دوێنێ لە ژمارەیەك لە میدیاكان هاتە راگەیاندن كە مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق دوور خراوەتەوە، هەر دوێنێ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند كە ساڤایا لە پۆستەكەی دوور خراوەتەوە و تۆم باراك نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا شوێنی دەگرێتەوە، ئەو بابەتەكەی بە كاندیدكردنی نووری مالیكی بەستەوە بەوەی دۆخێكی نوێی هێناوەتە پێشەوە، بەڵام راسپاردنی دۆسیەی عێراق بە تۆم باراك مانای چییە؟
بەپێی سەرچاوەكانی قسەیان بۆ ئاژانسی
"رۆیتەرز"ی ئەمەریكی كرد كە هۆكاری دوورخستنەوەی ساڤایا بەهۆی خراپیی ئیدارەدانی بۆ چەند دۆسیەیەكی گرنگ سەبارەت بە عێراق بووە، لەوانە شكستهێنانی لە رێگرتن لە كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، كە هەفتەی رابردوو ترەمپ بە ئاشكرا عێراقی لێ ئاگەدار كردەوە، ساڤایا، كە دانانی لەو پۆستە كتوپڕ بوو بەهۆی ناشارەزایی سیاسی و دیپلۆماسییەكەی، لەوەتەی لەو پۆستە دانراوە سەردانی عێراقی نەكردووە، بڕیار بوو هەینی رابردوو بگاتە عێراق، بەڵام كتوپڕ سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە.
هاتنی باراك، كە كەسێكی دوور و نوێ نییە و لە ناوچەكە ناسراوە، بەتایبەتی هەڵوێستەكانی لە سووریا و لبنان، لەو دۆخەی ئێستەی عێراق، كە خەریكە حكوومەتەكەی پێك دەهێنرێت و لە سایەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا لەبارەی چەكی میلیشیاكان و دوورخستنەوەیان لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێ و دوورخستنەوەی عێراق لە بازنەی ئێران، هاوكات ناجێگیریی پێوەندیی بەغدا و واشنتن، ئەوانە هەمووی پرسیاری زۆریان لەبارەی هۆكاری دانانی دروست كردووە.
بەپێی دۆخەكە و ئەو زانیارییانەی هەن، گواستنەوەی دۆسیەی عێراق بۆ باراك وەك رێوشوێنێكی بەپەلە و تاوتوێنەكراو نییە، بەڵكو هەنگاوێكە چەندان مانا و ئاماژەی روونی سیاسییانەی هەیە، بەتایبەتی كە ئەو كەسێكی زۆر نزیكی ناوەندی بڕیاردانە لە واشنتن و خاوەن شارەزاییەكی زۆرە لە ناوچەكە، لە سووریا و لبنانەوە تا دۆسیەكانی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی ئێران و میلیشیاكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی سەرچاوەكان دوورخستنەوەی ساڤایا دوای هەڵسەنگاندنی كار و تواناكانی لە لایەن ئیدارەی ئەمەریكا دێت، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئامرازەكان لەگەڵ ئەو قۆناغەی ئێستە نایەتە گونجان كە ئەمەریكا هەڵوێستی بەرانبەر عێراق توندتر دەكات، واشنتن بۆی دەركەوت ئەو لە قەناعەتكردن بە هێزە عێراقییەكان بۆ خۆلادان لە بژارەكانی پەرەسەندن لە دژی ئەمەریكا شكستی هێنا، پێوەست بە كاندیدكردنی كەسانێكی رەتكراوەی نێودەوڵەتی و دۆسیەی میلیشیاكان و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، بۆیە ئیدارەی ئەمەریكا ئەوی بە كەسێكی نزیكتر لە ناوەندی بڕیار لە واشنتن و زیاتر تێكەڵ لەگەڵ دۆخی ناوچەكە گۆڕیەوە كە باراكە، ئەوەش بەرجەستەی ئەو راستییە دەكات كە واشنتن لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی عێراق بەرەو هەڵوێستێكی توندتر هەنگاو دەنێت.
رەمەزان بەدران شارەزا لە كاروباری عێراق ئاماژە دەكات كە هاتنی باراك گۆڕانكارییەكی ئەرێنی نییە بۆ سیستمی سیاسیی ئێستەی عێراق، ئاماژەیە بۆ هەڵوێستێكی توندتری ئەمەریكا بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێستەی عێراق، باراك لە چوارچێوەیەكی فرەوانتری ناوچەكە سەیری عێراق دەكات كە گرنگیی لەپێشینە بۆ دۆسیەی سووریا و سەقامگیریی سنوورەكانە، نەك بۆ بابەتە ناوخۆییەكان كە پێشتر وا بوو، ئەو رەوتەی كاركردنەش هێزە باڵادەستەكان لە بەغدا دەخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت، بەتایبەتی لەگەڵ ئاڵۆزبوونی هەلی گفتوگۆی نەرم بەهۆی سووربوون لەسەر كانیدكردنی كەسانی رەتكراوەی نێودەوڵەتییەوە.
چەند ناوەندێكی سیاسی گۆڕینی ساڤایا بە باراك و خواستی واشنتن بۆ جێهێشتنی قۆناغی وریاكردنەوە بۆ قۆناغی سەپاندنی مەرجەكان لە رێگەی چەند ئامرازێكی گوشار لەوانە پەكخستنی رێڕەوە سیاسییەكان و ئاماژەكردن بۆ رێوشوێنی سزایی ئابووری و بانكی بەیەكەوە گرێ دەدەن، سیاسەتوانێكی عێراقی لەوبارەوە دەڵێت، لە قۆناغی داهاتوو گوتاری ئەمەریكا پەرەسەندن بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام لە رووی گەیشتن بە ئەنجامەكان یەكلاكەرەوەتر دەبن، واشنتن گەیشتە قەناعەتێك كە پێویستە كەسێكی خاوەن ئەزموونی پێشوو لە ناوچەكە و بەتوانا لە ئیدارەدانی دۆسیە ئاڵۆزەكان لە پۆستەكە دابنێت.
ئەو سیاسەتوانە روونی كردەوە، هەڵوێستی نوێی ئەمەریكا لەسەر بنەمای كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئێران و رووبەڕووبوونەوەی سیاسییانە و تەناهییانە بنیات نراوە، ئەوەش پێویستی بە كەسێكی بەتواناتر هەیە بۆ گوشاركردن و ئاراستەكردنی دۆخە گشتییەكە دوور لە بەڕێوەبردنی وردەكارییە رۆژانەییەكان.
دیاریكردنی باراك بەرجەستەی ئاراستەیەك دەكات بۆ بەیەكەوەگرێدانی گۆڕەپانی عێراق بە دۆسیەكانی سووریا و لبنان لە یەك دیدی ناوچەكە، بە مەبەستی رێگرتن لە گەیشتنی كەسانێك بۆ دەسەڵات لە عێراق كە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ناگونجێن، بەتایبەتی لەگەڵ دیمەشق وەك نووری مالیكی، بۆیە سووربوون لەسەر كاندیدكردنی وای لە واشنتن كرد بەپەلە باراك بێنێتە پێشەوە بۆ پێش لێگرتنی و هێنانەپێشەوەی دۆسیەكانی داماڵینی چەكی میلیشیاكان و كۆنترۆڵكردنیان.