فەرمانگەی میدیا و زانیاری: هەرێم 26 هێندەی ئەوەی وەریدەگرێت قەرزی عێراق دەداتەوە

:: PM:09:37:03/02/2026 ‌
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکی ورد و پڕ زانیاریدا، پەردە لەسەر "هەڵەیەکی پێکهاتەیی گەورە" لە بودجەکانی عێراق (2005-2025) لادەدات و ئاشکرای دەکات، بەغدا لە ڕێی "چەقۆی خەرجییە سیادییەکان" و تەڵەی "خەرجیی فیعلی"یەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ژمارەیەک لەسەر کاغەز و بە کردەیی بڕیویەتی.

ڕاپۆرتەکە کە بە وردبینییەکی ئابوورییانە ئامادە کراوە، دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی 8.7 تریلیۆن دینار بەشدارە لە خەرجییە سیادییەکان، لە کاتێکدا ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەکانی ناوەڕاست و باشوور خەرج دەکرێت.

تەوەری یەکەم: تەقینەوەی خەرجییە سیادییەکان
بەپێی داتاکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بەراوردکارییەک لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2025 کراوە:
ساڵی 2005: خەرجییە سیادییەکان زۆر کەم و سنووردار بوون (تەنیا سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتی دەرەوە و بەرگری)ی دەگرتەوە، بۆیە پشکی هەرێم پارێزراو بوو.
ساڵی 2023-2025: خەرجییە سیادییەکان گەورەترین بازدانی مێژووییان تۆمار کردووە و گەیشتوونەتە نزیکەی 47.4 تریلیۆن دینار ساڵانە.

ئەم زیادبوونە تەنیا لە ژمارەدا نییە، بەڵکو لە ڕێی تێهەڵکێشکردنی بڕگەی زۆر قەبە لەژێر چەتری "سیادی"دا بووە بۆ ئەوەی پێشوەختە لە پشکی هەرێم و پارێزگاکان ببڕدرێن، وەک:

١. تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و گرێبەستەکان (ساڵانە 15.8 تریلیۆن دینار).
٢. خزمەتگوزاریی قەرز و سوودەکانی (ساڵانە 12.35 تریلیۆن دینار).
٣. دامەزراوە ئەمنییەکان وەک حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر (ساڵانە 14.61 تریلیۆن دینار).

تەوەری دووەم: پشکی هەرێم چۆن دەبڕدرێت؟
ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە، ئەگەر ئەو خەرجییە سیادییە زەبەلاحانە (47.4 تریلیۆن) دەرنەکرایە، پشکی هەرێم بەپێی ڕێژەی 12.67% دەکاتە نزیکەی 25.2 تریلیۆن دینار.

بەڵام بەهۆی ئەوەی بەغدا ئەو پارە سیادییانە دەردەکات، پشکی هەرێم دادەبەزێت بۆ 16.5 تریلیۆن دینار.

واتە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە نزیکەی 8.7 تریلیۆن دینار لە پارەی خۆی، بەشداری دەکات لە خەرجیی سوپا، حەشد، قەرزەکان و نەوتی عێراق.

تەوەری سێیەم: شۆکی قەرزەکان (هاوکێشەی 26 بەرانبەر بە یەک)
ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکە مەترسیدارترین "ستەمی دارایی" ئاشکرا دەکات. بەپێی یاساکە، دانەوەی قەرزەکان بە "سیادی" هەژمار کراوە، بۆیە:
ئەوەی هەرێم دەیدات: هەرێم ساڵانە بە بڕی 1.6 تریلیۆن دینار (وەک پشکی خۆی 12.67%) بەشداری دەکات لە دانەوەی قەرزەکانی عێراق (قەرزی نێودەوڵەتی، یانەی پاریس، قەرزی TBI و هتد).

ئەوەی هەرێم وەریدەگرێت: لە بەرانبەردا، هەرێم تەنیا بڕی 62.4 ملیار دینار لە قەرزەکان وەردەگرێت (وەک قەرزی جایکا و بانکی نێودەوڵەتی).

ئەنجام: لە بەرانبەر هەر یەک دۆلارێک کە هەرێم وەک قەرز وەریدەگرێت بۆ پڕۆژەکانی، دەبێت 26 دۆلار بدات بۆ دانەوەی قەرزەکانی حكوومەتی فیدراڵ.

تەوەری چوارەم: تەڵەی "خەرجیی فیعلی" و سزای بەکۆمەڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە داوە، بەغدا میکانیزمی "خەرجیی فیعلی"ی پەسەند کردووە لەبری "تەرخانکردن"، کە ئەمەش پێچەوانەی مادەی 121ی دەستوورە.

بەپێی ئەمە، پشکی هەرێم بەستراوەتەوە بەوەی "وەزارەتەکانی بەغدا چەند پارە خەرج دەکەن". واتە ئەگەر پڕۆژەیەک لە بەسرە یان ئەنبار ڕابوەستێت، ئۆتۆماتیکی پشکی هەرێم کەم دەبێتەوە. ئەمە "سزایەکی دارایی بەکۆمەڵە" و دۆخێک لە "نادڵنیایی دارایی بەردەوام" بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەکات.


وشە - پۆڵا مەحموود