جۆرشەلیم پۆست: كورد وەك یاریكەرێكی سەرەكیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە میونشن دەركەوتن

:: PM:01:46:16/02/2026 ‌
لە ڕۆژی 13 تا 15ی شوبات/فێبرایەر، كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش لە شاری میونشینی باشووری ئەڵمانیا بە بەشداریی 50 سەرۆك وڵات و سەتان بەرپرس و كۆمپانیای جیهانی ئەنجام درا، لە هەرێمی كوردستانیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و شاندی ڕۆژئاوای كوردستانیش كە لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد پێكهاتبوون، زنجیرەك كۆبوونەوەی چڕیان لەگەڵ سەرانی وڵاتان ئەنجام دا و ڕۆژنامەیەكی جۆرشه‌لیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاوی كردووەتەوە، كورد ڕۆڵی دیپلۆماسی و یاریكەری سەرەكییان لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش بینی. 

هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی میحوەری بینی لە كۆنفرانسەكە كە گرنگییەكی تایبەتی هەیە لە دنیای نوێ بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆی بۆچوونی وڵاتان لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە، هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دیداری لە ئاستی باڵا لە پەراوێزی كۆنفرانسەكە هەبوو، لە ماوەی ڕابردوویش هەرێمی كوردستان پشكی گەورەی لە ئاسانكاری گەیشتنی دیمەشق و كوردانی سووریا بە ڕێككەوتن هەبوو، هاوكات پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و توركیا و وڵاتانی كەنداو زۆرباشە و لە ئارامییەكی تەواودایە. ئەوەیش بەو مانایە دێ كە هەرێمی كوردستان بە كردەیی لە ڕێگەی جەمسەربڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناكۆكییە قووڵەكان، نوێنەرایەتیی میحوەرێكی جیۆپۆلەتیكی زۆر گرنگ دەكات. 

ئەمە لە كاتێكدایە كە گرژییەكان لە ئێران ڕوو لە پەرەسەندن و گۆڕانكاری لە سووریا دەستی پێ كردووە، ترسی زۆر لەسەر تێكچوونی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان بووەتە سیمبولی سەركەوت، ئەمەیش بووەتە جێی چاوتێبڕین، چونكە سەرەڕای ئەوەی هەرێمێكی فیدراڵییە، بەڵام هەژموون و كاریگەریی زۆر جار لە هەژموون و كاریگەریی عێراق زیاتر، لە كاتێكدا عێراق وڵاتێكە و هەرێم سەربە عێراقە. 

ئەمە ناساندن و وەسفكردنێكە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی دنیایش بوونی نەبووە كە هەرێمی خۆبەڕێوەبەر بەمشێوەیە هێز و كاریگەر بێ لە دنیا، بەشێوەیەكی باو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەكان پەراوێز خراون و هەژموونی سنوورداریان هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان لەمە جیاوازە و بووە بە حاڵەتێكی تایبەت و نموونەیی. 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە كۆنفرانسەكەدا لەگەڵ ماركۆ ڕۆبیۆ كۆبووەوە و تاوتوێی هاریكاری و پێوەندییەكانی نێوان واشنتن و هەرێمی كوردستانیان كرد، هاوكات باسی دۆخی سووریایان كرد كە هەرێمی كوردستان بە وردییەوە چاودێریی دەكات، هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فڕەنسایش كۆبووەوە كە پشتیوانێكی گرنگی مافەكانی كورە لە ناوچە، كە یەكێكە لە وڵاتە كاریگەرەكانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا. 

هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی هەیە و ساڵانەیش لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش و كۆڕبەندی داڤۆس ئامادەیی كارای هەیە، ئەمەیش یارمەتیدەرە تا سوود لە ناوچەكە وەربگرێت، لە ڕووی سیاسەتی دارایی و جیۆپۆلەتیك بۆ پێگەی هەولێر. چونكە تا ئێستەیش هەولێر ڕۆڵێكی میحوەری لە ناوچەكە دەبینێ و لە گەشەكردنێكی خێرایی ئابووریدایە، بووە بە دیارترین چیرۆكی سەركەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوام لە گرژییەكانی ناوچەكە ڕۆڵی ئارامكەرەوە و گەیەنەری لایەنە ناكۆكەكان بەیەكتر دەگەیەنێت. 

62 ەمین خولی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش بۆ ئەمساڵ بە بەشداریی 50 سەرۆكی وڵات و حكوومەت لە سەرانسەری دنیا بەشدارییان تێدا كردووە، لە ناویاندا سەركردەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و شاندێكی باڵای حكوومەتی ئەڵمانیایش بە سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاری ئەو وڵاتە فریدریش مێرتس، سەرۆكی فڕەنسا ئیمانوێل ماكرۆن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا  ماركۆ رۆبیۆ و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشدارن. سازكردنی ئەو كۆنفرانسە لە كاتێكدایە كە دنیا لە بەردەم تەنگژەیەكی گەورەی متمانەدایە، گرژییەكان لە پێوەندییەكانی جەمسەرەكانی هەردوولای زەریای ئەتڵەسی ڕوو لە بەرزبوونەوەدا.  

كۆنفرانسی ئەمساڵ باس لە پرسی ئاسایش و بەرگری لە ئەوروپا و داهاتووی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەودیوی زەریای ئەتڵەسی، ڕوانین و كێبەركێكان لەسەر سیستمی جیهانی و شوێنپێی تەناهی لە پێشڤەچوونی تەكنەلۆجیا دەكات، دوێنیش چەندان دیبەیت و كۆڕ و كۆبوونەوە وەك كارنامەی یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكە هاتنە سازكردن. 

لە ماڵپەڕی كۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایشدا هاتووە، ئەو كۆنفرانسە بۆ یەكەمجار لە پایزی 1963 دامەزرێنراوە و لەگەڵ ئەوكات گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، سەرەتا لە ژێر ناوی "كۆبوونەوەی سەربازی نێودەوڵەتی" لەسەر دەستی ئەفسەرێكی پیادەی سوپای پێشووی ئەڵمانیا بە ناوی "ئیڤالد فۆن كلایست" دامەزراوە، ئەو ئەفسەرە پێشتر لە جەنگی دووەمی جیهانی پشكداری كردووە و یەكێكیش بووە لەو كەسانەی پلانی كوشتنی ئەدۆڵف هیتلەری سەركردەی نازییەكانی داناوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د