ئه‌مه‌ریكا داوای جۆرێك له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بۆ كورد له‌ سووریا ده‌كات

:: AM:10:18:14/02/2026 ‌
ڕێككەوتنی وەستاندنی شەڕ و ئاگربەست لەلایەن هەسەدە و دیمەشق كە لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانی دەكرێ لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پرسیاری زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەهۆی ئەوەی كوردەكان هەوڵ بۆ پاراستنی بەشێك لە دەسەڵاتەكانیان دەدەن، سەرەڕای ئەوەی بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكانیان لە دەست داوە لە ئەنجامی جووڵە و پێشڕەوی خێرایی هێزەكانی سەربە حكوومەتی سووریا، هاوكات به‌رپرسێكی بیانیش ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ریكا هانی شه‌رعی داوه‌ كه‌ جۆرێك له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری به‌ كورد له‌ سووریا بدرێ، به‌ جۆرێك نه‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له‌ دیمه‌شق.

سەرەڕای بوونی ڕێككەوتن، بەڵام توانای سەركردە نوێیەكانی سووریا لە ژێر پرسیارە بۆ بەدیهێنانی ئارامی لە وڵاتەكە كە 14 ساڵان جەنگ بە تەواوی شەكەتی كردووە و چەندان هەڵمەتی توندوتیژیش دژی پێكهاتەكانی تر ئەنجام دراون، ڕێككەوتنەكەی هەسەدە و دیمەشقیش لەلایەن حكوومەتەوە بە گومانەوە لێی دەڕوانێ، چونكە ئیسلامییە سیاسییەكان ڕابەرایەتی حكوومەتەكە دەكەن. 

ئەوەی ئێستە ڕوو دەدات لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نوێترین ململانێیە لە دوای نەهێشتنی ڕژیمی بەعسی سووریا لە دەسەڵات لە كانوونی دووەم/یەنایەری 2024ەوە، دوای چەند مانگێك لە بێدەنگی، دواجار دیمەشق دەستی بەسەر ناوچەیەكی فرەوانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات گرت كە ئەو ناوچانە لەلایەن كوردەكانەوە بەڕێوە دەبرێن. 

بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوانیشیان پێویستە سەرجەم هێزەكانی هەسەدە تێكەڵ بە هێزەكانی حكوومەت بكرێنەوە، لە 29ی كانوونی دووەم/یەنایەریشەوە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە خرانە ئەرزی واقیعەوە و چەند گرووپێكی بچووكی هێزەكانی حكوومەت چوونە ناو شارەكانی ژێر دەستی هەسەدە و چەكداران لە هێڵەكانی پێشەوە كشانەوە، دوێنێ هەینیش حكوومەتی دیمەشق فەرمانی دامەزراندنی پارێزگارێكی كوردی بۆ پارێزگای حەسەكە ڕاگەیاند. 

بەڵام ئەمە كۆتایی بە گرفتەكان ناهێنێت، دەیان بەرپرسی كارگێڕی و سەربازی هەسەدە بەردەوام پرسیاری زۆر دەكەن، دووپات دەكەنەوە كە تا ئێستە گرفتە سەرەكییەكان چارەسەر نەكراون، لەوانە چۆنیەتیی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لەگەڵ سوپای دیمەشق، هەروەها چارەنووسی ئەو چەكە قورسانەی كە لە ژێر دەستی هەسەدەدان چی دەبێت؟ هاوكات دەروازەی سێمالكا كە خوێنبەری ژیانی خەڵكی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا چۆن چۆنی بەڕێوە دەبرێت. 

نوا یونسی لە گرووپی تەنگژەی نێودەوڵەتی لەوبارەوە گوتی، پرسیار لەبارەی قەبارەی ئەو دەسەڵاتەیە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات دەیانەوێ لە دەستی خۆیان بیهێڵنەوە، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەبێتە هۆی پەلەكردن و خێراتركردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، ئەوەی ئێستە دەبینرێ زیاتر لە سیناریۆیەكی پاشەكشەكردن لەسەر ڕێككەوتننامەكە دەچێت، بەوهۆیەوە ئەگەری هەڵەكردن زۆرە كە ئەمەیش وا دەكات، دووبارە گرژی و پێكدادان لە نێوان هەردوولا تا ئێستەیش بە ڕێژەیەكی بەرز ئەگەری ڕوودانەوەی هەبێت. 

بەرپرسێكی وڵاتانی ڕۆژئاوا بێ ئەوەی ناوی بڵاو بكاتەوە گوتی، واشنتن كە لە ڕۆژانی ڕابردوو بەشێك لە هێزەكانی لە سووریا كشاندەوە، لە تەك ئەوە ئەمەریكا ڕازییە لەو پێشڤەچوونانەی بۆ تێكەڵكردنی هەسەدە و سوپای دیمەشق نراون، هاوكات هانی شەرعی داوە كە نەرمی تا ئەوپەری توانا بەكار بهێنێت، لەگەڵ داواكارییەكانی هێزەكانی سورویای دیموكرات. بەرپرسەكە دەڵێ، واشنتن ئامۆژگاریی دیمەشقی كردەوە كە خۆیان لە گرتنەبەری هەڵوێستی توند بەدوور بگرن، ئەگەر كوردەكان ویستیان لەوە بێ كە جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆییان پێ بدرێ، چونكە ئەوە  نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی ناوەندی لە دیمەشق. 

لە ڕێككەوتنەكەی نێوانیان هاتووە كە وەزارەتی بەرگری سووریا لە باكوری ڕۆژهەڵات هێزەكانی هەسەدە تێكەڵی سوپا لە سێ لیوای جیاجیا دەكات، هەروەها 15 ئۆتۆمبێلی تەناهی حكوومی لە قامیشلۆ و حەسەكە بوونیان دەبێت، تا هەنگاو بە هەنگاو هێزەكان تێكەڵی یەكتر بكرێنەوە، پرۆسەی بڵاوەپێكردنی هێز ماوەی مانگێگە دەستی پێ كردووە، بەڵام لە تەك ئەوە حكوومەتی دیمەشق هەوڵی چوونە ناو شاری سوەیدا دەدات كە زۆرینەوەی دانیشتووانی لە دروزەكانن، لەوێ كردەی توندوتیژی بەردەوامی هەیە، لە دیوێكی ترەوەیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە هەزاران گیراوی داعشی لە گرتووخانەكانەوە بە فەرمی بۆ عێراق گواستەوە. 

بەڵام ئاماژەكان باس لە بوونی ناكۆكی لە ئەرزی واقیع بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دەكەن، دوو بەرپرسی تەنانی حكوومەتی سووریا دەڵێن، هەسەدە حكوومەتی دیمەشق بە گەمارۆدانی كۆبانێ تۆمەتبار دەكات كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابڕێنراوە و كۆبانێ بە تەنیا ماوەتەوە، هاوكات عەرەبەكان كە لە ناوچەكانی ژێر دەستی هەسەدە دەژین هەست بە ترس و نیگەرانی دەكەن، بەتایبەت لە حەسەكە كە ژمارەیەكی زۆری عەرەبش تێیدا دەژین. 

پێشتر مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات گوتی، سێ لیوا دروستكراوەكە لە هێزەكانی هەسەدە لە قامیشلۆ و حەسەكە و دێرك لە نزیك سنوورەكانی عێراق جێگیر دەكرین، بەڵام بەرپرسانی دیمەشق دەڵێ، گەیشتوونە بە لێكگەیشتنێكی بنەڕەتی لەبارەی شوێنی ئەو لیوایانە و لە نزیك قامیشلۆ جێگیر بكرێن، هەرچەندە ئەمە تەنیا لێكگەیشتنە و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە. 

سەرچاوەكانی سەربازی دیمەشق دەڵێ، هەسەدە دەیەوێ لیواكان یەكێكیان لەسەر چیای عەبدولعەزیزی نزیك شاری حەسەكە و ناوچەی مەتەلەی باشووری حەسەكە جێگیر بكرێن، ئەمانەیش لەسەر تۆڕێكی فرەوانی تونێلن لە ناوچەكە، بەوهۆیەوە دیمەشق ئەوە بە تەواوی ڕەت دەكاتەوە، سازشەكانی هەسەدەیش تا ئێستە بەشێوەیكی سیمبۆلی و زارەكین و بە كردەیی سازشی تەواویان نەكردووە. هەسەدە تا ئێستە كێڵگە نەوتییەكانی رومێلان و سوەیدییەی نزیك قامیشلۆ و فڕۆكەخانەی قامیشلۆیشی بە تەواوی ڕادەستی دیمەشق نەكردووە.  

عەبدولكەریم عومەر بەرپرسێكی باڵای كورد لەوبارەیەوە بە پێگەی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هێزەكانی حكوومەت لە ناوچەكان دەكشێنەوە، دوای هاوئاهەنگی و دانانی میكانیزمی تێكەڵكردنەوەی هێزەكان، هێزەكانی ئاسایش بەشێك دەبن لە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ كە ئەو ناوچانە لە ناوخۆ دەپارێزن، پێویستی بە گفتوگۆی درێژ هەیە بۆ جێبەجێكردنی تەواوەتی ڕێككەوتنەكە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د