ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی بابەتێكی دەیڤد ئەگناتیۆسی شرۆڤەكاری كاروباری تەناهی بە ناونیشانی "ململانێ دراماتیكی لە نێوان سعوودیە و ئیمارات، هەڕەشە لە ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساتێكی هەستیار دەكات"، تێیدا باس لەوە دەكات كە ناكۆكییە زۆرەكانی ئەمدواییەی نێوان ڕیاز و ئەبوزەبی لە كاتێكدایە، ناوچەكە بە دۆخێكی هەستیار تێدەپەڕێت، هەردوو وڵاتیش بزوێنەری سەرەكی پڕۆژەی نوێكردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.
لە كاتێكدا ئێران ڕووی لە لاوازییە و گرووپە بریكارەكانی پاشەكشە دەكەن، كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكی گەیشتووەتە كەنداو، دەبوو ئەو دوو وڵاتە لەو دۆخەدا ئاهەنگ بەیەكەوە بگێڕن، بەڵام ئەوەی دەیبینین شتێكی تەواو پێچەوانەیە، هەردوو وڵات چوونەتە ناو ناكۆكی فراوان و قووڵ كە ئەمە ناوچەكە بەرەو جەمسەرگیری زیاتر دەبات.
ئاماژەی داوە، شانشینی عەرەبی سعوودیە هانی دیاردەی هێرشی میدیایی فراوان لە دژی ئیمارات دەدا و بە "شەیتانی عەرەب" ناوی ئیمارات دەهێنێت كە فەرمان لە ئیسرائیل وەردەگرێ، ئەمەیش یاریكردنی سعوودیەیە بە ئاگر. گڕی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە كۆتایی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ساڵی ڕابردوو كڵپەی سەند، سەرەتا وەك ململانێ بۆ ستراتیجی گونجاو بە ئامانجی كۆتاهێنانی شەڕی بەردەوامی یەمەن دەستی پێ كرد، بەڵام ڕووی لە هەڵچوونی زیاتر كرد و ناكۆكییەكان بۆ شەڕی میدیایی و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەلایەن هەردوولا گوێزراونەوە.
سعوودییەكان بەردەوامن لە هێرشكردنە سەر ئیمارات و بە "ئەسپی تەڕوادەی ئیسرائیل" ناوی دەبەن، سەركۆنەی پەیماننامەی "ئەبراهام"یان كرد كە ئیمارات چووەتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە و وەك هاوپەیمانییەكی سیاسی و سەربازی لە ژێر پەردەی ئاینەوە دروست بووە، بەرپرسانی ئیمارات نایشارنەوە كە سعوودییەكان ئەو هەڵمەتی هاندانەیان دەست پێ كردووە كە خۆی لە دەوری پێوەندییەكانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل دەبینێتەوە.
ژمارەی بڵاوكراوەكان لە سعوودیە بە ڕێژەیەكی بەرچاو بۆ ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل زیادی كردووه، دوای ئەوەی كە سعوودیە هێزە هاوبەشەكانی ئیماراتی لە یەمەن لە 30ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردوو بۆردمان كرد. سعوودییەكان لەوكاتەوە بەردەوام هێرش دەكەن و 77%ی كۆمێنت كە بۆ ئیماراتییەكان دێ لەلایەن سعوودییەكانەوە كە بە بەكرێگیراوی ئیسرائیل و جێبەجێكاری پلانی زایۆنیزم بۆ دابەشكردنی وڵاتانی عەرەب تۆمەتباری دەكەن، بەدواداچوونێكی میدیایی ئەوەی دەرخستووە.
شرۆڤەیەكی تر كە بۆ تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەلایەن كۆمپانیای ئۆربیس ئۆپەرەیشنەوە كۆمپانیایەكی ڕاوێژی تەناهی و نیشتمانییە ئەنجام دراوە و دەڵێ، سعوودییەكان زۆر بەكاریگەری و قووڵەوە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كار دەكەن، كە سەرانی باڵای ئیمارات بە تاوانباری كڕین و فرۆشتنی منداڵان بۆ مەبەستی سێكسی "جێفری ئێپستین" ببەستنەوە و تۆمەتی زۆریان لەوبارەیەوە بۆ دروست دەكەن. سەرەڕای ئەوەی ئیمارات تۆمەتبار دەكەن بەوەی پشتیوانی و پارەی بە هەڵمەتێك لە دژی ئیسلام لە ئەوروپا داوە و ئەمەیش بە درێژكراوەی سیاسەتی ئیسرائیل ناو دەبەن.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی كۆمپانیای ئۆربیس ئۆپەرەیشنەر بڵاوی كردووەتەوە، ناكۆكیی سعوودیە و ئیمارات كە هەردووكیان هاوپەیمانی گرنگ و ستراتیجی ئەمەریكان لە ناوچەكەدا، مامەڵەی ئەمەریكا لەو ناوەندەدا قورس دەكات، لە كاتێكدا هەردووكیان هێزی هەرێمی باڵادەستن، بەڵام كەللەڕەقیشیان لەگەڵ یەكتر گەیشتووە بە لووتكە، سەرەڕای ئەمانەیش ئەمەریكا ڕەتی كردووەتەوە كە ناوەندگیریی نێوان هەردوو وڵات بكات، تا ناكۆكییەكان كاڵ بكەنەوە و لەگەڵ یەكتر ئاشت ببنەوە.
بەرپرسان دووپات لەوە دەكەنەوە كە هەستی كەسیی قووڵ لە پشت ئەو ئاكارەوە هەیە، بۆیە ناوەندگیریكردن كارێكی قبووڵكراو نییە، سەرەڕای ئەوەی ئەو ناكۆكییە گرنگییەكی زۆری لای سەرۆكی ئەمەریكا هەیە كە مامەڵەی بەهێز لەسەر هەردوو وڵات دەكات لە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترەمپ پێویستی بە پشتیوانییەكی یەكگرتووی وڵاتانی كەنداو هەیە لە پەراوێزی هەڕەشەكانی بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ئێران، هەوڵەكانی بۆ داماڵینی بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە و باشتركردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ سووریا و لبنان كە دوو وڵاتی تەواو لەرزۆكن.
جۆن گانۆن ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئەمەریكا دەڵێ، سعوودییەكان گوێڕایەڵیان دەوێ، یان بەلایەنی كەمەوە ئیمارات كۆك بێ لەگەڵ سیاسەتەكانی لە ناوچەكەدا، بەڵام ئیماراتییەكان ئەمە ڕەت دەكەنەوە و دەیانەوێ ئازاد بن لە هەڵبژاردندا. قووڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیش لە كاتێكدایە كە پێشتر هەریەك لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە و محەمەد بن زاید ئالنهیان سەرۆكی ئیمارات، وەك دوو دۆستی نزیك و متمانەپێكراوی یەكتر دەردەكەون. لە ساڵی 2015 و 2016 سەرۆكی ئیمارات یارمەتیی زۆری جێنشینی سعوودیەی دا لەبارەی چۆنیەتیی نۆژەنكردنەوەی شانشینی عەرەبی سعوودی خۆپارێز، بۆیە چاودێران پێوەندیی ئەو دوانەیان وەك برا گەورە و بچووك و باوك و كوڕ ناو دەبرد.
بەڵام وەك دەگوترێ، باشییەكان بێ سزا نین، لەوكاتەوەی محەمەد بن سەلمان سەركەوتوو بووە لە گۆڕینی سعوودیە و فراوانكردنی دەسەڵاتی خۆی، چاودێری و سەرپەرشتیی ناڕاستەوخۆی ئیماراتی بەسەر خۆی و دەسەڵاتەكانی بچووكتر و كەمتر كردووەتەوە، نایەوێ سعوودیە ڕاوێژ و ئامۆژگاری لە وڵاتێكی بچووك و بێهێز وەربگرێت.
هاوكات ئیماراتییەكانیش نایانەوێ فەرمان لە هێزێكی هەرێمی وەك ڕیاز وەربگرن كە خەریكە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكە دەسەپێنێت، ئەمەیش وایكردووە كە ناكۆكییەكان قووڵتر ببنەوە و جۆرێك لە ناكۆكی ماڵباتی لە نێوان ماڵباتی فەرمانڕەوایی هەردوو وڵات دروست بووە و پێوەستە بە پارە و دەسەڵاتەوە، بەڵام لەسەر ئاستێكی قووڵتر پێوەستە بە ئیرەیی و قینە لە دژی یەكتر.