شەوی رابردوو فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە بەهۆی خراپیی دۆخی گرتووخانەكانی سووریا بڕیاریان داوە حەوت هەزار گیراوی داعشی عێراقی و بیانی رەوانەی گرتووخانەكانی عێراق بكەن، عێراق و سووریا بەو هەنگاوە رازی بوون، بەڵام تا ئێستە مەبەستی سەرەكیی ئەمەریكا لە هێنانی ئەو گیراوە مەترسیدارانە بۆ عێراق دیار نییە، شارەزایەك بە میلیشیاكان و ئێرانی دەبەستێتەوە.
مازن بیلال توێژەری سیاسی پێی وایە كاتی گواستنەوەی داعشە گیراوەكان بۆ عێراق لەسەر بنەمایەكە هەمووان دەیزانن، گرتووخانەكانی داعش لە سووریا بە بەردەوام مەترسی تەقینەوە و شكانی لەسەر بووە، بەڵام كێشەكە لێرە ئەوەیە واشنتن خۆشی لێكدانەوەیەكی وای نەداوە رای گشتی لە ناوچەكە دڵنیا بكاتەوە، بەشە مەترسیدارەكە لەو چیڕۆكە پێوەست نییە بە گواستنەوەكە، بەڵكو بە دوای ئەو گواستنەوەیە.
روونی كردەوە، عێراق كە ئەو ژمارە زۆرە داعشە گیراوە وەردەگرێت، تا ئێستە هیچی رانەگەیاندووە، لەبارەی شوێنی گرتنیان و چۆنیەتی مامەڵەكردنی دادگایی لەگەڵیاندا، سنتكۆم باسی هاوئاهەنگییەكی بەهێز لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكات، بەڵام ئەوەندە بەس نییە، ئاخۆ گرتووخانەكانی ئەوان لەژێر كۆنترۆڵی كێ دەبن؟
ئەو توێژەرە ئاماژە دەكات، لێرەوە ناوچەی خۆڵەمێشی دەست پێ دەكات، كاتێك هیچ بەڵگەنامەیەكی بڵاوكراوە نییە بەوەی ئەمەریكا داعش راستەوخۆ وەك چەكێك لە دژی نەیارەكانی بەكار دێنێت، بەڵام لۆجیكی تەناهیی سیاسی ئاماژە دەكات، گواستنەوەی هەزاران گیراوی داعش بۆ گۆڕەپانێكی وەك عێراق، راستەوخۆ سێ سوودی گریمانكراوی ستراتیجی بۆ ئەمەریكا دەبێت، ئەگەر مەبەستی راگەیەندراوی ئەویش نەبێت، یەكەم/ دەەبارە بوونی واشنتن بە پاسەوانی پێویست، چونكە هەركاتێك هەڕەشەی داعش زیاد بكات، پێویستی سیاسی و تەناهی بۆ بوونێكی چالاكی ئەمەریكا زیاد دەبێت.
واتە بۆ چاودێری و هێرش و بۆردمان و زانیاریی هەواڵگری و بەڕێوەبردنی دۆسیە هەستیارەكان، ئەوەش بە مانای ئەوەی ئەو گرتووخانانەی داعش لە عێراق دەبنە ئامرازێكی گوشارێكی بەردەوام و هەر كشانەوەیەكی ئەمەریكا یان لاوازبوونی رۆڵی لە عێراق، دەبێتە هەڵەیەكی كارەساتبار و دەرگە لەبەردەم گەڕانەوەی داعش واڵا دەكات.
دووەم/ كردنی مەترسیی داعش بۆ ئامرازێك بۆ كردنی نینۆكی میلیشیاكان، ئەوەش لە رێگەی بوونی هەزاران گیراوی رێكخراوەكە لە ناو عێراق، كە ژینگەیەك بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی فەراهەم دەكات ئەو پرسیارە بكەن، كێ كۆنترۆڵی خاكی عێراق دەكات، هاوكات كێ گەرەنتیی هەڵاتن و دزەنەكردنی شانەكانیان دەكات؟، لە ساتێكی ئاواش هەر هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەبێتە ئامانجی رەخنەی ناوخۆیی، بەو پێیەی شكۆی دەوڵەت لاواز دەكات و نەهێشتنی تیرۆر دەبێتە پاساوێك بۆ بەهێزكردنی نموونەی دەوڵەتی تەناهی و زیادكردنی گوشار لەسەر میلیشیاكانی ئێران.
سێیەم/ كردنەوەی رێڕەوێك بەرەو ئێران، ئەو سیناریۆیە زۆر هەستیارە، واتە بەیەكەوەبەستنەوەی گواستنەوەی ئەو گیراوانەی داعش بۆ عێراق و شەڕی گریمانكراو لەگەڵ تاران، بۆیە گواستنەوەی هەزاران گیراوی داعش بۆ نزیك ناوچەكانی رۆژئاوای ئێران، كە رەنگە لە كاتی هەر شەڕێك ببنە هۆكارێكی مەترسی و هەڕەشە، كە لەو سیناریۆیەش ئەمەریكا پێویستی بەوە نییە ئازاد بكرێن بۆ ئەوەی ببنە مەترسی، تەنیا ئەوەندە بەسە بەشێكیان هەڵبێن یان دزە بكەن یان چاودێریی گرتووخانەكان نەمێنن.
بەپێی بەیاننامەیەكی دوێنێ چوارشەمی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا، دەست كراوە بە جێبەجێكردنی ئەركی گواستنەوەی گیراوانی رێكخراوی داعش لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەوەش بۆ مسۆگەركردنی مانەوەی تیرۆریستان لە گرتووخانەی ئارامتر.
روونی كردەوە، ئەو ئەركە هاوكات لەگەڵ سەركەوتنی هێزەكانی ئەمەریكا لە گواستنەوەی 150 گیراوی داعش كە لە گرتووخانەی حەسەكە لە سووریا بوون بۆ شوێنێكی ئارام لە عێراق، پێشبینیش دەكرێت ژمارەی گیراوانی داعش كە لە سووریا بەرەو گرتووخانەكانی عێراق دەگوازرێنەوە بگاتە حەوت هەزار گیراو.
ئەدمیراڵ براد كوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە بەیاننامەكە دەڵێت، هاوئاهەنگییەكی باش لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە دەكەین، لەوانە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی، ستایشی رۆڵی ئەوان دەكەین بۆ گەرنتیدانی سەركەوتنی كۆتایی بەسەر داعش، ئاسانكردنی گواستنەوەیەكی رێكخراو و بێ كێشەی گیراوانی داعش زۆر گرنگە بۆ رێگرتن لە هەڵاتنیان، كە رەنگە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بێت بۆ ئەمەریكا و ئاسایشی ناوچەكە.
لای خۆیەوە میقداد خەفاجی ئەندامی فراكسیۆنی حقووقی نزیك لە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی گوتی، هەموو شتێك لە ئەمەریكا پێشبینی دەكرێت، ئەو پشتی لە هەسەدە كرد و بە پاڵپشتیی ئەمەریكا و توركیا بەرەی نوسرە كۆنترۆڵی ناوچەكانی هەسەدەی كرد، سەرەڕای ئەو خوێنە زۆرەی شەڕوانانی هەسەدە بۆ پارستنی ناوچەكانیان پێشكەشیان كرد.
ئاماژەی كرد، ئەو رووداوانە ئاماژە بۆ بوونی مەترسی لەسەر عێراق دەكەن، بۆیە پێویستە حكوومەت و گەلی عێراق و هێزە تەناهییەكان و حەشدی شەعبی و گرووپەكانی مقاوەمە و پێشمەرگە بۆ رۆژانی داهاتوو ئامادە بن، چونكە رەنگە پرۆسەی دزەكردنی چەك و تیرۆریستان ببینین، بڕیاری فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا بە گواستنەوەی حەوت هەزار گیراوی داعش بۆ عێراق، پێچەوانەی لێدوانی هەندێكە لەبارەی سەروەری تەواو بەسەر خاكی عێراق، تا ئێستەش ئەمەریكییەكان بوونیان لە عێراق هەیە و بە نهێنی و ئاشكرا كار دەكەن.
خەفاجی وریایی دا بەوەی گواستنەوەی ئەو گیراوە داعشانە بۆ عێراق ئاماژە بۆ بوونی مەترسی دەكات و پێویستە حكوومەتی عێراق رێگری لەو پێشێلكارییە ئاشكرایە بۆ سەروەریی عێراق بكات كە هەڕەشە بۆ سەر وڵات دروست دەكات.