مالیكی حكوومەت وەربگرێ... ترەمپ ئابووری عێراق ده‌خنكێنێت

:: AM:11:21:04/02/2026 ‌
لە ڕاپۆرتێكی ورد و پڕ لە زانیاری، پێگەی گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی بڵاوی كردووەتەوە، سزای ئابووری دەسەپێنرێتە سەر عێراق و چیتر دۆلاریش ناگاتە ئەو وڵاتە، ئەگەر نووری مالیكی كاندیدی ئێستە بە فەرمی بۆ پێكهنانی حكوومەت ڕابسپێردرێت.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، واشنتن تاوتوێ بژارەی فشاری توند و قورس بۆ سەر عێراق دەكات، لەوانە سەپاندنی سزا و خنكاندنی عێراق بە نەناردنی دۆلار بۆ وڵاتەكە، ئەمە لە ئەگەری ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەنگاو بەرەوپێشەوە بنێ، تا مالیكی لە پەرلەمان بۆ پێكهێنانی كابینی نوێی حكوومەت ناوی لێ بنرێ و دەست بە كاركردن بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

هەڵوێستی ئەمەریكا گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی ترەمپ دەستوەردانی كرد و لە تویتێكدا هەڕەشەی كرد و هێڵی سووری بەسەر نووری مالیكی هێنا و تا ببێتە سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق، ترەمپ بە توندی دژی مالیكی وەستایەوە و لە تۆڕی ترەس سۆشیال سەردەمی حكوومەتی یەكەم و دووەمی مالیكی بە ئاڵۆزی ناو برد، هۆشداریی دا كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیچ كۆمەك و هاوكارییەك پێشكەشی عێراق ناكات، لەو كاتەی كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی حكوومەت وەربگرێت.

ڕاپۆرتەكە هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، عێراق تا ئێستە نەیتوانیوە ڕۆڵی خۆی لە حكوومەتی ترەمپ ببینێت و ببێت بە دۆسیەی لە پێشینەی كارەكانی حكوومەتی ترەمپ، ئەوەی هەیە ترەمپ بەهۆكاری جیۆپۆلەتیك و بەهۆی سەرقاڵبووی بە ئێران دەیەوێ كۆتایی بە  هەژموونی ئێران لەسەر عێراق بهێنێت. هەر بەو ئامانجەیش واشنتن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بێ سڵەمینەوە دەستوەردانی لە كاروبارەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد، چونكە پێشتریش ئەوەی بە ڕوونی خستبووەڕوو، بە هیچ شێوەیەك لەو كەسانە خۆش نابێت كە پێوەند و پێوەستن بە گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران تا لە حكوومەتی داهاتووی عێراق ڕۆڵیان هەبێت، كە ئێستە بەشێك لەو گرووپە چەكدارانەی سەربە ئێران بەشێكن لە هاوپەیمانەكانی مالیكی تا پشتیوانی بكەن و بچنە ناو حكوومەتەوە و پۆست و پێگەی گرنگیان پێ بدرێت.

لە ناوخۆدا كاندیدكردنی مالیكی گفتوگۆی فرەوانی دروست كردووە، سەرەڕای پاشخانە سیاسییەكەی، بە گەندەڵی و قووڵكردنەوەی گیانی مەزەوی كە ئەو دوو هۆكارە وایانكرد كە ناكۆكی و لەتبوون لە نێوان لایەنەكان و پێكهاتەكانی عێراق دروست بوو، ئەویش وایكرد ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ماوەیەكی كورتدا ژمارەیەكی زۆری شارەكانی عێراقی لە 2014 و كۆتا ساڵی حوكمی مالیكی كۆنترۆڵ كرد.

 گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی ئەوەیشی خستووەتەڕوو، لایەنەكانی سیاسیی عێراق هەوڵی ئەوە دەدەن، عورفێك دروست بكەن و هیچ كەسێك نەتوانێ لە خولێك زیاتر پۆستی سەرۆكی حكوومەتی عێراق وەربگرێت، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە محەمەد شیاع سوودانیان لە كاندیدبوونەوە بێبەش كرد، سەرەڕای ئەوەی لیستەكەی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بردووەتەوە.

لە سەرەتادا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیریان لەوە دەكردەوە، كاندیدێكی هاوبەشی لاواز دابنێن و خۆیان لە پشتی پەردەوە هەموو شتێك بن، بەڵام پێشهاتەكانی ناوچەكە و گۆڕانكارییە خێراكان بە تایبەت لە سووریا و ئێران، وایكرد دووبارە بیر بكەنەوە و كاندیدێكی بەهێز لە ناو سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵبژێرن، ئەمەیش وایكرد جارێكی تر ناوی مالیكی بێتە پێشەوە.

لەبارەی هۆشدارییەكانی ئەمەریكایش، نووری مالیكی و چەند سەركردەیەكی تری چوارچێوە دژی  قسەكانی ترەمپ و حكوومەتی ئەمەریكا وەستاونەتەوە. دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەم هەنگاوەی واشنتن دەستوەردانێكی ڕوونی ئەمەریكایە لە كاروباری ناوخۆی عێراق.

سەرەڕای هەموو ئەمانەیش گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی وریایی دەداتە عێراق، كە پەراوێزخستنی ویستی ئەمەریكا بەهاكەی زۆر قورس و گرانە، چونكە ئەمەریكا خاوەنی كۆمەڵێك بژاردە و كارتی گەورەیە لە عێراق، دەتوانێ بە تۆمەتی هاوكاریكردنی ئێران سزای ئابووری گەورە بەسەر عێراق بسەپێنێت. هەروەها سزای بەرپرسانی حكوومەتی نوێی عێراق بدات، ئەگەر ئەو كەسانە پۆست وەربگرن كە سەربە چەكدارە میلیشیاكانن. لە هەمووان مەترسیدارتر بلۆككردنی پارەی نەوتی عێراق و نەناردنەوەیەتی بە دۆلار، چونكە تا ئێستەیش پارەی نەوتی عێراق لە بانكی فیدراڵی لە نیویۆرك هەڵدەگیرێت. بژارەیەكی تر بریتییە لە كەمكردنەوەی هاوكاریی سەربازییە لەسەر عێراق و وەشاندنی گورزی سەربازییە لە گرووپە میلیشیاكان كە لەلایەن واشنتنەوە خراونەتە لیستی ڕەش و تیرۆرەوە.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەی گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتیدا هاتووە، حكوومەتی داهاتوو لە بەردەم بژارەی قورس دەبێت، لە ڕاگرتنی هاوسەنگی پێوەندییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەلایەكەوە  و پێویستیی نەهێشتن و لەناوبردنی هێزە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە عێراق.


وشە - باز ئه‌حمه‌د