چوار پەیامی گرنگ لە نێچیرڤان بارزانییەوە

:: PM:07:52:15/02/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە بەشدارییەكەی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هێنا، ئەمەیش دوای سێ ڕۆژ لە زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی وڵاتان و بەرپرسانی باڵای جیهان.

"دەیانەوێ هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیر و بەهێز هەبێت"
ئێوارەی ئەمڕۆیش نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و چەند پرسێكی تر كرد و رای گەیاند، ئەوەی ئەمساڵ زیاتر جێی بایەخ بوو، پرسی سووریا، هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بوو، ئەمانە تەوەری سەرەكی بوون كە هەموو لایەك دەیانەویست گوێبیستی بن و دووپاتمان لە ڕۆڵی خۆمان كردەوە لە هەرێمی كوردستان كە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبین لە ناوچەكە و ئەوەی لەدەستمان بێت هەم لە سووریا و هەم لە عێراقیش دەیكەین تاكو كابینەی نوێی حكوومەت لە عێراق زوو پێكبهێنرێت. 

دووپاتی لەوەیش كردەوە كە سیاسەتی ئەم وڵاتانە هەموویان دەیانەوێ هەرێمی كوردستانێكی سەقامگیر و بەهێز هەبێت لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و "ئەو ئاستەنگ و كێشانەی لەگەڵ بەغدا هەبووە، لەم كۆبوونەوانەدا باسمان لەسەر كردووە".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە كە ئەوەی ئێستە لە سووریا هەیە و ئەو پرۆسەی لەوێ هەیە، هەڵوێستمان لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەكەین، ئەو گفتوگۆیەی كە لەنێوان هەسەدە و حكوومەتی سووریادا هەیە. دەمانەوێ لایەنە كوردییەكانی تریش وەك ئەنەكەسە و ئەوانی تریش بەشداربن لەو گفتوگۆ سیاسییەی ئێستە لەگەڵ دیمەشق ئەنجام دەدرێت. 

ئاماژەی بەوە دا، لەم ڕێككەوتنەدا هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە هەم لەگەڵ توركیا و هەم سەرۆك بارزانیش لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەردەوام قسەمان كردووە، "سیاسەتی ئێمە ئەوەیە كە دەمانەوێ بە شێوەیەكی گشتی ئەم ڕێككەوتنە تەواو و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە، مافی كورد و هەموو پێكهاتەكانی تر پێویستە لە دەستووری سووریا، لە ئایندەدا جێگیر بكرێن.

" پرۆسەكە زۆر هێواشە"
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا گوتی، تا ئەم ساتەش ئەوەی كە دەیبینین، پێموایە ئەمە پرۆسەیەكی رژدە و توركیا بە رژدی دەیەوێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و لەوانەیە پرۆسەكە هەندێك بە هێواشی بەڕێوە بچێت و خەڵك گلەیی لەوە هەبێت كە پرۆسەكە زۆر هێواشە. ئەمەیان ڕاستە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە هەموو لایەك پابەند بن بەوەی كە ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بێت. هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە سوپاسەوە دەڕوانینە هەوڵەكانی هەموو لایەك.

" لەسەر هیچ خاڵێك ڕێكنەكەوتووین"
سەبارەت بە چەقبەستووییی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، "ڕاستە دۆخی سیاسی چەقبەستووە لە هەرێمی كوردستان. پێش 10 ڕۆژ كۆبوونەوەیەكی زۆر باش لەنێوان سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجام درا، كۆبوونەوەیەكی زۆر ئەرێنی و سەركەوتوو بوو، ڕاستە كۆبوونەوەكە دوای ماوەیەكی درێژ ئەنجام درا، بەڵام ئەو دەستپێكردنە دەستپێكردنێكی باش بوو، پێش ئەو ڕۆژەی بێم بۆ میونشن، جارێكی تر كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لەنێوان سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا ئەنجام دراوە و من لەوێ بووم، ئەو كۆبوونەوەیەش كۆبوونەوەیەكی باش بوو. وای بۆ دەچم ڕاستە تا ئێستە لەسەر هیچ خاڵێك ڕێكنەكەوتووین، بەڵام ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە، لەسەر ئاراستەیەكی دروست لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی بگەین بە ئەنجامێك كە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیی عێراقی تێدا بێت."

"بیری قامیشلۆ و عەفرین دەكەین"
لە وەڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بە هەوڵەكانیان بۆ بەشداریكردنی مەزڵووم عەبدی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا و ئاخۆ وادەیەك هەیە كە سەردانی قامیشلۆ و عەفرین و حەلەب و دیمەشق بكات و پەیامیان بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان چییە؟ نێچیرڤان بارزانی گوتی: "با لەوە دەست پێ بكەم، بەڵێ بیری ئەو شوێنانە دەكەین. بیری قامیشلۆ و عەفرین دەكەین و بەڕاستی و بێگومان ئەو بەرنامەیە لە سەردانەكەماندا دەبێت، بەڵام نازانم كەی، پەیامی ئێمە بۆ خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا ئەوەیە كە بەڕاستی دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشانەی بەسەریاندا هاتووە، پشتگیرییەكی گەورە لە هەموو كوردستانیانەوە و لە هەموو شوێنێك بۆ ڕۆژئاوا نیشان درا، ئەمە جێی سەربەرزی و شانازیی هەر كوردێكە لە هەر شوێنێك بێت، ئێستە ئەوەی گرنگە ئەو ڕێككەوتنەی كراوە جێبەجێ بكرێت و پەنا بەخوا ئاوەدانی و شادی و كاری زیاتر بكەوێتە ڕۆژئاوا، لێرە لەگەڵ زۆرێك لە كۆمپانیای وڵاتان و تەنانەت لەگەڵ ئەڵمانیاش ئەوەمان باس كرد كە پێویستە دوای ئەو ڕێككەوتنە دەست بە ئاوەدانی و دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ ڕۆژئاوا بكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم