تەنگژەی بەنزین لە عێراق بە تەنیا ئۆتۆمبێلی نەگرتووەتەوە، بەڵكوو گەیشتووەتە فڕۆكەخانەكانیش و سووتەمەنیی فڕۆكەیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەیش پسپۆرانی تووشی سەرسوڕمان كردووە، چونكە بەرهەمی ڕۆژانەی بەنزین لە عێراق دەتوانێ پێویستی ناوخۆیی پڕ بكاتەوە و بەشی چەند مانگێكیش بەنزین لە ئەمبارەكانی عێراق هەن، كەواتە بەنزین كە بەشی پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ هەیە، بۆچی ناگاتە بەنزینخانەكان و چیی بەسەر دێت؟
ئێستە لە
عێراق ڕۆژانە 30 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێن و دەخرێنە بازاڕەكانەوە، ئەمەیش هاوتایە لەگەڵ پێویستی ناوخۆیی بەنزین لە عێراق جیا لە هەرێمی كوردستانەوە، چونكە ڕۆژانەیش ئۆتۆمبێلەكان لە عێراق پێویستیان بە 30 ملیۆن لیتر لە وڵات هەیە، جیا لە توانای بەرهەمی ڕۆژانە كە بە بەردەوامی دەخرێتە بازاڕەوە، بەنزینی ئەمباركراویش لە عێراق بڕەكەی 135 ملیۆن لیترە، ئەمە خەڵكی تووشی سەرسوڕمانێكی گەورە كردووە كە ئەو بەنزینەی بەرهەم دێت، چیی بەسەر دێ و بۆچی ناگاتە بەنزینخانەكان تا تەنگژەی بەنزین كە لە چەند پارێزگەیەكی عێراق سەریهەڵداوە كۆتایی پێ بێت.
مستەفا فەرەج پسپۆری ئابووری لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنامەی "ئەلعالەم ئەلجەدید" ڕای گەیاندووە، ڕێژەی بەرهەمی بەنزین لە عێراق ڕۆژانە دەگاتە 30 ملیۆن لیتر و 135 ملیۆن لیتریش یەدەگ بوونی هەیە، ئەو ژمارانە بەسن بۆ پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ بۆ بەنزین، بەڵام هۆی تەنگژە و كێشەكە لەوە نییە كە بەنزین بوونی نییە، بگرە بۆ خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵی لە دابەشكردنی بەنزین بەسەر پارێزگەكان دەگەڕێتەوە.
پێشتر سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگەی بەسرە ئیمان مالیكی ڕای گەیاند، بەشێك لە تەنگژەكە بۆ هۆكاری لۆجستی و گواستنەوەی بەنزین لە ڕێگەی تانكەرەكانەوە دەگەڕێتەوە، گرانیی نرخی گواستنەوەی بەنزین كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بڕی بەنزینی گەیشتوو بۆ پارێزگەكانی تر هەیە، جیا لەوەی بەشێك لە خەڵكی نیگەرانن لەوەی كە بەسرە نەگات بە قۆناغی بەرهەمهێنانی فراوانی بەنزینی موحەسەن دوای كارپێكردنی پرۆژەی ئێف سی سی، بە كردەییش تا ئێستە نەگەیشتووەتە حاڵەتی بەرهەمهێنانی بەنزین.
مستەفا فەرەج دەڵێ، هۆیە ڕاستەقینەكەی تەنگژە خۆی لە خراپی بەڕێوەبردن و دابەشكردن و كاركردن بە سیستمی بەشبەشێنە دەگەڕێتەوە، ئەمەیش بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بڕی بەنزین لە شارەكان دادەنێت. جیا لەوەیش لە بەشێك لە ناوچەكان ڕێژەی بەكارهێنان ڕووی لە زیادبوون كردووە، زۆر هاتن و چوونیش هۆكارێكی ترە، چونكە لە 15 ڕۆژی ڕابردوو پشووی نیوە ساڵ بوو لە قوتابخانەكان و سەردانیكردنی شارە پیرۆزەكان، بەوهۆیەوە پێویستی بەنزین لە 30 ملیۆن لیتری ڕۆژانە بۆ 33 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین لە ڕۆژێكدا بەرز بووەوە. جیا لە ڕۆتینی كارگێڕی پێوەست بە سیاسەتی دارایی، بۆیە هەر سیستمێكی دابەشكردن كە ئامانجی كەمكردنەوەی تێچوو بێ، كاردانەوەی لەسەر شێوەی كەمكردنەوە لە بڕی دابینكراو بۆ ویستگەكانی بەنزین دابەشكردن دەبێت، سەرەڕای ئەوەی كە بەنزینی پێویستیش لە عێراق بوونی هەیە.
ئەو پسپۆرە ئابوورییە نایشارێتەوە كە تەنگژەكە هەر لە ئۆتۆمبێلەوە نەوەستاوە، بگرە گەیشتووەتە فڕۆكەخانەكان و مۆلیدەكانیش كە هیچ پێوەستییەكیان بە كەمیی بەرهەم نییە وەك ئەوەی پێوەستە بە ناكۆكی و كێشەی كارگێڕییەوە. ئەوەی لە فڕۆكەخانەی نەجەف ڕووی دا و بووە هۆی وەستاندنی گەشتی فڕۆكەكان دەرئەنجامی ئەو گرفت و كێشە كارگێڕییانەیە، هاوكات كەرتی كارەبایش بە دەست كەمی غازی سروشتی دەناڵێنێت و تواناكانی بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، ئەمە وایكردووە خەڵك زیاتر پشت بە كارەبای مۆلیدە ببەستن كە بەگاز كار دەكات، ئەمەیش فشار لەسەر بەنزین و سووتەمەنی دروست دەكات.
پێشتر كۆمپانیای هێلی فڕۆكەوانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی نەجەف، سەرجەم گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی نەجەفەوە بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا گوێزراونەتەوە، وەك هەوڵێك بۆ دوانەكەوتنی گەشتەكان و بەردەوامبوونی جووڵەی گەشتیاران.
لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان لە عێراق ئاشكرای كرد، پێشتر ئامادەكاریی كردووە و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كە لە فڕۆكەخانەی نەجەف كار دەكەن، سووتەمەنی پێویستی بۆ سەرجەمیان ڕەوانە كردووە، ئێستەیش جارێكی تر دەستمان بە ئامادەكاری كردووەتەوە، تا بڕێكی زۆری سووتەمەنی فڕۆكە بگەیەنینە فڕۆكەخانەكە.
لە كۆتاییدا مستەفا فەرەجی پسپۆر دەڵێ، هەموو سەرچاوەكان پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە، كێشە لە دابەشكردن و بەڕێوەبردنی بەنزین و سووتەمەنیدایە، بۆیە ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی و دانانی سیستمێكی شەفاف دەبێتە هۆی كۆتاهاتن بەو تەنگژەیە، بە پێچەوانەوە كاریگەریی خراپی لەسەر خەڵك و ئابووری عێراق دروست دەبێت.