ئێران دەتوانێت گەرووی هورمز دا بخات؟

:: PM:07:14:29/01/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ ململانێكانی ئەمەریكا و ئێران لە ساڵانی دوایی، ئێران بە بەردەوام ئاماژەی بۆ داخستنی گەرووی هورمز كردووە وەك چەك و ئامرازێكی گوشار بۆ پەرپەرچدانەوەی گوشار و هێرشەكانی ئەمەریكا، سێشەمی رابردوو باسی داخستنی بەشێكی گەرووەكەی بەهۆی مانۆری سەربازی لە ناوچەكە كرد، بەڵام دەتوانێت ئەو گەرووە گرنگە دابخات؟ 

ئێستە شەڕ لە ئێران نزیك دەبێتەوە و خەریكە ئەمەریكا كەشتییە جەنگییەكانی لە ناوچەكە كۆ دەكاتەوە، ئێرانیش هەوڵ دەدات تەواوی توانا سەربازییەكانی پێشان بدات و گوشار بخاتە سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی و وڵاتانی دنیا بەوەی دەتوانێت كێشە بۆ سەرچاوەی سەرەكیی وزە و نەوت لە دنیا دروست بكات، كاتێك پێنجیەكی نەوتی دنیا بەو گەروەدا تێپەڕ دەبێت، كە دەكاتە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە عێراق و سعوودیە و ئیمارات و كوێت و غازی قەتەر.

لەوكاتەی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریكی كە بنكەكەی لە بەحرێنە ئەركی پاراستنی هاتوچۆی دەریاوانی لە ناوچەكە دەگرێتە دەست، ئێران لە بەرانبەر سزا و هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا هەڕەشەی داخستنی دەكات، شارەزایان پێیان وایە هەر شەڕێكی ئەمەریكا و ئێران رەنگە وا لە تاران بكات پەنا بۆ داخستنی گەرووەكە ببات، ئەوەش تەنگژەیەكی قووڵی نەوت و غاز لە دنیا دروست دەكات و نرخی نەوت لە نێوان 10 بۆ 20 دۆلار بەرز دەبێتەوە.

شارەزایان لەبارەی توانای ئێران و ئەگەری داخستنی گەرووەكە لە كاتی هەر هێرشێكی ئەمەریكی، سێ سیناریۆ هەن، یەكەم/ پەكخستنێكی سنوورداری هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەكە، بەهۆی مانۆری سەربازی و هەراسانكردنی كەشتییەكان لە لایەن ئێران، ئەوەش بەهای بیمە و گواستنەوە زیاد دەكات، بەڵام هاتوچۆكە ناوەستێنێت، كە ئەوەیان پێشبینیكراوترە.

دووەم/ پەكخستنی كاتی، دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكان و خاوكردنەوەی هاتوچۆی كەشتییەكان بۆ ماوەیەكی كورت، دەبێتە هۆی دواكەوتنی رادەستكردنی نەوتی پێویست و دروستبوونی گوشار لەسەر پاڵاوگەكان و زیادكردنی هەڵبەز و دابەزینی بازاڕ، سێیەم/ داخستنی تەواوەتیی گەرووەكە، واتە قەدەغەی تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە زەبری هێزی سەربازی، شارەزایان پێشبینی كەمی ئەو سیناریۆیە دەكەن، بەهۆی بوونی هێزێكی زۆری سەربازیی ئەمەریكی و باجە قورسە سیاسی و ئابوورییەكەی لەسەر تاران.   

هاوینی رابردوو لە دوای هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، پەرلەمانی ئەو وڵاتە رەزامەندیی لەسەر داخستنی گەرووی هورمز دا، جێبەجێكردنی بڕیارەكەش بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێوەست كرا، ئەوكات بەرپرسانی ئێران رایان گەیاند كە سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەیە بۆ داخستنی گەرووەكە ئەگەر دۆخەكە پێویست بكات، بەڵام دانەخرا.

هەر ئەوكات جی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە پەكخستنی جموجۆڵی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بە هاوشێوەی خۆكوشتنە بۆ ئێران، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش دووپاتی كردەوە كە چەند بژارەیەكیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە بە دەستە، داوای لە چین كرد كە قسە لەگەڵ ئێران بكات، كە چین یەكێكە لە زەرەرمەندترین وڵات لە داخستنی گەرووی هورمز، چونكە رۆژانە 11 ملیۆن بەرمیل نەوت دەكڕێت و نزیكەی نیوەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبێت.

شارەزایانی بواری وزە وریایی لەوە دەدەن كە رەنگە بەهۆی دروستبوونی شەڕ لە ناوچەكە و هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمز دا بخات، سۆل كافۆنیك بەڕێوەبەری توێژینەوەی بواری وزە لە كۆمپانیای "ئێم ئێس تی ماركی"، دەڵێت، هەر پەكخستنێكی گەرووەكە، تەنگژەی نەوت و غاز لە دنیا دروست دەكات، بەتایبەتی ئەگەر رژێمی ئێران بێئومێدانە و نا حەكیمانە بڕیارەكەی دا بەهۆی ئەوەی خەریكە دەسەڵاتەكە دەكەوێتە مەترسییەوە.

لای خۆیەوە مۆیۆ شۆ شرۆڤەكاری بواری نەوت لە كۆمپانیای "كبلەر" گوتی، داخستنی گەرووەكە زۆر كاریگەرە، ئێران زۆر هەڕەشەی داخستنی دەكات، بەڵام نایەوێت ئەو كارە بكات، بەهۆی ئاڵۆزیی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە، جیا لەوەش توانای داخستنی تەواوەتیی گەرووەكەی نییە، لە سایەی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش دای خست، وەك هەراسانكردنی كەشتییەكان و رێگریكردن لە پەڕینەوەیان بۆ ماوەیەكی كورت، كاریگەرییەكانی ئەو كارەی زۆر گەورە نابێت، چونكە ئێستە نەوتێكی زۆری زیادە لە بازاڕ هەیە بە بڕی 2.5 بۆ سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هەر هەوڵێك بۆ داخستنیشی لە لایەن ئێرانەوە بە هەوڵی كردنەوەی لە لایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی وەڵام دەدرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل