دوای ئەوەی لە كۆتاكانی 2024 رژێمی بەشار ئەسەدی رووخاند، لە 2026 ئەمەریكا لە سووریا چەند هەنگاوێكی كردەنی هاوێشت، زۆرینەی شارەزایان ئەوەی ئێستە بە سەردەمی یەكەم ماوەی سەرۆكایەتیی ترەمپ دەبەستنەوە، كاتێك باسی كشانەوەی سوپای ئەمەریكای لە سووریا دەكرد، بۆیەش خەریكە ئەو هەنگاوەی جێبەجێ دەكات تا ئاستی كشانەوەی یەكجارەكی لەو وڵاتەی شوێنێكی گرنگی جوگرافی بۆ ئیسرائیل و ئاسایشەكەی هەیە.
ئەوەی لە
سووریا رووی دا لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی دوای هێرشەكەی حەماس لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 دێت، كە بووە دەستپێكی گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكە و دوای هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی خەریكی دانانی خاڵەكانە لەسەر پیتەكان، دوای لاوازكردنی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە و نەهێشتنی دەسەڵاتەكەی و لەناوبردنی توانا سەربازییەكانی حزبوڵای لبنانی و لاوازكردنی، رژێمی بەشار ئەسەدی لە سووریا رووخاند و رژێمێكی توندڕۆی سوننەی كۆتكراوی لە بری ئەو دامەزراند.
ئێستە باسی كشانەوەی سەربازییانەی ئەمەریكا لە سووریا دەكرێت، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكاش دوای جێبەجێكردنی چەند خاڵ و رێوشوێنێكی گرنگ دێت، لەوانە یەكخستنی خاكی سووریا و بەهێزكردنی دەسەڵاتی كاتیی دیمەشق و كردنەئەندامی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بە مانایەكی تر دۆخێكی وای رەخساند كە سووریا پێویستی بە سوپای ئەمەریكا نەمێنێت و تەنیا ژمارەیەك راوێژكار بۆ ئیدارەدانی دۆخەكە بمێننەوە.
شارەزایان پێیان وایە ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت هێشتا ماویەتی، ئەگەری هەیە دوای یەكخستنەوەی سووریا و نەمانی ناوچە كوردییەكان، سوپای توركیاش پاشەكشە بكات، سووریا بە چەندان رێككەوتنی جیاجیای ئابووری و تەناهی لەگەڵ دراوسێكانی ببەسترێتەوە، بەشێوەیەك نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر توركیا و ئیسرائیل و لە لایەن ئەمەریكا ئیدارە بدرێت.
ئێستە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا تەنیا قسە و گریمان و پێشبینی نەماوە و بووەتە بابەتێكی كردەنی و چاوەڕوانی زەنگی كۆتاهاتنی دەكرێت، ئەوەش دوای تەواوبوونی ئەو ئەركەی بۆی هاتبوون، وەك رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باسی كردووە، لە مانگی رابردووەوە سوپای ئەمەریكا دەستی بە كشانەوە لە بنكەی شەدادی لە حەسەكە بە ئاراستەی هەولێر كردووە، دوای ئەو بنكەی سەربازیی تنەفی لە بادیەی سووریا لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سووریا و ئوردنی بۆ سوپای سووریا جێ هێشت و پێشتر 2500 سەربازی ئەمەریكی تیادا بوو.
ئێستە ئەمەریكا ستراتیجیەتی كشانەوەی بە هەنگاو و بە قۆناغی لە سووریا لەسەر دوو بنەما پێڕەو دەكات، یەكەمیان ئاستی بەهێزیی داعش و توانا و مەترسییەكانی ئێستە و داهاتووی، دووەم ئاستی هێز و توانای سوپای سووریا و هێزە تەناهییەكانی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و پووچەڵكردنەوەی هێرش و پلانەكانی، بەپێی سەرچاوە سوورییەكان تا ئێستە ئەمەریكا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سووریا ئەرێنییە، كە پێشتر نەرێنی بوو و ترسی ئەوەی هەبوو بە نەمانی هەسەدە داش بەهێز دەبێتەوە، بەڵام دوای چوونی سووریا بۆ ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دۆخێكی نوێ دروست بووە.
ئەو كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە بنكەكانی شەدادی و تنەف، دوای كشانەوەی لە بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق هات، چەند سەرچاوەیەكی سەربازیی سووریا ئەو كشانەوانەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا و عێراق لە دوو گۆشەوە دەخوێننەوە، یەكەمیان ئەرك و خەرجیی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و عێراق قورس بووە و هیچ سوودێكی گەورەی تەناهی بۆ مانەوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعش نەماوە، بەتایبەتی كە هێزە ناوخۆییەكان دەتوانن ئەو ئەركە بەجێ بگەیەنن، دووەم، ئێستە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد مەترسی لە ئێران نەماوە، كە سووریای كردبووە بنكەیەكی سەربازی و درۆن و مووشەكی لەسەر خاكەكەی دروست دەكرد و چەند سەربازگەیەكی بۆ میلیشیاكانی حزبوڵای لبنانی و حوسییەكان و میلیشیا عێراقییەكان لەوێ دروست كردبوو.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە یەكەم ماوەی سەرۆكایەتی لە 2017 تا 2021 هەوڵی كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا دا، بەڵام دوای ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی سووریا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، بۆچوونی گۆڕی، ئەوەش بەهۆی ترس لە سەرهەڵدانەوەی داعش یان كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لە لایەن ئێران و رژێمی بەشار ئەسەد، بەڵام ئێستە ئەو دوو هۆكارە نەماون، بۆیە ئەمەریكا بڕیاری داوە هێزە سەربازییەكانی لە سووریا بكێشێتەوە.
چەند سەرچاوەیەكی سووریا دووپاتی دەكەنەوە كە پرۆسەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دوای ماوەیەكی نزیك تەواو دەبێت، پرۆسەكە بە تەواوبوونی گواستنەوەی گیراوانی داعش لە گرتووخانەكانی سووریا بۆ گرتووخانەكانی عێراق وابەستەیە كە ژمارەیان حەوت هەزار گیراوە، چونكە هێزەكانی ئەمەریكا ئەو ئەركە بەجێ دەگەیەنن و خەریكە ئەویش تەواو دەبێت و رەنگە مانگێكی پێویست بێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە تەواو بێت و ئەوكات ئەركی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا تەواو دەبێت، ئەگەرچی بەپێی ئاژانسی "رۆیتەرز"، ئەمەریكا بە نیازە بنكەیەكی سەربازی لە نزیك دیمەشق بۆ سەرپەرشتیكردنی رێككەوتنی تەناهیی نێوان سووریا و ئیسرائیل دامەزرێنێت و لەوێوە سەرپەرشتیی دۆخی سووریا لە دیمەشق دەكات.