دوور لە هەڕەشەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا بۆ ئێران، كە زیاتر دەچێتە خانەی ترساندن و شەڕی دەروونی، ئێستە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا خۆی لەناو چەندان حیسابات دەبینێتەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشەكە و ئەنجام نەدانی، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی پێی وایە سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڵوێستێكدایە ناتوانێت پاشەكشە بكات لە لێدانی ئێران.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئەگەر ئێران نەیەتە سەر مێزی گفتوگۆ خراپتر لە ڤەنزوێلای بەسەر دەهێنرێت، دووپاتی كردەوە كە هێزە دەریاییەكەی ئەمەریكا بە سەركردایەتیی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكن"، هەروەك ڤەنزوێلا، توانای هەیە بە خێرایی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.
ترەمپ دووپاتی كردەوە، كە هیوادارە ئێران بە خێرایی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێككەوتنێكی دادپەروەرانە ئەنجام بدات، واتە بەبێ چەكی ئەتۆمی، رێككەوتنێك كە بۆ هەموو لایەنەكان باش بێت كە بەڕاستی كات زۆر گرنگە، وەك چۆن پێشتر بە ئێرانم گوت، رێككەوتن بكەن، ئەوان نەیانكرد و ئۆپەراسیۆنی چەكوشی نیوەشەو رووی دا، كە وێرانكارییەكی گەورەی بۆسەر ئێران بەدوادا هات، هێرشی داهاتوو زۆر خراپتر دەبێت.
دوور لە هەڕشەكانی ترەمپ، سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەمەریكا مەرجی ئەستەم و قورسی بۆ ئێران دیاری كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێرشەكەی، لەوانە پێوەست بە هەردوو بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی و سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكە، ئەوەش وای كردووە پێشوەچوون لە هەوڵە دیپلۆماسییەكان نەبێت، ئاماژەی كرد ئەو جموجۆڵە دیپلۆماسییانەی ئێستەی ئەمەریكا تاكلایەنەیە، چونكە مەرجی وای دیاری كردووە كە ئێران پێی رازی نابێت، كە هەر ئەو قبووڵنەكردنە وەك پاساو بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار دێنێت.
سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن، تاران رەتكردنەوەی تەواوەتیی مەرجەكانی بە ئەمەریكا راگەیاندووە، هاوكات چەند دەستپێشخەرییەكی نوێی دوور لە مەرج و هەڕەشەكانی ئەمەریكای خستووەتە روو، كەچی لایەنی ئەمەریكی سوورە لەسەر وەڵامدانەوەی بەپەلەی ئێران بۆ مەرجەكانی و سازشكردن بۆی، كە تا ئێستە ئێران ئەوە رەت دەكاتەوە.
جیا لەوانە، چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاماژەیان كرد كە ئێران هەڕەشەی ئەوەشی لێ كراوە كە دەبێت كۆنترۆڵی هەر وەڵامدانەوەیەكی بۆ هێرشەكانی سەری بكات، كەچی ئێران ئەوەی رەت كردووەتەوە بەوەی ئەگەر هێرشی بكرێتە سەر، ئەو جارە وەڵامدانەوەیەكی سنوورداری نابێت و رەنگە شەڕێكی سەرانسەری لە ناوچەكە دروست ببێت.
بەپێی
راپۆرتێكی ئیسرائیلی، ترەمپ رەوتێكی توند و یەكلاكەرەوەی بەرانبەر بە ئێران گرتووەتە بەر و ئەگەر پێویست بكات دوودڵ مابێت لە هێرشكردنە سەری و وەشاندنی گورزێكی تری سەربازی لە تاران، رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات، پێوەست بە هێرشەكەی بۆ سەر ئێران، ترەمپ رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە، بەتایبەتی كە نایەوێ دۆخی ناوچەكە بەرەو شەڕێكی فرەوان لە ناوچەكە بچێت، وەك ئێران هەڕەشە دەكات.
رۆژنامەكە پێی وایە كە هاوكات ترەمپ ناتوانێت لە ئەنجامدانی هێرشەكە پاشگەز ببێتەوە، بەتایبەتی لە سایەی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری خۆپێشاندەرانی ئێران و بەڵێندانی لەبەردەم رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوەی ئەمەریكا بە یارمەتیدانی ئەوان، بۆیە ترەمپ لە نێوان دوو كێشەدایە، لە لایەك خۆی لە شەڕێكی فرەوان لە ناوچەكە بەدوور دەگرێت، لە حاڵەتی هاتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ ناو شەڕەكەوە و راكێشانی ناوچەكە بۆ ناو شەڕێكی سەرانسەری، لە لایەكی تر نایەوێ دەستبەرداری هێرشەكە ببێت، بەهۆی فرەوانبوونی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە تا ئاستێك لە داهاتوو فرەوانتر دەبێت، جیا لە پارێزگاریكردن لە قسەكانی و شكۆی سەربازیی ئەمەریكا لە دنیا.
بۆیە لەنێوان هەردوو بژارەدا رۆژنامەكە پێی وایە ترەمپ هێرشێكی سنوورداری سەربازی بكاتە سەر تاران، بۆ ملكەچكردن و ناچاركردنی بۆ دانشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و گۆڕینی ستراتیجیەتی و گونجاندنی لەگەڵ دیدی ئەمەریكا و قوتكردنی نینۆكی هێز و میلیشیا نایاسایی و شەڕانگێزەكانی ناوچەكە و گونجانیان لەگەڵ ئەو دۆخەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیانەوێت.
لە بەرانبەردا ئێران ئەو ستراتیجیەتەی ئەمەریكا بە باشی دەزانێت و هاوكات لەسەر چەند ئاستێك لەسەری كار دەكات، بۆیە ئەوان جیا لە زنجیرەیەك گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا لە دوو تەوەری تر جموجۆڵ دەكەن، ئاراستەوكردنی هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، لەگەڵ نمایشكردنی توانا و جبەخانە سەربازی و مووشەكییەكانیان، بەوەی هەر هێرشێك دەرگەی جەهەنەم دەكاتەوە، تەوەری دووەم كاراكردنی میلیشیاكان لە ناوچەكە وەك هێزێكی یەدەگی تاران، دووپاتی كردەوە كە پێشبینی هەیە دوای كۆتاهاتنی مانۆرە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چەند رۆژی داهاتوو ترەمپ بڕیاری خۆی بدات و هێرش بكرێتە سەر ئێران.