سی بی سی نیوزی ئەمەریكی: پاشكۆیی ئێران.. عێراق دەكاتە خۆڵەمێشی جەنگی واشنتن و تاران

:: PM:02:30:12/02/2026 ‌
لە ناو گۆڕەپانەكانی ململانێی بەوەكالەت لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق یەكێك بوو لە پەراوێزخراوترین گۆڕەپان و خرابووە دەرەوەی ناوچەكە، بەڵام كاردانەوەی ئەمەریكا لە دژی كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق، وایكردووە كە دۆخێكی شەرمەزاركەر تووشی عێراق لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بكات و شوێنكەوتووی ئێران لەلایەن شیعەكانی عێراقەوە، ئەگەری ئەوە زیاد دەكات كە عێراق ببێت بە خۆڵەمێشی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە كاتی هەڵگیرسانی. 

نووری مالیكی تەمەن 75 ساڵ، دوای ڕاگەیاندنی كاندیدبوونی لەلایەن ئەمەریكا بە توندی ڕەت كرایەوە، تەنانەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكایش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەی ترەس سۆشیال نووسی، دواجار كە مالیكی لە دەسەڵات بوو، وڵات بەرەو ڕمان ڕۆیشت و هەژاری و ئاڵۆزی زۆر بڵاو بووەوە، بەهۆی سیاسەتەكان و ئایدلۆجیا سەرشێتییەكانی، ئەگەر ئەو بۆ سەرۆكی ئەمەریكا هەڵبژێردرێتەوە، ئەمەریكا هیچ هاوكارییەك پێشكەشی عێراق ناكات، ئەگەر ئێمەیش لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدانیان، هیچ دەرفەتێكی سەركەوتن و گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئازادی لە عێراق نایەتە دی.  

لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی دۆناڵد ترەمپ، نووری مالیكی لە پەیامێكدا بە تەواوی ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكای رەت كردەوە و بە دەستوەردانێكی ڕوونی واشنتنی لە كاروباری ناوخۆی عێراق ناو برد، تا ئێستەیش سوورە لەسەر كاندیدبوون و بوونەوەی بە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە ئەمەریكا لەگەڵ ئێران گرژییەكانی گەیشتوون بە لووتكە و هێزی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوە پێ كردووە، دەیەوێ بەرنامەی ناوكی و مووشەكی بالیستی و گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران بە ئامانج بگرێت، هەرچەند وەك دوا دەرفەتیش ڕێی دانوستاندن لەگەڵ ئێران گیراوەتەبەر، بەڵام چەندان جار ترەمپ دووپاتی كردووەتەوە كە ئەگەر گفتوگۆكان شكست بهێنن، هیچ چارەیەكی تری بۆ نامێنێتەوە، جیا لە هێرشی سەربازی. 

ریناد مەنسوور بەڕێوەبەری دەسپێشخەرییەكانی عێراق لە ناوەندی چاتام هاوس بۆ توێژینەوە لە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا لەوبارەیەوە گوتوویەتی، گەڕانەوەی مالیكی وەك كاندیدی سەرۆكی حكوومەت، ڕەنگدانەوەی هەژموونی فرەوانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەوكاتەی مالیكی پۆستەكەی جێهێشتووە، پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ ئێران هێشتووەتەوە و پاراستوویەتی، لە ناو ئەو ڕێوشوێنانەیش كە لە دوای ساڵی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی عێراق لە 2014 گرتیەبەر، پێدانی ناوی فەرمی بوو بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق، ئەوانەیش كۆمەڵێك گرووپی چەكداری نزیكن لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. 

مەنسوور زیاتر دەڵێ، لە ئەگەری بوونەوەی نووری مالیكی بە سەرۆكی حكوومەتی عێراق، ئەوا دەرگە بە ڕووی میلیشیاكان و لایەنە كارا ناحكوومییەكانی سەربە ئێران لە عێراق واڵا دەبێ و دەكرێتەوە، تا كاریگەری و قورسایی خۆیان بەسەر شانۆی سیاسی عێراق قووڵتر و چڕتر بكەنەوە. 

بەشێك لەو گرووپە چەكدارانەی ناو حەشدی شەعبی لەلایەن واشنتن كراونەتە ئامانج، دوای ئەوەی ئەمەریكا لیستی داواكارییەكانی بۆ دانوستاندن لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران فراوان كردووە، جیا لە دۆسیەی بەرنامەی ناوكی پشتیوانی ئێران لە گرووپە چەكدارە بریكارەكانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێت بە بەشێك لە گفتوگۆكان. 

هۆشیار زێباری سیاسەتوانی كورد و وەزیری دەرەوە و دارایی و جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی سی بی سی نیوزی ئەمەریكی لە ماڵەكەی لە پیرمام گوتی، بەشێك لەو گرووپە چەكدارانە ئێستە باڵی سیاسییان هەیە و بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد و ئێستە خاوەنی 70 كورسی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن، لەوانەیە ژمارەی كورسییەكانیان زیاتریش بێت. 

زیاتر گوتی، ئەوان لە ژێر فشاری زۆردان، دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕوونی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ هیچ حكوومەتێكی عێراقی ناكات، كە ئەندامانی حكوومەتەكە لە ناو گرووپە میلشیاكانەوە بن، بەتایبەت ئەوانەی ناویان خراوەتە لیستی تیرۆر و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، ناویان خراوەتە لیستی تیرۆر و سزاكانەوە. 

زێباری دەڵێ، بەشێك لەو میلیشیایانە ئێستە دەستیان بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی سەرباز كردووە، بۆ ئەوەی لە كاتی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، خۆیان وەك بكوژ بە هێزەكانی ئەمەریكا بتەقێننەوە. 

كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق كە یەكێكن لە بەهێزترین گرووپە نیوچە سەربازییەكانی شیعە لە عێراق، پارە و مەشق لە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، باڵە سیاسییەكەی بە ناوی بزووتنەوەی حقووق شەش كورسی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ڕابردوو بە دەست هێنا. 

لەلایەكی ترەوە دلاوەر عەلائەدین دامەزرێنەری پەیمانگەی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "میری" لە هەولێر گوتی، بەشێوەیەكی گشتی مالیكی پێوەستە بە ڕابردووە خراپەكەیەوە، بۆیە تەنانەت شیعەكانیش لەبارەی مالیكییەوە دابەش بوون و یەكهەڵوێست نین. 

وەك جێگرەوەی مالیكیش سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، سەرۆك وەزیرانی ئێستە محەمەد شیاع سوودانی، یان حەمید شەتری سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی عێراقە، تا وەك كاندیدی شیعە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق دیاریی بكرێت. 

نووری مالیكی لە 2006 تا 2014 دوو خول لەسەر یەكتر پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عێراقی وەرگرت و لە سەرەتا ئەمەریكییەكان پێشوازییان لێ كرد، بەڵام دواتر فشاری زۆریان لەسەری دروست كرد، بەهۆی تۆمەتباركردنی بە گەندەڵی و مەزەوگەرایی و زەوینە خۆشكردن بە هاتنی چەكدارانی داعش بۆ عێراق. 

دلاوەر عەلائەدین لەوبارەیەوە دەڵێ، لە سەردەمی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی عێراق لەلایەن مالیكییەوە، ئەمەریكییەكان كشانەوە و داعش سەریهەڵدا و ناكۆكییەكان لەگەڵ كورد نزیكبوونەوە لە پێكدادان و عێراق ئێستە وەك ئەوكاتی دوای ڕۆیشتنی لە دەسەڵات نییە. سەرنجی ئێستەی عێراق لەسەر هەڵسانەوە و چاكبوونەوەیە دوای دەیەیەك لە دوو دەیە لە ململانێ و ناڵاندن. زۆرن مەترسی ئەوەیان هەیە كە ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران سەردەكێشێ بۆ عێراق. 

سەبیحە ئیسماعیل بەڕێوەبەری قوتابخانە كە ئێستە له ساڵانی حەفتای تەمەنیدایە و خەڵكی بەغدایە و ئێستە لە هەولێر كار دەكات گوتی، عێراق چیی كردووە تا ببێتە گۆڕەپانی جەنگی ئێران، داوا دەكەین سەركردەكانی عێراق، سەركردەی ڕاستەقینە بن، نەك بەكرێگیراو و بریكاری ئێران.


وشە - باز ئه‌حمه‌د