هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە مالیكی چییە؟

:: PM:07:53:11/02/2026 ‌

دەركەوت كە هاوكێشەی هێز لە عێراق لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بەتەواوەتی گۆڕاوە، ئەگەرچی شیعەی نزیك لە ئێران لە جێبەجێكردنی بڕیار و رێنوێنی و ئەجینداكانی ئێران بەردەوامن، بەڵام گۆڕانكاری لەناو ماڵی شیعە رووی داوە و بەشێكیان لەگەڵ ئەوە نین كوێرانە راسپاردەكانی تاران جێبەجێ بكرێت و چارەنووسی عێراق بخرێتە مەترسییەوە و ببێتە ئامرازێكی ململانێی ئێران و ئەمەریكا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیكی بۆ سەرۆك وەزیران كاندید كرد، بەڵام هەڵوێستی ئێران چییە؟

ئەگەرچی هەڵوێستی ئێران دیارە كە تا ئێستەش بۆ مەبەستی دیاریكراو و وەك كارتێك بۆ گفتوگۆ ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر پاڵپشتیكردنی مالیكی یان كەسێكی تری نەیار بۆ ئەمەریكا سوورە، لێرەو لەوێ باسی ئەگەری كشانەوەی مالیكی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت، كە سەرچاوەی ئەو هەواڵانە میدیا و سۆشیال میدیای نەیارە بۆ مالیكی و ئێران و نزیك لە ئەمەریكا، پان پێشبینیكردنی شارەزا و شرۆڤەكارانە لەوانەی پێیان وایە عێراق دەكەوێتە بەر گوشاری توندی ئابووریی ئەمەریكا بە هاوشێوەی ئێران و بەرگەی ناگرێت. 

تا ئێستە ئەوەی جێگیرە لە هەڵوێستەكان، چوارچێوەی شیعە بە زۆرینە نووری مالیكی وەك كاندیدی فەرمیی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاندووە، بەڵام لە لایەن گرووپی عەسائیب و رەوتی حیكمە و حەیدەر عەبادییەوە پاڵپشتی ناكرێت، هاوكات زۆرینەی سوننە رەتی دەكەنەوە و داوای گۆڕینی دەكەن، كوردیش، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەڵوێستی زۆرینەی شیعەیە، واتە بابەتەكە لە ناوخۆی شیعە و عێراق و تەنانەت لە نێوان ئێران و ئەمەریكاش ناكۆكییەكی گەورەی لەسەرە، دواجار قەیس خەزعەلی ئەمینداری گرووپی عەسائیب ئەهلولحەق سەردانی تارانی كردووە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە و زانینی راستی پاڵپشتیكردنی مالیكی و داواكردن لە ئێران بۆ كشانەوەی، بەڵام ئێران وەڵامی نەداوەتەوە.

ئێستە ناو ماڵی شیعە بەهۆی ناكۆكی لەسەر مانەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی لەبەردەم مەترسیی لێكهەڵوەشانەوەیە، كە رەنگە ئەوەش هەڕەشە لە دەسەڵاتیان لە بەغدا بكات، بەتایبەتی كە ئەزموونی سووریا زۆر لێیانەوە دوور نییە و توركیا و ئەمەریكاش ئامادەن بۆ هەر سیناریۆیەك لەوبارەوە ئەگەر لە بازنەی ئێران دوور نەكەونەوە و لەسەر جێبەجێكردنی ئەجینداكانی تاران بەردەوام بن و ببنە بەشێك لە ئامرازەكانی ئێران لە ململانێ لەگەڵ واشنتن.

لەوكاتەی شارەزایان پێیان وایە مانەوەی نووری مالیكی واتە مانەوەی پاڵپشتیی ئێرانە بۆی، كە وەك لە راپۆرتەكان هات چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەر لە راگەیاندنی كاندیدبوونی بەفەرمی، چەند سەركردەیەكی سەردانی ئێرانیان كرد و پاڵپشتیی لە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران وەرگرتووە بۆ كاندیدبوون، بۆیەش دوای گەڕانەوەی ئەو شاندەی چوارچێوە كاندیدبوونی مالیكی هاتە راگەیاند، بەڵام تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پرۆسەكەی وەستاند، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئێران تا ئێستەش پاڵپشتی لە مالیكی دەكات، چونكە وەك كارتێك بەرانبەر بە ئەمەریكا بەكاری دێنێت، هاوكات هیچ كێشەیەكی نییە ئەگەر بە كەسێكی تر لە بازنەی خۆی بیگۆڕێت، واتە ئامادەیە لە كاتی گونجاو پاشەكشەی پێ بكات، رەنگە ئەوەش بە شێوازی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا وابەستە بێت.  

عیماد محەمەد توێژەری سیاسی دەڵێت، چوونی خەزعەلی لەو ساتە بۆ تاران دووپاتی دەكاتەوە كە هەندێك لایەنی چوارچێوە درك بەوە دەكەن یەكلابوونەوەی بابەتەكە تەواو ناوخۆیی نییە، بەڵكو پێویست بە تێگەیشتنی هەڵوێستی راستەقینەی ئێران بەرانبەر بە بەردەوامیی كاندیدبوونی مالیكی یان گەڕان بەدوای كانیدێكی تری هاوبەش دەكات، ناكۆكییەكانی چوارچێوە بووەتە دابەشبوونێكی قووڵی سیاسی پێوەست بە دواڕۆژی چوارچێوەكە، بەتایبەتی كە باسی ئەوە دەكرێت مەرج هەیە دەبێت هەر كاندیدێك دەنگی دوو لەسەر سێی چوارچێوەكە یان پێكهاتەی شیعە بەدەست بێنێت بۆ كاندیدبوون، كەچی ئەو ژمارانەی لەناو چوارچێوە باس دەكرێت وەك پاڵپشتی بۆ مالیكی بەو جۆرە نییە، ئەوەش شەرعیەتی كاندیدبوونی دەخاتە ناو مشتومڕێكی رژد. 

لەوكاتەی لایەنگرانی مالیكی باسی ئەوە دەكەن كە كانیدبوونی دوای پاڵپشتیكردنی لە لایەن خامنەییەوە هاتووە بۆ دروستكردنی چەترێكی سیاسی و ماناكی بۆ كاندیدكردنی لەناو ماڵی شیعە، نزار حەیدەر شرۆڤەكار دەڵێت، دوای سەردانەكەی خەزعەلی بۆ ئێران، هەست بەوە دەكرێت كە ئەو بە هەگبەیەكی بەتاڵەوە چووە تاران و بە گڵۆپی سەوز بۆ دوورخستنەوەی مالیكی گەڕاوەتەوە، وەك زانیارییەكان باسی دەكەن. 

روونی كردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی دەكرێت مالیكی دەنگی پێویستیی بۆ كاندیدبوون نەهێناوە، بەڵام چەند هێزێك لەناو چوارچێوەكە بەخێرایی كاندیدبوونیان راگەیاند بۆ داخستنی دەرگەی مشتومڕەكان، بۆیە رەتكردنەوەی گەڕانەوەی مالیكی تەنیا پێوەست نییە بە هەڵوێستی ئەمەریكا، پێشتر و یەكەمجار مەرجەعیەتی ئاینی ئەویان لە دەسەڵات دوور خستەوە.         



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل