عێراق خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات

:: PM:07:39:20/01/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا، دەسەڵاتدارانی عێراق ترسیان لێ نیشتووە و گومانیان لە پلانەكانی ئەمەریكا بۆ سووریا و یەكخستنی و گەیشتنی گرووپە توندڕۆكان بۆ سەر سنوورەكانی، هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییانەی باسی هەڵاتنی ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش لە گرتووخانەكانی سووریا دەكەن، هەموو ئەوانە وایان كردووە عێراق هێزێكی زۆر بباتە سەر سنوورەكان و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە بكات، لەوانە شەڕ.

لە 18ی ئەم مانگە و دوای راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا بە رادەستكردنەوەی سنوورەكان بۆ هێزەكانی سەر بە دیمەشق، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس رای گەیاند، ئەوەی لە سووریا و لە نزیك سنوورەكانی عێراق دەگوزەرێت، نابێت بە ساویلكەیی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، پێویستە بابەتەكە بە رژدی وەربگیرێت، كاتێك مەترسییەكان نزیكن و تیرۆر لە لایەن هێزی باڵادەستی دنیاییەوە پاڵپشتی دەكرێت، دووپاتی كردەوە، پێویستە بەپەلە كار بۆ پاراستنی سنوور و دەروازەكان بكرێت و راستەوخۆ هێزی پاڵپشتی، رەوانە بكرێت، داواشی لە هێزە سیاسییەكانی هەرێم كرد راستەوخۆ نەچنە ناو بابەتەكەوە، كە پاساو بە تیرۆر دەدات بۆ پێشێلكردنی خاكی عێراق و دەستدرێژكردنە سەر خاك و پیرۆزییەكانمان.

سەدر كە خاوەن یەكێكە لە گەورەترین میلیشیا چەكدارە شیعە، ئاماژەی كرد كە پێویستە فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان لە نزیكەوە چاودێریی راستەوخۆی سنوور و دەروازەكان بكەن و كەمتەرخەمی نەكەن، هەروەها لێوردبوونەوە و لێكۆڵینەوە لە بوونی سوورییەكان لەسەر خاكی عێراق بكرێت، شاندێكی باڵای رەوانەی سنوورەكان لەگەڵ سووریا كرد و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكان كرد بۆ تۆكمەكردنی هێز و چاودێری سنوورەكان.

لەوكاتەی عێراق خۆی بۆ هەموو سیناریۆكان ئامادە دەكات، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمەوە چەندان كاروانی هێزە تایبەتەكانی عێراق بە فەرمانی لایەنی باڵا لە بەغدا لە ناوچەكانی نزیك لە پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا بڵاو بوونەتەوە، ئەو رێوشوێنانەش لە چوارچێوەی پلانێكی خۆپارێزی بۆ تۆكمەكردنی ئاسایشی سنوورەكان دێت، بەتایبەتی لە سایەی رووداوە خێرا و گەورەكانی سووریا.

بەپێی سەرچاوەكە بڵاوبوونەوەی ئەو هێزە تایبەتانە كە توانایەكی گەورەی شەڕیان هەیە و خاوەن ئەزموون و شارەزاییەكی زۆری شەڕوانین، بەتایبەتی لە ناوچە سەختەكان، بە فەرمانی راستەوخۆی بەغدا چوونەتە ئەوێ و لەوێوە سەرپەرشتی دەكرێن، كاتێك عێراق سنوورێكی دوورودرێژی هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە و لە رووی تەناهییەوە زۆر هەستیارە و سروشتێكی سەختی جوگرافی هەیە و رێڕەوی قاچاغ و جموجۆڵی كۆنترۆڵنەكراوی كەسەكانە. 

سەرچاوەیەكی تر ئاماژەی كرد كە جیا لە كشانەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە پاراستنی كەمپی هۆل، كە زیاتر لە 15 هەزار كەسی لە خێزانی چەكدارانی داعشی تیادایە و ئەگەری هەڵاتنیان هەیە، هەسەدە دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ عێراق چۆڵ كردووە، كاتێك ئێوارەی ئەمڕۆ دەروازەی سنووری یەعروبییەی سووری، واتە رەبیعەی عێراقی چۆڵ كردووە و پاشەكشەی لێ كردووە، ئەگەر هەیە لە ماوەیەكی كەم گرووپە توندڕۆكان و هێزەكانی سووریا لەوێ بڵاو ببنەوە و كۆنترۆڵی بكەن، ئەو دەروازە یەكێكە لە گرنگترین دەروازە ستراتیجییەكان لە پشتێنەی سنووری نێوان عێراق و سووریا و پارێزگای نەینەوا بە پارێزگای حەسەكەی سووریا دەبەستێتەوە و لە رووەكانی تەناهی و ئابوورییەوە گرنگی گەورەی هەیە و رێرشەوێكی هەستیاری جموجۆڵی هێزە سەربازییەكانە.

لە لایەكی تر بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان لە شارەدێی رەبیعەی عێراقی، ئێوارەی ئەمڕۆ گوێبیستی دەنگی تەقینەوە و شەڕە تەقە لە نزیك دەروازەی یەعروبییەی سووریا بوونە، هیچ زیانێكی لە دیوی عێراق نەبووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ گەیشتنی هێزەكانی سووریا و گرووپە چەكدارەكانی بۆ ئەو دەروازەیە و سنوورەكانی عێراق، لەوكاتەی ئاڵۆزییەكان كۆتاییان نەهاتووە و بەردەوامن.  

لەوبارەوە محەمەد بەیاتی سەركردە لە رێكخراوی بەدر دەڵێت، ئەو هەواڵانەی باسی ئازادكردنی ژمارەیەك لە تۆمەتباران بە توندڕۆیی دەكەن، لەوانە سەركردەی گرنگی داعش و لە رەگەزنامەی جۆراوجۆر، پێویست بەوە دەكات دەسەڵاتدارانی عێراق بەپەلە رێوشوێن وەربگرن، لەوانە تۆكمەكردنی پاراستنی پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا و راگەیاندنی باری نائاسایی لە سنوورەكان و كاراكردنی هەوڵی هەواڵگری لە ناوچە سنوورییەكان و چاوخشاندنەوە بە زانیاریی گەڕاوەكان و گومانلێكراوەكان و رێگرتن لە هاتنی شانە نوستووەكان بۆ ناو عێراق.

شایەنی باسە بەهۆی ئەزموونی پێشووی عێراق لەبارەی هاتن و هێرشەكانی داعش و لەناو نەچوونی تا ئێستە بە تەواوەتی، بەتایبەتی كە رووداوەكانی سووریا هاوكاتن لەگەڵ راگەیاندنی كشانەوەی تەواوەتیی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، پێشتریش داعش لە سووریا بەرەو عێراق هات، ئەوانە وا دەكەن بەرپرسانی عێراق ترسێكی زۆریان هەبێت و داعش بە مەترسییەكی نزیك و گەورە دابنێن كە لەپشت سنوورەكان خۆی مەلاس داوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل