بەپێی وادە دەستوورییەكان پێویستە تا كۆتای ئەم مانگە كورد كاندیدێك یان زیاتر بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكات، بۆ خستنەڕوویان لە دانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ، ئەویش كاندیدی سەرۆك وەزیران، لە پێكهاتەی شیعە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق لە ماوەی 30 رۆژ راسپێرێت.
لەوكاتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەفەرمی نزار ئامێدی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە، وەك كاندیدی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە ئەو پۆستە بەشی كوردە و مەرج نییە بۆ یەكێتی بێت، بەتایبەتی كە پارتی خاوەنی زیاترین دەنگ و كورسیی پەرلەمانییە لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆیە پارتیش دوو كاندیدی بۆ پۆستەكە هەیە، ئەوانیش د. فوئاد حوسێن و نەوزاد هادین، ئەوە جیا لە خۆكاندیدكردنی ژمارەیەك كەسی تر لە دەرەوەی ئەو دوو حزبە بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكە.
عەلی فەیلی سیاسەتوان و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە هەنگاوەكەی یەكێتی بە كاندیدكردنی تاكلایەنەی نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بێ راوێژكردن لەگەڵ پارتی، قبووڵكراو نییە و لەگەڵ پرەنسیپی هاوبەشیی سیاسی لەناو ماڵی كورد یەك ناگرێتەوە، روونی كردەوە، پێویستە ئەو چوارچێوەی بەركەوتە دەستوورییەكانی تیادا دیاری دەكرێت، بەتایبەتی پۆستی سەرۆك كۆمار، لەسەر بنەمای سازانی هێزە كوردییەكان بنیات نرابێت نەك لە رێگەی بڕیارەكانی تاكلایەنە بەسەر هاوبەشە سیاسییەكان بێتە سەپاندن.
فەیلی دووپاتی كردەوە كە هەر هەوڵێك بۆ تێكەڵكردنی بەركەوتەكان لە بەغدا لەگەڵ دۆسیەكانی هەرێم، گوشارێكی سیاسییە بۆ سەپاندنی هاوكێشەی نوێ، رەنگە ئەوەش لە بری چارەسەركردن، دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ببات، كە تا ئێستە بەهۆی ناكۆكی لەسەر میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار و بەڕێوەبردنی لێكگەیشتنی سیاسی، گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی پێشوەچوونێكی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە.
فەیلی ئاماژە دەكات، ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كاندیدی ئامادەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەیە و سوورە لەسەر ئەوەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكە لەسەر بنەمای سازانێكی راستەقینە بێت نەك لە رێگەی دەستەوارەی بەشی یان لێكگەیشتنی لاواز.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 5ی كانوونی دووەمی 2026، رای گەیاند كە نزار ئامێدی كاندیدی فەرمیی حزبەكەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە لەدایكبووی 1968ی شارۆكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆكە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری میكانیك هەیە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی و ئەندامی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە و بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە لە بەغدا و پێشتریش لە نووسینگەی ئەمینداری گشتیی یەكێتی كاری كردووە.
هاوكات لەگەڵ ئەو هەنگاوەی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و دواتر نەوزاد هادی پارێزگای پێشووی هەولێری بۆ پۆستەكە بەناوی پارتی كاندید كرد، بەوەش ئێستە ناكۆكی هەردوو حزب لەسەر كاندیدی پۆستەكە بەردەوامە، كە دەبێت تا 29ی ئەم مانگە یەكلا بكرێتەوە، واتە ئەوان یەك كاندید بەناوی كورد دیاری بكەن، ئەگەر نا بە دوو كانید یان زیاتر دەچنە ناو پەرلەمانی عێراق و لەوێ یەكلا دەبێتەوە، كە هەر كاندیدێكی سەركۆمار پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەكان هەیە.
لای خۆیەوە سوبحی مەندەلاوی توێژەری سیاسی و ئەندامێكی تری پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە یەكێتی پێی وایە دەتوانێت لە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق سیناریۆی 2021 دووبارە بكاتەوە، ئەو بیرۆكەش لەگەڵ دۆخی راستەقینەی ئێستە ناگونجێت، روونی كردەوە، تا ئێستە یەكێتی دەستی بە پۆستی سەرۆك كۆمار گرتووە، هاوكات لەگەڵ هەنگاو نەنان بەرەو هەڵوەشاندنەوە یان كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، كە ئەو دۆسیانە بەیەكەوە بەستراونەتەوە و ناتوانرێت بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
مەندەلاوی دووپاتی كردەوە، قۆناغی ئێستە پێویستی بە كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت هەیە، لەپاڵ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەیەك پاكێج.
لەناو پێداگریی یەكێتی بە قۆرخكردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە بەشی كوردە نەك ئەو حزبە، هاوكات پشتگوێخستنی تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی تری كورد و گوێ نەدان بە سازان و كۆدەنگی و رێككەوتن لەسەر كاندیدێك كە نوێنەری راستەقینەی كورد بێت، ئەوەی ئێستە روو دەدات دووبارەكردنەوەی هەمان سیناریۆی 2021 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، كاتێك پەرلەمانتارانی عێراق بڕیاریان لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو بەركەوتەی كورد دا و كاندیدانی یەكێتی و پارتی دەرنەچوون.