مەلا بەختیار كەسایەتی سیاسیی كورد كە ئێستە كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی سەربەخۆ، هەوڵ و جووڵەكانی دژی یەكێتی دەست پێ دەكات.
مەلا بەختیار پێشتر بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە بوو، بەڵام دوای هاتنی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەسەڵاتی یەكێتی، ناكۆكی دروست بوو، حزبەكەی جێهێشت.
ئەو لەماوەی ڕابردوودا رەخنەی زۆری لەو حزبە گرتووە تەنانەت تا ئێستەیش دووپات دەكاتەوە كە لە سیاسەتی ئەو یەكێتی رازی نییە، لە دوایین چاوپێكەوتنیشی كە چەند ڕۆژی رابردوو بڵاو كرایەوە دووپاتی لەوە كردەوە كە زۆر نهێنێ هەیە و ئێستە نایەوێ باسیان بكات، بەڵام لە داهاتوودا گشتیی دەدركێنێ.
مەلا بەختیار هەفتەی رابردوو خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید كرد و رای گەیاند كە ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە رێكبكەون دەكشێتەوە ئەگینا لە ململانێیەكە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ی كانوونی دووەم، لە پۆستێكی فەیسبووكدا، مەلا بەختیار وێنەیەكی خۆی لە دەربەندیخان بڵاو كردەوە و نووسیویەتی" بەدەم رێوە بەرەو بەغدا" مەبەستیشی ئەوەیە كە دەچێتە بەغدا و دەست بە هەوڵەكانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكات.
"وشە" پرسیاری زۆری لەو كەسانە كرد كە لە مەلا بەختیار نزیكن، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە سەردانەكەی بۆ بەغدا بە مەبەستی گفتوگۆیە لەگەڵ دۆستەكانی لەوێ، هەورەها ئەوان گوتیان" كاتی ئەوە هاتووە هەندێك جموجۆڵ بكات و دیوی ناوەوەی یەكێتی بۆ حزبە سیاسییەكانی بەغدا روون بكاتەوە".
هەر یەكە لە پارتی و یەكێتی كاندیدی جیاوازیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەیە، هێشتا دیار نییە بازی ئەو پۆستە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردندا زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگی بە دەستهێناوە، بۆیە پێگەیەكی بەهێزی لە عێراق و كوردستان هەیە و حزبی حیساب بۆ كراوە.
مەلا بەختیار لە ناو ئەو ململانێییەی ئێستە دەستی پێ كردووە مەبەستی ئەوەیە كە بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی، یەكەم تاقیكردنەوەیشی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەست پێ دەكات. ئەوە نزیكەكانی ئەو بە "وشە"یان گوتووە.
خەڵكی زۆر بەتایبەت كادیرانی باڵای یەكێتی مەلا بەختیار بە شایستەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەزانن، بەڵام تا ئێستە هیچ پشتیوانییەكی سیاسیی گەورەی نییە، حزبەكەیشی / یەكێتی/ كاندیدی فەرمی بۆ ئەو پۆستە هەیە كە نزار ئامێدییە.
حیكمەت محەمەد كەریم ناسراو بە مەلا بەختیار
لە 20ی ئابی 1954 لە خانەقین لە دایكبووە
سیاستمەدارێكی كوردە لە باشووری كوردستان و لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
لە ساڵی1976، دەبێتە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە ساڵی 1982، لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێكخستنی سلێمانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.
لە ساڵی 1995، دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
لە ساڵی 2001، دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە ساڵی 2010، دەكرێتە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.