"چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەترسیی هەڵوەشانەوەی هەیە"

:: PM:07:56:17/02/2026 ‌

تا ئێستە هەریەك لە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەمەریكا سوورن لەسەر هەڵوێستیان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، مالیكی پاشەكشە ناكات و سوورە لەسەر بوونی بە سەرۆك وەزیران، ئەمەریكاش رەتی دەكاتەوە و لە هەڕەشەكانی بەردەوامە، لەو ناوەدا دۆخی عێراق بەرەو نادیار هەنگاو دەنێت، لە نێوان لێكترازانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و چوونی عێراق بۆ ناو تەنگژەی زۆر قووڵەوە كە بەرگەی ناگرێت.

ئێوارەی دووشەمی رابردوو بڕیار بوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی كاندیدبوونی مالیكی بكات و بڕیاری كۆتایی بدات، بەڵام لە دوا ساتەكان مالیكی لە بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكە پاشگەز بووەوە و لە بری ئەوەی پاشەكشەكردن رابگەیەنێت، كە پێشبینی دەكرا، دەستگرتنی بە كاندیدبوون راگەیاند و وای دانا كە هەڕەشەكانی ئەمەریكا تەنیا ترساندنە و بنەمای یاسایی نییە.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی مالیكی و بەشێك لە هێزە پاڵپشتەكانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چەند هێزێكی چوارچێوەكە هەست بە نائومێدی دەكەن و بیر لە بژارەی ناچاركردن دەكەنەوە بۆ دەربازبوون لەو تەنگژەی هەیە، سووربوونی مالیكی لە كاندیدبوون وای لە هێزەكانی چوارچێوە كرد كۆبوونەوەكەیان بۆ كاتێكی نادیار دوا بخەن، بەڵام ئەو بێدەنگییەی ئەوان درزی نێوان پێكهاتەكانی چوارچێوەكە زیاتر دەكات و مەترسییەكە دەگەیەنێتە ئاستی لێكهەڵوەشانەوەی قەوارە شیعە فەرمانڕەوایەكە.

بەپێی سەرچاوەكان ئێوارەی دووشەمی رابردوو مالیكی پەیامێكی نووسراوی داوەتە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئامادەنەبوونی لە كۆبوونەوەكە بەوان راگەیاندووە، ئەوەش دوای زانینی بەوەی لەو كۆبوونەوەیە گوشاری پاشەكشەكردنی لەسەر دەكرێت، ئەگەرچی خۆی داوای كۆبوونەوەكەی كردبوو.

ئێستە لە عێراق باسی ئەوە دەكرێت كە ژمارەیەك لە سەركردە سوننە و شیعە و كوردییەكان لە رێوشوێنەكانی ئەمەریكا لە دوای ماوەیەكی دیاریكراو وریا كراونەتەوە، هۆشیار زێباری سەركردەیەكی پارتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە حزبە شیعەكان دوو پەیامی رەتكردنەوەیان لە كۆشكی سپی بەدەست گەیشتووە، كە كاندیدكردنی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رەت دەكەنەوە. 

ئێستە گرێ كوێرەكە لە نێوان مالیكی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بریتییە لەوەی چوارچێوە دەیەوێ تا پێی بكرێت مالیكی بەرەو دەستپێشخەری بۆ كشانەوەی لە كاندیدبوون هان بدات، ئەوەش وەك سەركردەیەكی شیعە باسی كرد بۆ پاراستنی یەكپارچەیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چوارچێوەكە پێیان باشتر بووە بوارێكی گونجاو بە مالیكی بدەن بۆ دیاریكردنی باشترین شێوازی راگەیاندنی پاشەكشەكردنی، وەك سووربوون لەسەر یەكپارچەیی چوارچێوەكە و داهاتووی حكوومەت، بەڵام ئەو هەنگاوە خەریكە بەرەو كۆتایی دەچێت و بژارەكانی داهاتووی چوارچێوە بەناچاری دەبێت. 

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی سەركردایەتیی شیعە مالیكی پاشەكشەكردنی خۆویستانە رەت دەكاتەوە، ئەو پێی وایە بەرپرسیارەتیی پاشگەزبوونەوە ناكەوێتە سەر خۆی، بەڵكو ئەركی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، واتە لە رێگەی دەنگدان لەسەر بابەتەكە بە هاوشێوەی دەنگدان لەسەر كاندیدكردنی، بۆیە ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند بژارەیەكی سەخت و كەمی لەپێشە بۆ دەربازبوون.

لەوكاتەی مالیكی هێشتا پێی وایە هەڕەشەكانی ئەمەریكا رژد نییە و ئەگەر عێراق سزاش بدرێت، لاواز نابێت، ئەو پێی وایە بە تێپەڕبوونی كات رەتكردنەوەی ئەمەریكا بۆ كاندیدبوونی بۆ قبووڵكردن دەگۆڕێت، ئەوەش دوای راستكردنەوەی وێنەی ئەو لەبەردەم ترەمپ و ئیدارەكەی، چەند سەرچاوەیەك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدووری نازانن لە كۆتاییەكەی شیعە ناچار بن خۆیان كاندیدبوونی مالیكی بكشێننەوە، ئەوە ئەگەر بابەتەكە ببێتە بارگرانی لەسەر چوارچێوەكەیان.   

سەركردە شیعەكە دەڵێت، ئەو پرۆسەیە زۆر هەستیارە، چونكە ئەوان ناچار دەبن بۆ شكاندنی هاوپەیمانێكی بەهێزی وەك مالیكی و ملكەچكردن بۆ ویستی ئەمەریكا، بۆیە رەنگە مالیكی بەهێز و پێداگر بێت، بەڵام خەریكە لە ساتێكی مەترسیداری سیاسی بژارەكانی بەردەمی كەم دەبنەوە، ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی چەند بەشێكن، بەشێكیان پێی وایە ئەو بابەتە، واتە كشانەوەی مالیكی، بۆ كات جێبهێڵرێت، یان خۆی پاشەكشە دەكات، یان چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی ئەنجامی ململانێی ئێران و ئەمەریكا بكرێت، بەشێكیشیان پێیان وایە پێویستە بابەتەكە لە رێگەی دەنگدان لەناو چوارچێوەكە یەكلا بكرێتەوە، واتە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ. 

سەركردەكانی شیعە ددان بەوەدا دەنێن كە نەیارانی كاندیدبوونی مالیكی تەنیا بەردەوامبوونی گوشارەكانیان لەناو چوارچێوە بەدەستەوەیە، لەوكاتەی چوارچێوەكە گەیشتووەتە قۆناغێكی رانەگەیەندراوی لێكهەڵوەشانەوە، ئێستە دۆخێكی خۆرادەستكردن و دەستەوەستانی ئەوانی گرتووەتەوە كە رەنگە بەمنزیكانە ناچاری وەرگرتنی رێوشوێن و بژارەی سەخت و نوێ بن، مەگەر هەڵوێستی مالیكی بێتە گۆڕان و رێگە ئاسانەكە بۆ دەربازبوون هەڵبژێرێت، واتە كشانەوەی خۆویستانەی لە كاندیدبوون.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل