دوای بینە و بەردەیەكی زۆر لە ماوەی دوایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زۆرینە نووری مالیكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری كرد، ئێران پاڵپشتی لێ كرد و ئەمەریكا لێی بێ دەنگ بوو، دەركەوت دووشەمی رابردوو پەیامێكی بۆ شیعە ناردووە و ئەوانی بە روون و راشكاوی وریا كردووەتەوە و لە نێوان هەنگاونان بەو رەوتە و دابڕان و سزا سەرپشك كردووە، تویتەكەی دوێنێی شەوی ترەمپیش بابەتەكەی روونتر یەكلا كردەوە.
دوای دیاریكردنی وەك كاندیدی فەرمیی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بڕیار بوو دوێنێ سێشەم پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت و ئەویش مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رابسپێرێت، بەڵام دانیشتنەكە ساز نەكرا، دووشەمی رابردوو ئەمەریكا لە رێگەی چەند بەرپرسێكییەوە پەیامی بە عێراق گەیاند كە پێكهێنانی حكوومەتێك بە پاڵپشتیی ئێران، عێراق دەخاتە بەر سزاكانی ئەمەریكا.
دووشەمی رابردوو بەر لە دانیشتنە گریمانكراوەكەی پەرلەمانی عێراق، تۆم باراك نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سووریا لە پۆستێك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ئاماژەی كرد، هێشتا هەڵوێستی ئەمەریكا سەبارەت بە عێراق روون نییە، بەڵام هەر حكوومەتێك بە پاڵپشتیی ئێران بێتە دامەزراندن سەركەوتوو نابێت، نە لە جێبەجێكردنی خواستی عێراقی و سوورییەكان بەرەو دوارۆژێكی باشتر، نە لە بنیاتنانی هاوبەشییەكی كارا لەگەڵ ئەمەریكا.
بەر لەویش ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پێكهێنانی حكوومەتێكی عێراقی كۆنترۆڵكراو لە لایەن ئێران، ناتوانێت بە سەركەوتوویی بەرژەوەندییە تایبەتەكانی عێراق بخاتە پێشەوە، هەروەها ناتوانێت عێراق لە دەرەوەی ململانێكانی ناوچەكە بێڵتەوە، ناشتوانێت هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا بەهێز بكات.
پەككەوتنی راسپاردنی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وای كرد كە سەركردەیەكی شیعە ئاماژە بكات كە رەنگە كارتی كاندیدبوونی مالیكی لەمڕۆوە كار نەكات، ئەگەرچی ئەو خۆی دەینی و دەبات و تا دوا سات بەرگری لە چانسەكەی دەكات، ئێوارەی دووشەمی رابردوو ئەمەریكا پەیامێكی گەیاندە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە ناڕەزایەتی واشنتنی بەرانبەر میكانیزمی كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران و پۆستە باڵاكان لە عێراق راگەیاند، ئەوەش تەنیا دوای دوو رۆژ لە كاندیدكردنی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە سەركردەیەكی باڵا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەرەبەیانی دووشەمی رابردوو پێوەندییەكی كتوپڕی تەلەفۆنی لە ئەمەریكاوە پێ گەیشت و ناڕەزایەتیی واشنتنی بەرانبەر بە بەردەوامبوونی باڵادەستی ئێران بەسەر میكانیزمی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق گواستەوە، سەركردەیەكی باڵای هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیكیش ددانی بەوەدا نا كە پەیامەكەی ئەمەریكا كاندیدبوونی مالیكی شێواند و وای كرد رێگەی بەرەو سێیەم خولی سەرۆك وەزیران زۆر زەحمەت بێت.
بەرەبەیانی دووشەمی رابردوو سەركردەیەكی شیعە پێوەندییەكی تەلەفۆنی ئەمەریكی پێ گەیشت و پێی راگەیەندرا كە واشنتن وای دەبینێت بانگەشەی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێك ئێران پاڵپشتی لێ دەكات، بژارەیەكە رەچاوی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی ناكات، گومان لەبارەی بەردەوامبوونی باڵادەستیی ئێران لە عێراق زیاتر دەكات، ئەوەش عێراق دەخاتە ناو مەترسی و سزاكانەوە، پەیامەكە زیاتر گوتی، وای دادەنێین حكوومەتەكە لەژێر كۆنترۆڵێ خراپەكارییە و مافی خۆمانە مامەڵەی لەگەڵ نەكەین.
پەیامەكەی واشنتن بۆ سەركردەكانی شیعە روون بوو بەوەی ئەمەریكا لەگەڵ دوورخستنەوەی عێراقە لە ململانێكان و ئەمەریكا گرنگی بە بەرژەوەندییەكان دەدات نەك كەسەكان، بەڵام بەو شێوەی لەگەڵ هاوبەشی هەردوولا بگونجێت، كە وای دەخوازێت حكوومەتێكی عێراقی هەبێت میلیشیاكان هەڵوەشێنێتەوە و چەك بخاتە ژێر دەستی دەوڵەت و میلیشیا پۆلێنكراوەكان بە تیرۆریست بەشداری پێ نەكات.
بەپێی زانیارییەكان بەر لە كۆبوونەوەی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ كاندیدكردنی مالیكی، دوو سەركردەی چوارچێوە چوونەتە ئێران، سەركردەیەكی تریش لە ئێران پێوەندی بەوانەوە كردووە، ئەوان چاویان بە بەرپرسانی ئێران كەوتووە و پرسیاری ئەوەیان كردووە ئاخۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بۆچوونی بەرانبەر بە مالیكی چییە، وەڵامەكە ئەوە بوو كە پاڵپشتی لە رێككەوتنی ئێوە دەكات و بڕۆن خێراكەن و كات زۆر نییە، بۆیە بۆچوونێك هەیە بەوەی هەڵوێستی ئەمەریكا بە رەتكردنەوەی مالیكی، جموجۆڵەكانی ئێران بوو بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی عێراق نزیك لە خۆی.
دیپلۆماتكارێكی رۆژئاوایی دەڵێت، راگەیاندنی پاڵپشتیكردنی خامنەیی لە كاندیدكردنی مالیكی، ئەمەریكای نیگەران كرد، بۆیە گوشارەكانیان لەسەر بەغدا زیاد كرد بۆ وەستاندنی جموجۆڵەكانی راسپاردن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەو شێوەی شیعە داینابوو، چونكە كاندیدكردنی مالیكی پێچەوانەی خواستی ترەمپ بوو، بەوەی دەیەوێ ئێران رێككەوتنێك بە مەرجی ئەمەریكا لەگەڵ واشنتن واژوو بكات، ئەگینا واشنتن كێشەی لەگەڵ ناوی كاندیدان نییە، بەڵام بەو شێوەی رووی دا پێی وایە حكوومەتەكە سەر بە ئێران دەبێت لە دۆخێكی هەستیاری ناوچەكە، یەپامێكیشە بۆ ئێران بەوەی لەو كاتەی گفتوگۆ دەكەین دەسەڵاتت فرەوان مەكە.