ئامادەنەبوونی سەركردەی گرووپی میلیشیاكان لە كۆبوونەوەی دوێنێی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پرسیاری زۆری لە شانۆی سیاسی عێراق دروست كردووە و ئاڵۆزییەكان زۆر لەوە قووڵترن كە تەنیا لە ناكۆكی ڕێكخراوەیی یان دۆخی تەناهی خوێندنەوەی بۆ بكرێن، بەشێك ئاماژە دەكەن كە ئامادەنەبوونیان، پەیامێكی ناڕازیبوونە لە چۆنیەتیی كاركردنی هاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت"، بەشێكیش وای دەبینن كە ئەمە دووبارە سنوورداركردنی سیاسیی میلیشیاكان و پەیامێكە بۆ ناوخۆ و دەرەوە، بەشێكیش بە دابەشبوون و لەتبوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە كاتێكی هەستیاری وەك ئێستە، كە فشاری ئەمەریكا و دۆسیەی كاندیدبوونی مالیكی بۆ سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو تا ئێستە یەكلا نەبووەتەوە.
ئێوارەی دوێنێ یەكشەم كۆبوونەوەی "
ئیدارەی دەوڵەت" لە بەغدا، بە بەشداریی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، فوئاد حوسێن نوێنەری پارتی و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پارتی تەقەدوم، عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی و چەند سەركردەیەكی تر، بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی ئێستەی وڵات و ڕێڕەوی لێكگەیشتنەكان لە نێوان هێزە بەشدارەكانی ناو هاوپەیمانییەكە بەڕێوە چوو.
ئەوەی جێی سەرنج بوو و پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، نائامادەیی سەركردەی گرووپە میلیشیاكان بوو لە كۆبوونەوە، لەوانە سكرتێری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق قەیس خەزعەلی و سكرتێری گشتی كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا ئەبو ئالای وەلائی و سەرۆكی هاوپەیمانی خزمەتگوازی و ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی ئیمام عەلی، شبل ئەلزەیدی و نوێنەری سیاسی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق بە هیچ شێوەیەك لە كۆبوونەوەكە بوونیان نەبوو.
ئەحمەد خزر توێژەری سیاسی لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەلجەدید"ی ڕاگەیاندووە، نائامادەیی ژمارەیەك لە سەركردەی گرووپە میلیشیاكان لە كۆبوونەوەكە، پەیامێك بوو كە دەكرێ لە كۆمەڵێك گۆشەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، دیارترینیان ئەوەیە كە ئەوان بە دوای شێوازێكی تری لێكگەیشتن لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە پێكهاتەكانی تر دەگەڕێن، وای دەبینن كە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تاكە چەتر نییە بۆ جووڵەی سیاسی خۆیان و بەرهەڵستی و تێبینیان لەسەر شێوازی كاركردنی هەیە، سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانییەكە تۆمەتبار دەكرێ بەوەی كار دەكات تا ڕۆڵی سیاسی گرووپە میلیشیاكان پەراوێز بخات.
خزر ئەوەیشی گوت، بەشێك لەوانەی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون، ئەندامی سەرەكی هاوپەیمانییەكە نەبوون، بەڵكو لە هەڵبژاردنی ئەمدواییە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی لە خولی پێشوو دروست كراوە، جیا لەوەیش هۆكارێكی تر ئەوەیە كە گرووپە میلیشیاكان بە دەرهاوێشتەی كۆبوونەوەكانی ئەو هاوپەیمانییە پابەند نین و ئێستە و داهاتوویش بەهەمانشێوە بووە، بەڵام دواجار ئەمە دابەشبوونێكی توند لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەردەخات لەسەر كۆمەڵێك پرسی نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی.
كۆبوونەوەكەی دوێنێ گفتوگۆی فرەوانی لەبارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان لایەنەكانی سیاسی و میكانیزی بەهێزكردنی هاوئاهەنگی لە نێوان حكوومەتی كاربەڕێكەر و هێزەكان، بەردەوامیدان بە كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان و كاركردن لەسەر ئەو دۆسیانەی لە پێشینەن بۆ نیشتمان كردەوە.
عیسام فەیلی پسپۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی بەغدا بۆ ڕۆژنامەكە گوتوویەتی، ئەمە شتێكی ئاساییە كە ژمارەیەك لە سەركردەی گرووپەكان كۆك نین لەگەڵ نووری مالیكی وەك قەیس خەزعەلی و شبل ئەلزەیدی، دەكرێ بیانووی تەناهی بهێنرێتەوە بۆ ئامادەنەبوونی ئەو سەركردانە لە كۆبوونەوە، دوای ئەوەی هەر كۆبوونەوەیەك كە پێشوەختە سازكردنی ڕابگەیەنرێت، دەكەوێتە ژێر چاودێری و گوێگرتن لە پێوەندییەكان لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە، دواجاریش ئیسرائیل بە ڕوونی هەڕەشەی كرد كە سەركردەی گرووپەكانی میلیشیاكان دەكاتە ئامانج.
زیاتر گوتی، میلشیاكان بەو كارە دەیانەوێ پەیامێك بدەنە لایەنەكانی سیاسی و ڕای گشتی، ئەوان بەشداریی حكوومەتی داهاتوو ناكەن كە لەلایەن نووری مالیكییەوە سەرۆكایەتیی بكرێت.
ئەم بەشدارنەبوونە لە كاتێكدایە گفتوگۆی زۆر لەسەر لەتبوونێكی ڕاستەقینە لە نێوان هێزە گەورەكانی ناو هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوونی هەیە لە پەراوێزی كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی داهاتوو، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەم زانیارییانەی پێشتر ڕەت كردەوە و گوتی: ئەوەی لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەگوزەرێت، جیاوازیی بۆچوونە نەك لەتبوون و لێكترازان.
لە 24ی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە فەرمی نووری مالیكیی وەك تاكە كاندیدی خۆی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند، بەڵام سێ ڕۆژ دوای ئەوە و لە 27ی هەمان مانگ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەی خۆی "ترەس سۆشیال"، بە توندی كاندیدبوونی مالیكی ڕەت كردەوە و هەڕەشەی وەستانی پشتیوانییەكانی ئەمەریكای بۆ عێراق كرد لە ئەگەری كاندیدبوونی مالیكی.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی لە دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2021 دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان دروست بوو، هەریەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و هاوپەیمانی عەزم و سیادە و پارتی تەقەدوم و یەكێتی تێیدا بەشدارن.