لە كوردستانیش هەیە.. كرمێكی پزیشكی دانەی بە 20 دۆلارە

:: AM:10:19:18/02/2026 ‌
كرمی زه‌روو، زولتوو یان مێشه‌مولك یه‌كێكه‌ له‌ كرمه‌ پزیشكییه‌ به‌ناوبانگه‌كان به‌ درێژایی مێژوو له‌ بواری پزیشكی سوودی لێ وه‌رگیراوه‌ و كڕینی دانه‌یه‌كی به‌ یاسایی نرخه‌كه‌ی ده‌گاته‌ پێنج دۆلار و به‌ نایاسایی و له‌ بازاڕی ڕه‌شیش نرخه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ 20 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
 
ئەو جۆرە كرمانە زۆر بچووكن، بەڵام سوودیان یه‌كجار زۆره‌ و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا جۆره‌ مه‌ساجێك هه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا به‌م كرمانه‌ ئه‌نجام ده‌درێ.

ئەگەر باس لە بڕی ئەو قازانجە بكەین كە ئەو كەسە دەستی دەكەوت، پێویستە بچینە ناو گفتوگۆ لەبارەی نرخی ئەو كرمە، د. سەمیر جەودەت پسپۆر لە ناوەندی توێژینەوە لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر گوتی، ئێمە بەشێوەیەكی یاسایی و شەرعی بۆ توێژینەوەكانی زانكۆ دەستمان كەوت و هەر دانەیەكی ئەو كرمە سێ تا پێنج دۆلارمان پێی دا، بەڵام ئەمە نرخی فەرمی و یاساییەكەیەتی، ئەگەر بەشێوەیەكی نایاسایی بگاتە دەست كە لە بازاڕی ڕەش و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەوا نرخی هەر دانەیەك لەو كرمە بۆ 20 دۆلاری ئەمەریكی بەرز دەبێتەوە. 

 ئەو كرمە گرانبەهایە كە وەك زێڕێكی شاراوەی، بەشێوەیەكی سروشتی لە ڕووبار و دەریاچە و زۆنگاوەكان دەژی، ئەوەیشی كە نرخی زۆر بەرز كردووەتەوە، بەهای ئەو كرمەیە لە ڕووی پزیشكییەوە، بەهاكەی ئەمڕۆ نییە كە دۆزراوەتەوە، بگرە بە درێژایی مێژوو ئەو جۆرە كرمە لە بواری پزیشكی سوودی لێ وەرگیراوە، بەڵام ئێستە لەگەڵ پێشڤەچوونی بواری پزیشكی جارێكی تر گەڕاوەتەوە ناو بوارەكە، دوای ئەوەی زانایان و پسپۆران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كرمە دەتوانێ خزمەتگوزاریی گرنگ پێشكەش بكات لە كاتی نەشتەرگەری، بەهۆی ئاكارە خۆراكییە سەرەكییەكەی كە خۆی لە مژینی خوێن دەبینێتەوە. 

مایك جێفریز پسپۆری زانستی ژینگەزانی لە زانكۆ نۆرسمبریا لە شاری نیوكاسڵی بەریتانیا گوتی، بەكارهێنانی ئەو كرمە لە بواری پزیشكی بۆ ساڵی هەزار و 500 پێش زاینی دەگەڕێتەوە، لە نەخشی سەر گۆڕە كۆنەكانی میسردا هاتووە و دواتریش بەردەوام كەڵكی لێ وەرگیراوە و لە سەدەی هەژدە و نۆزدەیش بە نرخێكی بەرز مامەڵە بەو كرمە كراوە. بەڵام دواتر بەكارهێنانی پەراوێز خرا تا لە سەرەتاكانی سەدەی بیست بە تەواوی لە بازاڕ نەما، بەهۆی تێچووە زۆرەكانی، بەڵام لە شەستەكانی سەدەی بیست واتە سەدەی ڕابردوو، دووبارە هاتەوە بەرباس و خواس و بەكار هێنرایەوە و سوودی زۆری لێ وەرگیراوەیە، تا ساڵانی هەشتاكان بەكارهێنان و سوودەكانی زۆر بە بڵاوی باسیان لێوە دەكرا و خواست لەسەری زۆر بوو، ئەمەیش دوای ئەوەی توێژینەوەكان ئەوەیان دەرخست، كە ئەو دەردراوەی كرمەكە دەریدەدات، زیاتر لە 100 سوودبەخشی لە ڕووی پزیشكییەوە تێدایە، لەوانە دژە هەوكردن و دژە میكرۆب و ئازارشكێن و دەیانی تر. ئێستە سەرەنجی سەرەكی بەكارهێنانی ئەو كرمە لە بواری پزیشكی زیاتر بۆ جوانكاری دەگەڕێتەوە، ئەوانەی جوانكاری لووت و گوێ و شوێنەكانی تری ڕووخسار دەكەن و دەیانەوێ نەشتەركارییەكە هیچ شوێنەوارێكی نەمێنێت، ئەوا ئەمجۆرە كرمە بەكار دەهێنن، چونكە ڕیشاڵ و خانەكانی ماسوولكەی ناوچەكە وەكخۆی دروست دەكات و دەیهێنێتەوە. 

ئەوەندە بەسە كە بە كرمی پزیشكی یان "العلق التبی" لە بزوێنەرەكانی گەڕان بگەڕێیت كە دەیان ئەنجام دەدۆزیتەوە، كە پزیشكان و كلینكەكان بەكار هێناوە و سوودی زۆریان لە كاتی نەشتەرگەریی جوانكاری لێ بینیوە و بە پاڵەوانی بواری جوانكاری ناوی دەبەن. 

هەرچەندە پزیشكی نوێ و پێشكەوتوو جێگرەوەی كارەكانی ئەو كرمەی دۆزیوەتەوە كە "هیرۆدین"ە و دەرمانێكە دژی مەیینی خوێنە، هەروەها ئامێری چالاككردنی میكانیكیش دروست كراوە، بەڵام وەك د. سەمیر دەڵێ، ئەو جێگرەوانە هاوشێوەی كرمی زولوو چالاك نین، ئەو كرمە لە كاتی ڕشتنی لیكەكەی گورزێك مادەی بایۆلۆجی ناوازە و سوودبەخش بە مرۆڤ دەبەخشێت و دەبێتە چارەسەرێكی ئاڵۆز و فرەڕەهەند لە یەك كاتدا، دژە مەیینی خوێن و فرەوانكەری موولەكانی خوێن و ئازارشكێن و دژە بەكتریا و میكرۆبە لە یەك كاتدا. 

ئەو جۆرە كرمە چەند جۆرێكی هەیە لەوانە، هیرۆدۆ میدیسینالیس، هیرۆدۆ نیبونكا، هیرۆدۆ فیربنا، هیرۆدۆ ئۆریانتالیس، هیرۆدۆ دیكۆرایە، ئەمجۆرانەی كرمە سوودبەخشەكە هەن و لە بازاڕەكان مامەڵەیان پێوە دەكرێ، نرخیان باش و بەرزە و بەردەوامیش خواست لەسەریان زۆرە. 

لە هەرێمی كوردستانیشدا ئەم جۆرە كرمە بوونی هەیە و دۆزراوەتەوە، د. سەمیر دەڵێ خۆم و هاوڕێیانم لە ناوەندی توێژینەوەی زانكۆ، توانیمان ژمارەیەكی زۆر كرمی هیرۆدۆ میدیسینالیس لە باڵەكایەتی بوونی هەیە. هەروەها دوو هاوڕێی تر كە یەكەمیان شایان جەمال حەلاق و دووەمیشیان شێروان تەیب ئەحمەد بوو، لە گۆمی زرۆ لە نزیك شارۆكەی سیدەكان و كرمی هیرۆدۆ میدیسینالیسیان دۆزییەوە، هه‌روه‌ها له‌ گه‌رمیان و شاره‌زووریش به‌هه‌مانشێوه‌ ئه‌و جۆره‌ كرمه‌یان لێ هه‌یه‌ و به‌ربڵاوه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د