شیعە بۆ شكاندنی چەوقبەستوویی سیاسی پەنا بۆ تاران دەبەن

:: PM:08:59:10/02/2026 ‌

لە ماوەی ساڵانی دوایی دەسەڵاتیان لە عێراق، هێزە سیاسییە شیعەكان لە نێوان گوشاری ئەمەریكا و ئێران بوونە، نەیانتوانیوە پشت لە ئێران بكەن یان رووبەڕووی ئەمەریكا ببنەوە، هاوكات بۆ داپۆشینی راستییەكان ئەوان لەگەڵ هەر تەنگژەیەك پێكهاتەكانی تریان تۆمەتبار كردووە، وەك ئەوەی ئێستە كورد بە دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار تۆمەتبار دەكەن، چونكە لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێ ناكۆكن و ئامادە نین.

دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، دەبوایە كورد كاندیدی سەرۆك كۆمار ئامادە بكات، بەڵام بەهۆی بوونی زیاتر لە كاندیدێك و دابەشبوونی هێزە سیاسییەكانی عێراق بەسەر پاڵپشتیكردنیان، نەتوانراوە ئەو پۆستە یەكلا بكرێتەوە، بەڵام لەپاڵ ئەو كێشە، كێشەیەكی تری قووڵتر لە بەهۆی كاندیدكردنی نووری مالیكی سەری هەڵداوە، كە بەشێكی شیعە و زۆرینەی سوننە لە ناوخۆ و ئەمەریكا لە دەرەوە پێی رازی نین، ئەوەش وای كردووە نیسابی یاسایی دانیشتنەكانی پەرلەمان تەواو نەبێت و دانیشتن ساز نەكرێت.

ئێستە هێزە شیعەكان بە چەند ئاراستەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخەی تێی كەوتوون حموجۆڵ دەكەن، لە لایەك دەیانەوێ نووری مالیكی بۆ كشانەوە لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت رازی بكەن، لە لایەكیتر كەسێكی تر وەك كاندیدی هاوبەش دیاری بكەن كە رەزامەندی ناوخۆ و دەورەوەی لەسەر بێت، لەوانە ناوی محەمەد شیاع سوودانی و حەمید شەتری و حەیدەر عەبادی دێت، ئەگەر ئەوانەش نەبن، هەوڵی درێژكردنەوەی ماوەی حكوومەتی سوودانی بدەن، ئەوانەش پێویستیان بە كۆدەنگی و سازانی ناوخۆیی شیعە و عێراق و قبووڵكراوی ئەمەریكا و ئێران هەیە.

یان بەپێی زانیارییەكان جموجۆڵێك لەسەر ئاستێكی باڵای شیعە بەرەو تاران هەیە، بۆ رازیكردنی بە كشانەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق، سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە دژی كاندیدبوونی مالیكییە، شەمووی رابردوو سەردانی تارانی كردووە و چاوی بە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران كەوتووە، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی سیاسی بۆ رازیكردنی مالیكی بە كشانەوە و كاندیدكردنی كەسێكی تر بۆ پۆستەكە.   

هەر بەپێی سەرچاوەكە ئەو سەركردە شیعەیە پەیامێكی راستەوخۆی بۆ ئێران گواستووەتەوە بەوەی بەردەوامیی پاڵپشتیی ئێران بۆ مالیكی ناكۆكی و دابەشبوونی ناوخۆیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زیاتر دەكات و دۆخی سیاسی لە بەغدا ئاڵۆزتر دەكات، پێشنیازی ئەوەی كردووە ئێران ئەو پاڵپشتییەی لە مالیكی بكێشێتەوە وەك نیازپاكییەك كە دەكرێ لێكگەیشتنی گریمانكراوی نێوان تاران و واشنتن زیاتر بكات، دەشبێتە نەرمییەكی سیاسی و هۆكار بۆ هێوركردنەوەی دۆخی عێراق و ناوچەكە. 

سەرچاوەكە دۆخی كۆبوونەوەكەی تارانی بە ئەرێنی وەسف كرد و لایەنی ئێرانی لەو داوایەی عێراق تێگەیشتن، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەنووسی كاندیدبوونی مالیكی نەدرا بە كشاندنەوەی پاڵپشتی لە كاندیدبوونی، سەرچاوەكە پێی وایە تاران وەك كارتێكی گوشاری سیاسی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی كاندیدبوونی مالیكی دەكات، كە دەتوانێت بەپێی دۆخی گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەمەریكا بەكاری بێنێت، بە شێوەیەك ئەگەر گفتوگۆكان سەركەوتوو بوون، ئێران مالیكی ناچاری كشانەوە بۆ كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و حكوومەتی نوێ دەكات، بەڵام ئەگەر گفتوگۆكان بەربەستیان تێ كەوت یان شكستیان هێنا، ئەوە لە پاڵپشتیكردنی مالیكی بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەردەوام دەبێت، وەك بژارەیەكی گونجاو بۆ قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی گریمانكراوی سیاسی و تەناهی لەگەڵ ئەمەریكا.

لە چەند سەعاتی رابردوو چەند هەواڵێك لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەكان دزەیان پێ كراوە بە ئەگەری كشانەوەی مالیكی لە كێبەڕكێی كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەیشتنە قەناعەتی تێپەڕكردنی مالیكی بەهۆی رەتكردنەوەی ئەمەریكا زۆر زەحمەت بووە، جیا لە پاشەكشەی پاڵپشتیی ناوخۆیی بەهۆی ئەو لێكەوتە سیاسی و ئابوورییەی بە زەحمەت دەتوانرێت بەرگەی بگیرێت، لەناو ئەو زانیارییانەی باسی ئەوە دەكەن كە مالیكی مەرجی بۆ بۆ كشانەوەی داناوە دەبێت شوێنگرەوەی لە دەوڵەتی یاسا بێت، بۆ مانەوەی كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسی و نەچوونی قورساییەكە بۆ هێزە ركابەرەكانی.

ئەندامێكی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دووپاتی كردەوە كە چەند رۆژێكە هەوڵێك بۆ كشانەوەی مالیكی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەستی پێ كراوە و پێوەندیی پێوە كراوە، چەند بژارەیەكی بۆ خراوەتە روو، لەوانە كاندیدكردنی كەسێكی قبووڵكراو لای هەموو لایەنەكان، لەوانە دیاریكردنی كەسێك لە لایەن مالیكییەوە، بەڵام تا ئێستە وەڵامی نەداوەتەوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل