دوای بینە و بەردەیەكی زۆر لە یەكەم رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 11ی تشرینی دووەمی 2025ەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە خەریكی كۆبوونەوەی بەردەوامن بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، لەو ساتەوە تا ئێستە محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی كێبەركێ دەكەن، تا دوا سات شەوی رابردوو سوودانی پاشەكشەی كرد و مالیكی وەك تاكە كاندیدی شیعە مایەوە، بەڵام چی لەناو ماڵی شیعە روودەدات؟
ئێستە ناوی
نووری مالیكی سۆشیال میدیای شیعەی داگیر كردووە و وەك تاكە كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ باسی دەكرێت، بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە دزەكردنی هەواڵەكە بەتەواوەتی نەكراوە، واتە وردەكاری زیاتری هەیە، موشریق فرێجی ئەندامی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی لە پۆستێك نووسیویەتی، ئەو سازشكردنەی سوودانی مەرجدارە، پێویستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێككەوتنی لەسەر بكات، جیا لەوەی مەرجەعیەتی ئاینی لاری لەسەر نەبێت، هەروەها تاوتوێی هەڵوێستی نێودەوڵەتی بكرێت بەر لەوەی بەتەواوەتی كاندید بكرێت بۆ پۆستەكە، واتە لێكگەیشتنێكی رانەگەیەندراو دوور لەوەی دێتە راگەیاندن هەیە.
سەرەڕای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵی دا لە رێگەی بەیاننامەی كۆبوونەوەی شەوی رابردوو بوونی كەشێكی ئەرێنی بەرجەستە بكات، بەڵام تا ئێستە ناكۆكییەكان لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیران ماون، هەر ئەوەش وای كرد كە هیچ راگەیاندنێكی راشكاوانە دووپات لە رێككەوتنی كۆتایی چوارچێوەكە لەوبارەوە دەرنەچێت، وەك ئەوەی بڕیارێكی سیاسی دراوە هێشتا كاتی راگەیاندنی نەهاتووە، شارەزایان پێیان وایە راستە قسەكان باسی كاندیدكردنی مالیكی دووپات دەكەنەوە، بەڵام ئەو زنجیرەیەك بەربەستی بۆ گەیشتن بەو پۆستە هەیە، كاتێك لە 2014 عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف رەتی كردەوە مالیكی سێیەم خولی سەرۆك وەزیرانی پێ بدرێت، ئەوەش دوای ئەوەی شكستەكانی دۆخی تەناهی خستە ئەستۆی ئەو، لەوانە رووخانی سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق بەرانبەر بە داعش، ئەوەش كاریگەریی گەورەی لەسەر مالیكی جێ هێشت.
جیا لەوە مالیكی پێوەندییەكی خراپی لەگەڵ رەوتی سەدر هەیە، بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی لەگەڵ سوپای مەهدی، جیا لە رووبەڕووبوونەوەی سیاسی بەر لە كشانەوەی رەوتەكە لە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق، ئەوانە وا دەكەن جەماوەری رەوتی سەدر بە گەڕانەوەی رازی نەبن، هەرچی سوننەیە، بەشی زۆریان تێبینیان لەسەر هاتنەوەی بۆ دەسەڵات هەیە، ئەوەش بەهۆی سیاسەت و بڕیارەكانی پێشووی كە تایفیەتی لە عێراق بەهێز كرد، بۆیە پێویستە بۆ گەڕانەوەی مالیكی تەنیا شیعە نا، بەڵكو تەواوی پێكهاتەكانی عێراق رازی بن.
ئەسیر شەرع توێژەری سیاسی پێی وایە تا ئێستە دیمەنەكە بە رووی زیاتر لە سیناریۆیەك كراوەیە، لە دوای كشانەوەی چانسی كاندیدانی تر، ئێستە مالیكی خاوەن زیاترین چانسە بۆ وەرگرتنی پۆستەكەن بەڵام ئەوە مانای یەكلابوونەوەی پۆستەكە بۆ ئەو نییە، چونكە هێشتا كورد و سوننە بەرانبەری دوودڵن و مەرجەعیەتی ئاینیش خۆی لەو بابەتە دوور خستەوە، بۆیە تەنیا ئاماژەی گشتی هەن باسی ئەوە دەكەن پێویستە سەرۆك وەزیرانی نوێ توانای دادوەری لە نێوان هەمووان هەبێت و بە یەكشانی ئیدارەی دەوڵەت بدات.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە رێككەوتنێكی رانەگەیەندراو لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، بەوەی لەو قۆناغەدا مالیكی كاندیدبوونی بە فەرمی رابگەیەنێت، دواتر دەستبەرداری پۆستەكە بێت بۆ كەسێكی تر، كە سوودانی بێت یان كەسێكی تر كە دواتر رێككەوتنی لەسەر دەكرێت، ئەوەش بۆ شۆككردنی ناوەندە ناوخۆیی و ناوچەییەكان بەمەبەستی قبووڵكردنی كاندیدی نوێ، ئەو بیرۆكەش دوای راوێژكردن لەگەڵ ئێران دێت، كە سەرنجی خستە سەر دروستكردنی هاوسەنگییەكی ناوخۆیی و پەنا نەبردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی چوارچێوەكە، بۆیە لە دیدارەكانی دواییان مالیكی گەرەنتی و بەڵێنی لە سوودانی وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەش بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە گەڕانەوەی مالیكی هێشتا سیناریۆیەكی زیندووە، ئەگەرچی ئاڵۆزی گەورەی لەپێشە كە رەنگە نەخشەی دەسەڵات جارێكی تر دابڕێژێتەوە یان دەرگە بە رووی كاندیدێكی هاوبەش بكاتەوە كە ململانێكە بە شێوەیەكی كاتی چارەسەر بكات.
دوێنێ ئێوارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا كۆبووەوە و تاوتوێی هۆكاری كشانەوەی سوودانیان لە كێبەركێی پۆستی سەرۆك وەزیران كرد، ئەوان پرسیاریان لە سوودانی كردووە و ئەویش بابەتەكەی بە پێشخستنی بەرژەوەندیی عێراق بەسەر بەرژەوەندیی حزبی و كەسی بەستووەتەوە، دوای كشانەوەی سوودانی حزبی دەعوە پێشنیازی كاندیدكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستەكە بەناوی چوارچێوە كردووە ئەوانیش رازی بووینە، رەوتی حیكمە داوای كردووە بابەتەكە بخرێتە پێش مەرجەعیەتی باڵای نەجەف، كە ئەویش رەتی كردووەتەوە بێتە ناو بابەتەكەوە.
ئەمە و بڕیارە ئێوارەی سبەی دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی جارێكیتر لە بەغدا كۆ ببێتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی لایەنەكانی بەرانبەر بە كاندیدی سەرۆك وەزیران، ئەگەر هیچ هێزێك لاری بەرانبەر بە كاندیدكردنی مالیكی بۆ پۆستەكە نەبوو، ئەوە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، ئەگەریش نەكرا، ئەوە گفتوگۆی پێشنیازی تر دەكرێت بۆ كۆتاهێنان بەو بابەتە.