بەهۆی بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوەیی لای دانیشتووانی باشووری كوردستان و بەردەوامی خۆپێشاندانەكان، ئاڵای كوردستان لە بازاڕ خواستێكی زۆری لەسەرە و چاپخانەكان فریا ناكەون چاپی بكەن.
ماوەی چەند رۆژێكە خۆپێشاندانی فراوان لە باشووری كوردستان بەردەوامە و هەستی نەتەوەی قوڵپ دەدات، ئەمەش وایكردووە خواستێكی زۆر لەسەر ئاڵای كوردستان هەبێت.
لەمبارەیەوە سەدرەدین جەودەت كە خاوەنی چاپەمەنیی بارزە لە هەولێر، بە"وشە"ی گوت، هەفتەیەكی تەواوی چاپخانەكان و ئەو دوكان و كۆمپانیایانەی لە بەرانبەر پەروەردەی هەولێر چاپی ئاڵا و لۆگۆ دەكەن، بازاڕێكی سەیریان هەیە كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
ئەوەشی گوت، لەگەڵ پەلاماری چەتەكانی سەربە حكوومەتی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، تەنیا فریای ئەوە دەكەوین ئاڵا و لۆگۆی كوردستان چاپ بكەین.
لە سلێمانیش دۆخەكە لە هەولێر گەرمترە و بەهۆی خۆپێشاندانە قەرەباڵخە بەردەوامەكانی خەڵكی شارەكەوە، رۆژانە خواستێكی زۆر لەسەر ئاڵای كوردستان و ئەو لۆگۆ و وێنانە هەیە كە ئاڵای كوردستانیان پێوەیە.
هیوا رەئووف فرۆشیارێكە لە بەردەركی سەرای سلێمانی لەمبارەیەوە گوتی، لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان، خواستێكی یەكجار زۆر لەسەر لۆگۆ، نەخشە و ئاڵای كوردستان هەیە و بە گەورە و بچووكەوە، خەڵك دێن و ئاڵا دەبەن و زۆربەی كات زیاتر لە ئاڵایەك دەبەن و بە ئۆتۆمبێلەكانیانەوە هەڵیدەواسن.
هیوا باسی لەوەش كرد خواست بەجۆرێك لەسەر ئاڵای كوردستان زۆر بووە، بەتایبەت لەلای گەنجان، خەریكە قەیران دروست دەبێت و ئاڵا لە بازاڕدا نامێنێت و چاپخانەكان فریا ناكەون.
لەم چەند رۆژەدا بەشێكی زۆر لە شۆفێرەكانیش ئاڵایان بە ئۆتۆمبێلەكانیانەوە كردووە، بەردەوامیش سروودە نیشتمانییەكان لەناو ئۆتۆمبێلەكان گوێبیست دەبێت.