بە گوتەی شارەزایان بابەتی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر تاران حەتمییە، راستە كات و شێوەكەی دیار نییە، بەڵام لەوە گرنگتر كاریگەرییەكانیەتی لەسەر ناوخۆ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیار و زانیارییەكان لای كۆشكی سپی و سەرۆكی ئەمەریكا و تیمەكەیەتی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، بەدەر لەوانە پێشبینین، لە نوێترین پێشبینی لەبارەی هێرشەكەوە، ئەگەری زۆرە لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوو بێت.
وەك لە میدیاكانی ئەمەریكا باس دەكرێت، پنتاگۆن بژارەی خۆی لەبارەی ئامانجە گرنگەكانی ئێران، لەوانە دەزگا ئەتۆمی و مووشەكییەكانی داوەتە دۆناڵد ترەمپ، بەڵام ئەگەری زیاتری بۆ هێرشە ئەلیكترۆنییەكان و لێدانی دەزگەی ئاسایشی ئێران داناوە، وەك رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"، باسی دەكات، هەرچی ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكییە لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەوروپایی گواستەوە كە دەستوەردانی سەربازیی ئەمەریكا رەنگە لە 24 سەعاتی دهاتوودا بێت.
بەپێی
سەرچاوە دیپلۆماسییەكان، ئێوارەی دوێنێ ترەمپ دانیشتنێكی داخراوی لەگەڵ گەورە راوێژكارە تەناهی و سەربازییەكان ئەنجام داوە كە بە تەواوەتی بۆ باسكردنی دۆسیەی ئێران تەرخان كرابوو، دانیشتنەكە بە وەرگرتنی زنجیرەیەك بڕیار كۆتای هاتووە كە تا ئێستە ئاشكرا نەكراون، بەڵام چاودێران سروشتیی بڕیارەكان بە هەندێك جموجۆڵ لە ناوچەكە دەبەستنەوە وەك داواكردن لە هەندێك كارمەندانی بنكەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر بۆ جێهێشتنی بنكەكە لە ماوەی 24 سەعات.
بەپێی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ژمارەیەك بەرپرسی كەنداو ئاماژەیان كردووە كە ئیدارەی ترەمپ بە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە راگەیاندووە كە ئەگەری روودانی هێرشی سەر ئێران لە ئەگەری ئەنجام نەدانی زیاترە، "رۆیتەرز"یش ئاماژە دەكات كە بەرپرسانی بنكەی عودەیدی ئاسمانی لە قەتەر رێنوێنیان بۆ هاتووە بۆ جێهێشتنی بنكەكە تا ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەوەش وەك هەنگاوێكی خۆپارێزی.
تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی هێرشەكەی سەر ئێران نەهاتووەتە راگەیاندن و تەنانەت بە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا لەوانە بە ئیسرائیلیش نەدراوە، ئەوەی هەیە وریاكردنەوە و خۆسازدانی هەمووانە بۆ ئەگەری هێرشەكە، شارەزایان پێیان وایە، بابەتی وەڵامدانەوەی ئێران لە ژوورە داخراوەكان لە كۆشكی سپی قەتیس كراوە و بڕیارە لە ماوەیەكی كەم بەر لە هێرشەكە هەواڵ و زانیاری بە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا بدرێت.
ئیسرائیل كە نزیكترین هاوپەیمانی ئەمەریكایە و لە سەردانەكەی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ ئەمەریكا لە كۆتای مانگی رابردوو، هەوڵی داوە گورزێك لە بەرنامەی مووشەكیی ئێران بوەشێنرێت، ئەو باسی ئەوەی كردبوو كە ئێران پاڵپشتی لە تیرۆر دەكات و هەوڵی داوە گڵۆپی سەوز بۆ وەشاندنی گورزێكی تر لە تاران لە ترەمپ وەربگرێت.
چاودێران پێیان وایە كە بە كۆكردنەوەی دیمەنەكان، پێشبینیی بۆ دۆخەكە دەكرێت، هەر لە هەڕەشەكان و كۆبوونەوە داخراوەكەی ترەمپ و نادیاریی بڕیارەكانی كۆبوونەوەكە و رێوشوێنەكانی هاوكات وەك وریاكردنەوە بۆ جێهێشتنی ئێران لە لایەن هاووڵاتییانی ئەمەریكی و چۆڵكردنی بەشیی بنكەی ئاسمانی عودەید كە بارەگەی سەرەكیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكایە، هەموو ئەوانە ئاماژە بۆ روودانی هێرشەكە دەكەن، واتە گۆڕانی هەڕەشەكان بۆ قۆناغی جێبەجێكردن.
ئاماژەیەكی تری ئەگەری زۆری هێرشەكەی ئەمەریكا، وەك بەرپرسانی ئەورپا پێشبینیان كرد تا 24 سەعاتی داهاتوو بێت، هەواڵگریی سەربازیی و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل و سەركردایەتیی ناوچەی باكور ئاستی ئامادەسازییان زیاد كرد و هێرشەكەی سەر ئێرانیان بە زۆر نزیك لەقەڵەم دا پێیان وایە تەنیا پێوەستە بە كاتی ئەنجامدانی.
ئێزگەی سوپای ئیسرائیل ئاماژە دەكات كە بەرپرسانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە قەناعەت بەوەی لە دوای لێدوانەكانی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی ئێران، بابەتی هێرشكردنە سەر ئێران تەنیا كاتەكەی ماوە، سوپای ئیسرائیلیش چ بۆ هێرش و چ بۆ بەرگری ئامادەیە، بۆیە بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەن و كاتی ئەوە نەماوە پرسیار بكرێت ئاخۆ ئەمەریكا هێرشەكە ئەنجام دەدات یان نا، بەڵكو دەبێت پرسیارەكە ئەوە بێت كەی و چۆن؟، سوپای ئیسرائیلیش بۆ ئەو قۆناغە هاوكاری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا دەبێت.
سەبارەت بە ئامانجەكانی هێرشەكە، رۆژنامەی "واشنتن پۆست"، لە ژمارەیەك بەرپرسی ئەوروپایی گواستەوە كە ئیدارەی ترەمپ داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە زانیاریی هەواڵگری لەبارەی ئامانجەكانی ئێران پێ بدەن بۆ بۆردمانكردنیان لەكانی هەر هێرشێك، ئەوان پێیان وابوو ئەوجارە ئەمەریكا وێستگە ئەتۆمییەكان ناكاتە ئامانج، بەڵكو سەرنج دەخاتە سەر فەرماندە و ئەو هێزانەی دەستیان لە سەركوتكردنی خۆپێشاندەران هەیە.