پسوولەی مانگی یەكی پڕۆژەی رووناكی گەیشتووەتە تەواوی هاوبەشەكان، بەڵام بەهۆی دواخستنی پارە و ئەو قەرزەی لەسەرەتای ساڵی ڕابردووەوە لەسەر هاووڵاتییان كۆبووەتەوە ئێستە بەشێك لە كارەبای ماڵان دەبڕدرێ تا پارەكەی دەدەن.
"وشە" بەدواداچوونی كرد و لەگەڵ تیمی پڕۆژەی رووناكی لەوبارەیەوە گفتوگۆی كرد، دەركەوت كە ئەو كارەبایانەی دەبڕێت هی ئەو ماڵ و شوێنە بازرگانیانەن كە لەسەرەتای دەسپێكردنی پڕۆژەی رووناكی لە مانكی ئاداری ساڵی رابردووەوە هیچ بڕە پارەیەكیان نەداوە.
تیمی پڕۆژەكە ئاماژەیان بەوە كرد، ئەگەر هاووڵاتیی هەرچەندێك پارە قەرزار بێت پێش پڕۆژەی رووناكی پارەكەی لێ وەرناگیرێت ئەوە بە ڕێنوێنی وەستاوە، ئەوەی ئێستە وەردەگیرێت تەنیا پارەی پڕۆژەی رووناكییە.
لەبارەی ئەو ماڵانەی كە كارمەندی پڕۆژەكە بۆ وەرگرتنی پارە ناچێت، "وشە" وەڵامی ئەوەی دەست كەوت كە هەموو هاوبەشێكی پڕۆژەی رووناكی دەتوانێ بەشێوەی ئۆنلاین پارە بدات لە ڕێی ئێف ئای بی یان بانكی جیهان و چەندین رێگای تر.
فرۆشتنی وزە قەرەباڵغە
هەندێك لە هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن كە لەكاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی فرۆشتنی وزە تووشی قەرەباڵغی زۆر دەبن و ئەوەیش كێشەی بۆ دانی پارەكە دروست كردووە، بەڵام بە گوێرەی زانیاری "وشە" دەوامی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە زیاد كراوە لە سەعات هەشتی بەیانی تا شەشی ئێوارە، ئەوەیش بەشێوەیەكی گشتیی كاری هاووڵاتییانی ئاسانتر كردووە كە بەشێوەی كاش دەیانەوێ پارەكە بدەن.
كارەباكە دەبڕن
تیمی پڕۆژەی رووناكی دووپاتیان كردووە كە بڕانی كارەبا تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە كە هیچ بڕە پارەیەكیان بە پرۆژەی رووناكی نەداوە، تا ئێستەیش بڕێكی كەم لەسەر خەڵك كۆبووەوەتەوە، بەتایبەت كە لە سێ مانگی سەرەتای پڕۆژەكەدا حكوومەت پاڵپشتی دارایی پێشكەش كردووە.
هەروەها دووپاتیان لەوە كردووە كە ئەو هاووڵاتییانەی كارەبایان بڕاوە ئەگەر پارەكەی بدەن راستەوخۆ كارەباكەیان بۆ دەگەڕێتەوە و هیچ كێشەیەكی تێدا نابێت، ئەگەر زۆر دوابكەوێ 24 سەعات دەبێت.
ئەگەر 24 سەعات زیاتر بوو؟
لەبارەی ئەوەی ئەگەر كوژاندنەوەی كارەبای ئەو هاووڵاتییانەی قەرزارن 24 سەعات زیاتر بوو، تیمەكە گوتیان، پێشتر چەند جارێك لەڕێی كورتە نامەوە هاوبەشەكە ئاگەدار دەكرێتەوە كە پێویستە پارەكەی بدات دوای چەندان جار ئینجا كارەباكەی دەبڕێت.
ئەگەر بڕانی كارەباكە 24 سەعات زیاتر بوو كە ئەوە بەشێوەیەكی دەگمەن روو دەدات، ئەوە پێویستە هاووڵاتیی سەردانی پشكنینی پێوەر بكات و لەوێ كارەباكەی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام پێش 24 سەعات بەسەر وادەی دانی پارەكەی پێویست نییە هاووڵاتیی سەردان بكات و دەبێت تەنیا چاوەڕوان بكات.
ئەوە لەكاتێكدایە كە وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر رای گەیاندبوو كە دەست بە بڕینی كارەبای ئەوانە دەكەن كە سەرپێچییان كردووە و قەرزێكی زۆریان لەسەر كەڵەكەبووە.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە حاڵەتی بڕانی كارەبای هەر هاووڵاتییەك بە پڕۆسەیەكی ئاسان دەتوانن پارەكەی بدەن و كارەباكەیان لەماوەیەكی چەند سەعاتێكدا بۆ دەگەڕێتەوە.