دوو هەفتە بەسەر ناڕەزایەتییەكانی ئێران تێپەڕ دەبێت و تا دێت خۆپێشاندانەكان و كەوتنەوەی قوربانی و هەوڵی سەركوتكردنیان لە لایەن دەسەڵاتی تاران توندتر و زیاتر دەبێت، بڕیارە ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ وتارێك بدات و ئەگەری زۆرە باسی دۆخی ئێران بكات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە تویتێك داوای لە خۆپێشاندەرانی ئێران كرد لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوام بن، بەڵام بژارەكانی بەردەم ترەمپ چین؟
ئەمڕۆ سێشەم سەرۆكی ئەمەریكا لە پۆستێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی نووسیوە، لەسەر ناڕەزایەتییەكانتان بەردەوام بن، ناوی ئەو كەس و بەرپرسانە كە دەستیان لە كوشتن و رەشەكوژیی خەڵك هەیە تومار بكەن و چاوەڕێی بن هاوكارییەكانی ئەمەریكا بەرێگاوەیە.
ترەمپ بێ ئەوەی بە وردی روونی بكاتەوە كە مەبەستی چییە، رووی لە خۆپێشاندەرانی ئێران كرد و دووپاتی كردەوە، یارمەتی بەڕێگەوە بۆ ئێوە، ئەوی نیشتمانپەروەرانی ئێران بە ناڕەزایەتی بەردەوام بن و كۆنترۆڵی دامەزراوەكان بكەن، هاوكات بڕیاری دا هەموو كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تا وەستانی كوشتنی خۆپێشاندەرانی ناڕازی بوەستێت.
بەپێی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی، ئەمەریكا زنجیرەیەك بژارەی بۆ كردنەئامانجی سەركردایەتیی ئێران لەپێشە بە هاوشێوەی هێرشەكانی سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی تاران لە هاوینی رابردوو، لەوانە وەك بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت بژارەی بچووكترن و هێشتا بە قۆناغی تاوتوێكردنن لەوانە هێرشی سیبرانی یان گورزوەشاندن لە هێزە تەناهییەكان.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی كۆ ببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی بژارەكانی بەرانبەر بە ئێران بكات و بژارەی زۆر بەهێز تاوتوێ دەكات، لەوانە دەستوەردانی سەربازی، بەپێی رۆژنامەی "رۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بژارەكانی بەردەم ترەمپ بریتین لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران بە بەكارهێنانی ئامێری نهێنیی ئەلیكترۆنی و توندكردنی سزاكان ز دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە.
شارەزایان پێیان وایە ترەمپ چەند بژارەیەكی لەپێشە بۆ مامەڵكردن لەگەڵ ئێران، لە نێوان دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازی، وەك كۆشكی سپی دوێنێ رای گەیاند ئەو تەنیا خۆی دەزانێت بڕیار لەسەر چی دەدات، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە بەرپرسێكی ئەمەریكای گواستەوە كە پنتاگۆن چەندان بژارەی خستووەتە بەردەم سەرۆك ترەمپ، لەوانە هێرشكردنە سەر بەرنامەی ئەتۆمی، توندتر لە هێرشەكەی 2025.
ئەگەرچی وتارەكەی ترەمپ لەبارەی دۆخی دنیا، لەوانە ئێران، زۆر نزیكە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەگەر ئێران بەتەواوەتی سازش بۆ ئەمەریكا نەكات و تەواوی مەرج و داواكارییەكانی بەخێرایی جێبەجێ نەكات، رەنگە دۆخەكە بە شێوەیەكی تر و بێ پێویستی بۆ كۆكردنەوەی هێزی سەربازی بگاتە ئاستی ئەوەی ڤەنزوێلا، كە بە كەمتر لە سەعاتێك سەرۆكی ئەو وڵاتەی قۆڵبەست كرد و بردییە ئەمەریكا بۆ دادگاییكردنی، بۆیە ئەگەر ئێران ئەوە نەكات دەكەوێتە بەرانبەر بە بژارەكانی ترەمپ، كە جیا لە سیاسی و ئابووری، ئەگەری زۆرە بژارەی سەربازیش بگرێتەوە.
رای تاكی توێژەر و نووسەری كتێبێك لەبارەی كەوتنی شا دەڵێت، ئەگەری هەیە ترەمپ هێزە سەربازی و تەناهییەكانی ئێران بكاتە ئامانج، لەوانە سوپای پاسداران، كە ئەركی سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان جێبەجێ دەكات، ئەو دەستوەردتانە سەربازییەی ئەمەریكاش ترسی ئێرانییەكان لە رژێمی تاران سووك دەكات و وا دەكات ئەوانەی دوودڵن بێنە ریزی ناڕەزاییكاران.
لای خۆیەوە سنام وەكیل توێژەر دەڵێت، بیرۆكەی دەستوەردانی سەربازییانەی ترەمپ بۆ دۆخێ ئێران، گوڕ و تین بە خۆپێشاندانەكان دەبەخشێت، بەڵام رەنگە ئەو كارە لە بەرژەوەندیی رژێمی ئێرانیش بێت بەوەی ئاستی سەركوتكاری زیاتر بكات، ئێستە 130 بۆ 150 شاری ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕن و كردنەئامانجی سەربازییانەی هێزە تەناهییەكان لەو هەموو شارە پێویستی بە زیاتر لە چەند هێرشێكی ئاسمانی هەیە، بۆیە ئەگەری هەیە ترەمپ نەیەوێ خۆی بخاتە ناو ئۆپراسیۆنی راستەوخۆی سەربازی و تەنیا هێرشێكی نمایش ئەنجام بدات.
بەهنام بن تاڵبلو توێژەر دەڵێت، ئەگەر ترەمپ بڕیار بدات هێرشەكەی ئەنجام نەدات و خاوەخاو بكات، ئەوە لە بەرژەوەندیی رژێمی تارانە بەوەی بە خەڵكەكە دەڵێت ئا ئەوەتە ئەمەریكا پابەند نەبوو بە بەڵێنەكانی بۆ ئێوە، بۆیە هەر چارەسەرێكی دیپلۆماسی بۆ دۆخی ئێران وەك هاوێشتنی پەتی رزگاربوونە بۆ رژێمەكە.