لەمدواییە ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادانی چەكداری لە نێوان گرووپە چەكدارە مافیا و تاوانبارەكان لەگەڵ ئەندامانی هێزە تەناهییەكانی حكوومەت، لە چەند پارێزگایەكی عێراق دووبارە دەبێتەوە و قوربانی لە ڕیزی هێزەكانی حكوومەت لێ دەكەوێتەوە، مەترسی هەیە ئەو گرووپە مافیا چەكدارانە كە لە گرووپی ڕێكخراو لە پارێزگا جیاجیاكان بوونیان هەیە، ببن بە گرفتێكی گەورە بۆ ئاسایشی شارەكان و دیاردەی تاوان و كوشتن و بڕین لە عێراق ڕوو لە بەرزبوونەوە بكەن.
زۆربوونی چالاكی و بەیەكدادانی هێزەكانی تەناهی لەگەڵ گرووپە مافیا چەكدارە ڕێكخراوەكان، پرسیاری زۆری لە شەقامی
عێراق و لە ناوەندە تەناهییەكان دروست كردووە، هاوكات گومانیشی لەسەر هێزەكانی تەناهی و ئامادەییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو گرووپە تاوانبارە ترسناكانە دروست كردووە. بەتایبەت ئەو گرووپانەی كە بازرگانی بە هۆشبەرەكان دەكەن و توانیویانە گرووپی چەكداری بۆ پاراستنی خۆیان دروست بكەن، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق پلانیكی مەیدانی وردی داڕشت كە كاری هاوبەش لە نێوان هەواڵگری و هێزەكانی تری بكرێ، بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە عێراق سێ ڕووداوی خوێناوی كە كوژران و برینداربوونی هێزەكانی تەناهی لێ كەوتەوە، ئەمەیش وەك ئاماژەیەك بۆ بەرزبوونەوەیەكی مەترسیدار و فراوانبوونی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەوڵەت لەلایەك و گرووپە تاوانبارە چەكدارەكان لەلایەكی ترەوە، لە پارێزگای بەسرەی ئەوپەڕی باشووری عێراق، وەزارەتی ناوخۆ هەینی ڕابردوو كوشتنی یەكێك و برینداربوونی سێ ئەندامی تری هێزەكانی تەناهی لە میانەی بەیەكدادان لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتەكەدا هاتووە، كۆمیسەر جەبار ئەلبوساڵح یەكێك لە ئەندامانی فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانی لە شارۆكەی قوڕنە، كە هێزەكانی تەناهی ڕووبەڕووی تەقەكردنی ڕاستەوخۆ بوونەوە، لەوكاتەی خەریكی هەڵكوتانە سەر تۆمەتباران بوون لە دۆسیەیەكی كوشتن كە لەسەر كێشەیەكی عەشایەری بووە، ئەو تۆمەتبارانەی بۆی چوون، خۆیان نەداوە بەدەستەوە و كەسانی تریشیان لەگەڵ بووە و بەیەكدادان لەگەڵ هێزەكانی تەناهی دروست بووە، بەو هۆیەوە كۆمیسەر جەبار كوژرا و سێ ئەندامی تری پۆلیسی بەسرەیش بریندار بوون.
دوای گەیاندنی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە، هێزەكان هەڵمەتێكی فراوانتریان لە ناوچەكە دەست پێ كرد و گەڕان و پشكنین لە ناوچەكە ئەنجام درا، لە ئاكامدا هەشت تۆمەتبار گیران كە چواریان لە تاوانەكان تێوەگلاون بەشێوەی ڕاستەوخۆ، دوای گرتنیان ڕێوشوێنی یاسایی گیرانەبەر و ڕادەستی دادگا دەكرێن، تا بەگوێرەی یاسا سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.
لە هەمان ڕۆژدا ئەفسەرێكی هێزەكانی تەناهی كوژرا، لەو كاتەی بە دوای كۆمەڵێك گەنج كەوتبوو كە ئالوودەی كێشانی هۆشبەرەكان بوون، دوای ئەوەی ئەو گەنجانە بە ئۆتۆمبێلەكەیان، خۆیان بە ئۆتۆمبێلی هێزەكانی تەناهی بەغدا كێشا و لە ئەنجامدا ئەفسەرێك گیانی لە دەست دا، لەلایەنی ترەوە لە كەربەلا، ئەفسەرێك بە پلەی ڕائید بە ناوی سەلام ئەحمەد محەمەد و كۆمیسەرێكی پۆلیس بە ناوی عەلی عەیووش كوژران، لەوكاتەی فەرمانێكی دادگایان جێبەجێ دەكرد كە فەرمانی گرتن بوو بۆ هاووڵاتییەكی شارەكە، بەڵام تۆمەتباری داواكراو و براكەی بە فیشەك وەڵامی هێزەكانی تەناهییان داوەتەوە و لێیان كوشتوون.
ئەو ڕووداوانە گۆڕانكارییەكی ڕوون لە ئاكار و شێوازی كاری مافیاكان بەتایبەت تۆڕەكانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان و گرووپە چەكدارەكانی پێوەست بە ناكۆكی ناوخۆیی دەكەن، دۆخەكە گەیشتە ئەو ئاستەی كە ئەو گرووپە چەكدارە تاوانبارانە، بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێزەكانی تەناهی ببنەوە، یان لە ناوچە دوورەدەستەكان مەترسی لەسەر هێزەكانی تەناهی یەكجار زۆر دەبێت.
ئەفسەرێكی پۆلیسی عێراق كە نەیویست ناوی بڵاو بكاتەوە گوتی، پێكدادانەكان تاك و تەرا نین، بگرە زۆر زیاترن لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركە تەناهییەكان، بەتایبەت ئەو گرووپە تاوانبار و چەكدارانە چەكی سووكیان لە بەردەستە و توانای هێرش و دواتر ڕاكردنیان هەیە، بەهۆی زۆریی ئەركە تەناهییەكان كە پێیان دەسپێردرێت، ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئەركەكان ڕوویان لە زیادبوونە، بۆیە زۆرجار پێویست دەكات بە پەلە و ڕاستەوخۆ بگەیتە شوێنی رووداوەكان و دەرفەت و كاتی ئەوەت نابێت، كە پلان و وردەكاری جووڵەی هێزەكانی تەناهی دابڕێژی و هەموو ئەگەرەكان، بە دەستكردنەوەی گرووپە چەكدارەكانیش دژی هێزەكانی تەناهی لێكبدرێتەوە، ئەم بێ پلانەیش وایكردووە زۆرجار قوربانی لە ڕیزی هێزەكانی تەناهی بكەوێتەوە.
تەها جبووری پسپۆری تەناهی لەوبارەیەوە گوتی، دووبارەبوونەوەی قوربانی لە ڕیزی هێزەكانی تەناهی، زنجیرەیەك پرسیار لەسەر توانای ئەو گرووپە چەكدارانە دەهێنێت. بە تایبەت گرووپە مافیاكان كە بازرگانی بە هۆشبەرەكان دەكەن، لاوازییەكە پێوەست نییە بە نالێهاتوویی هێزەكانی تەناهی، بەڵكو پلانی پێشوەختە و هاوئاهەنگی و كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگریی ورد نییە، بۆیە ئەو حاڵەتانە ڕوو دەدەن.