بڕیار بوو سێشەمی رابردوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ساز بكات، كە بەشی كوردە، تا ئێستە ململانێی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكە هەیە، بەر لەو دانیشتنە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دوای چەند كۆبوونەوەیەك نووری مالیكی وەك كاندیدی شیعە بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت دیاری كرد، بەڵام دانیشتنەكە نەكرا و سەرۆكی ئەمەریكاش لە رێگەی پۆستێكەوە كاندیدكردنی مالیكی رەت كردەوە.
بەپێی چەند
سەرچاوەیەكی سیاسی، عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی پەیامێكی ئەمەریكای بۆ سەركردەكانی شیعە گواستووەتەوە، باسی خواستی واشنتن بۆ كاندیدكردنی یەكێك لە مستەفا كازمی و حەیدەر عەبادی و عەدنان زورفی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكات، بەوەش جیا لە نووری مالیكی، محەمەد شیاع سوودانیش لە پۆستەكە دوور دەخاتەوە.
بەپێی سەرچاوەكان، عەمار حەكیم، كە وەك گوێزەرەوەی پەیامەكانی ئێران و ئەمەریكا لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەناسرێت، پەیامێكی لە واشنتنی بۆ شیعە گواستووەتەوە، بەوەی خوازیارن لە نێوان هەریەك لە كازمی و عەبادی و زورفی شوێنگرەوەیەك بۆ نووری مالیكی دیاری بكەن وەك كاندیدی چوارچێوە بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت، چونكە ئەو سێ كەسە لەسەر ئێران و بەرەكەی لە عێراق و ناوچەكە حسێب نین، هاوكات كەناڵی پێوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ تاراندا نییە.
بەپێی سەرچاوەكان ئەو پەیامەی ئەمەریكا واتە دەركردنی سوودانییە لە بازنەی كاندیدبوون، لە دوای دەستبەرداربوونی بۆ مالیكی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، هاوكات مالیكی پێی وایە رەتكردنەوەی مانای دەستبەرداربوونی لە پۆستەكە نییە و رەنگە كەسێكی تر لەناو هاوپەیمانیەتییەكەی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات، لەوانە ئەحمەد موبەرقەع وەزیری وەرزش و لاوان لە حكوومەتی سوودانی، بە هاوشێوەی دیاریكردنی هەیبەت حەلبووسی لە بری محەمەد حەلبووسی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
سەرچاوەكان پێیان وایە جگە لەوانە سەرەوە چەند كاندیدێكی تر ناویان لەناو شیعە دێت بۆ كاندیدبوون بۆ پۆستەكە، لەوانە حەمید شەتری و باسم بەدری، لایەنە سیاسییەكانی شیعەش بەسەر ئەوان دابەش بوونە و تا ئێستە نەیانتوانیوە یەكلای بكەنەوە، سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، دوای پەرەسەندنەكانی دوایی كارتی كاندیدبوونی هەریەك لە مالیكی و سوودانی سووتا، مالیكی بەر لە رەتكردنەوەی لە لایەن ترەمپەوە، لە لایەن چەند لایەنێكی بەهێزی شیعە و سوننە رەت كرایەوە، هەمان شت سەبارەت بە سوودانیش، كە وای كرد دەستبەرداری پۆستەكە بێت بۆ مالیكی، بۆیە ئەوان هاوهەڵوێستن و ئێستەش چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناچارە بژارەی نوێ بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتەكە لە ماوەی دیاریكراوی دەستووری پێڕەو بكات.
ئەو سەركردەی چوارچێوە دووپاتی كردەوە كە باشترین بژارە لەبەردەم هێزە شیعەكان بیركردنەوەیە لە گۆڕینی میكانیزمی كاندیدبوون و رەچاوكردنی رەتكردنەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، چونكە رەچاو نەكردنی دۆخەكە و ئێران و ئەمەریكا و ناكۆكییەكانیان، حكوومەتێكی تەمەن كورتی لێ دەكەوێتەوە، ئێستە دۆخەكە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیەكی مالیكییە، بەوەی ئەگەری هەیە بەمنزیكانە مالیكی هەڵوێستێك لەبارەی كاندیدبوونی رابگەیەنێت، رەنگە كشانەوەی بێت، بەڵام مەرجی نوێ بۆ كاندیدی نوێ دیاری دەكات.
سەبارەت بە سیناریۆ پێشبینیكراوەكانن بۆ كۆتاهێنان بە تەنگژەی كاندیدبوونی مالیكی و رەتكردنەوەی لە لایەن سەرۆكی ئەمەریكا، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە چوارچێوە هەوڵ دەدات خۆی وەك پاشگەزبوو لەبەردەم رای گشتی ناوخۆیی و دەرەكی بەرانبەر بە ترەمپ پێشان نەدات، ئەو لەسەر كاندیدبوونی شێوەیی مالیكی بەردەوام دەبێت، پلانەكەش بەو شێوەیەیە، سەرۆك كۆماری نوێ دیاری دەكرێت و ئەویش مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت.
دوای راسپاردنی مالیكی، پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی لەناو پەرلەمان شكست دێنێت و دەنگی پێویستی پێ نادرێت، واتە ناتوانێت نیوە كۆ یەكی دەنگی پەرلەمانتاران مسۆگەر بكات، بەوەش شكست دێنێت و سەرۆك كۆمار كاندیدی شوێنگرەوە رادەسپێرێت، بەو پلانە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو سوود دەكات، یەكەم كۆتاهێنان بە كاندیدبوونی مالیكی بێ پێشاندانی پاشگەزبوونەوە بۆ ترەمپ، دووەم بەدەستهێنانی كاتی زیاتر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی شیعە و رێككەوتن لەسەر كاندیدی شوێنگرەوە كە لە ناوخۆ و دەرەوە قبووڵكراو بێت.