڵێت، لە رووی كردەنییەوە، راستە لە ماوەی دواییدا سوپای چین هەوڵی خێراكردنی توانا و تۆكمەیی سوپاكەی دەدات، بەڵام ئەوەی دەیكات هەنگاوی سەرەتاییە بە بەراورد بەوەی سوپای ئەمەریكا ئەنجامی دەدات كە كەڵەكەبووی ساڵانێكە لە شەڕ و ئۆپراسیۆنەكان.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە دەكەن كە پەكین ئۆپراسیۆنی هاوشێوە و لاسایی بۆ ئەوەی ئەمەریكا لە دابەزاندنی هێز و گرتنی بەرپرسانی تایوان لە تیبێ لە چوارچێوەی چەندان بژارەی تری سەربازی ئەنجام دەدات، ئەوەش بە مەبەستی گرتنی تەواوی دوورگەكە، بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لە چین ئاماژە بۆ ئۆپراسیۆنەكەی ڤەنزوێلا لە لایەن ئەمەریكا دەكەن، بەوەی ببێتە نموونەیەك بۆ چین بەرانبەر بە سەركردەكانی تایوان.
یەكێك لەوانە گوتی، دۆخی ڤەنزوێلا چارەسەرێكی بۆ یەكگرتن لەگەڵ تایوان پێشكەش ئێمە كرد، سەرەتا پشت بە هێزە تایبەتەكان بۆ گرتنی لای چینگ تە ببەستن، ئینجا كۆنترۆڵكردنی تایوان رابگەیەنن و ناسنامەی نوێ بۆ خەڵكەكە دەربكەن و بەوەش سەركەوتنێكی خێرا و یەكلاكەرەوە بەدەست دێنن، لەوكاتەی چین كوان تن پەرلەمانتاری تایوانی دەڵێت، ئەو جۆرە قسانە وەك خەیاڵ وان، شرۆڤەكارانیش پێیان وایە هەر هەوڵێكی چین بۆ ئەو مەبەستە بەخێرایی رووبەڕووی سەختیی سەربازی دەبێتەوە.
كوە ئاماژە دەكات كە راستە چین فڕۆكەی پێشكەوتووی هاوشێوەی ئەمەریكا هەیە، بەڵام تا ئێستە تواناكانی بە وردی دیار نییە و گومان لە توانای سوپای چین هەیە، بەتایبەتی لە سایەی بوونی سەركردایەتییەكی توندی ناوەندییەوە لە لایەن حزبی شیوعی چینییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەركردەكانی تایوان ئەو بابەتە بە هەند هەڵدەگرن و گەورە بەرپرسێكی تەناهیی تایوانی ئاماژە دەكات كە ناكرێ لە گرنگیی ئەو بابەتە كەم بكرێتەوە، چونكە ئەوە ئەگەر رووبدات كارێكی گەورە و بەئازارە، چین هەوڵ دەدات هەموو رێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بگرێتە بەر.