چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە نیازی چییە؟

:: PM:09:25:18/02/2026 ‌

لە عێراق ئەوەی لەپشت پەردە و لە ژوورە داخراوەكان دەگوزەرێت زۆر لەوەی لە میدیاكان دێتە راگەیاندن جیاوازە، دۆخی سیاسیی عێراق بەتەواوەتی لە دەستی هێزە سیاسییە عێراقییەكان نەماوە و ئێران و ئەمەریكا ئاراستەی دەكەن، عێراق بەرەو داخرانێكی سیاسیی چووە، بەو نەوەستاوە و ئەمەریكا پەیامێكی توندی پێ داون بەوەی دەبێت زوو خۆیان یەكلا بكەنەوە.

جاسم محەمەد جەعفەر ئەندامێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئێستە دوو بژارە لەبەردەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی حكوومەتی نوێی عێراق هەیە، كشاندنەوەی نووری مالیكی یان چوونە ناو پەرلەمان بێ دەنگدان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت.

ئەو سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی كردەوە، ئەستەمە نووری مالیكی خۆی لە كاندیدبوون پاشەكشە بكات، بۆیە تەنیا دوو بژارە هەیە، یان چوارچێوەی هاوئاهەنگی كاندیدبوونی بكێشێتەوە، واتە بە دەنگدان لەناو چوارچێوەكە، یان چوونە پەرلەمان وەك ئێستە، بەڵام بێ دەنگدان لەسەر كابینەی حكوومەتەكەی. 

دووپاتی كردەوە، مالیكی نەیدەویست خۆی كاندید بكات، دوایین جار كە بینیمان گوتی، دۆخی دارایی و سیاسی ئێستە زەحمەتە و كێ سەرۆكایەتی وەزیرانی بەو دۆخە دەوێت؟، بەڵام ئەویان وەك كاندید دیاری كرد، بۆیە دەبێت مرۆڤ لەسەر قسەی خۆی بێت و وا وێنا كرا كە تەواوی پێكهاتەی شیعە هەڕەشەی لەسەرە.

ئەمڕۆ چوارشەم گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، هەڵوێستی ئەمەریكا بە رەتكردنەوەی كاندیدبوونی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی داهاتووی عێراق نەگۆڕاوە و بەردەوامبوون لەو بژارەیە، رەنگە وا بكات واشنتن چەند هەنگاوێكی كاریگەری دیپلۆماسی بنێت، ئەو لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای گواستەوە كە دیاریكردنی مالیكی حكوومەتی ئەمەریكا ناچار دەكات بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق، ئەو هەنگاوەش رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر گەلی عێراق دەبێت. 

بڕیار بوو دووشەمی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر داوای نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی كاندیدبوونی كە ئەمەریكا رەتی دەكاتەوە، چاوەڕوان دەكرا مالیكی هەڵوێستێكی نەرم بگرێتە بەر و خۆویستانە بكشێتەوە، بەڵام ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو و رای گەیاند كە لە كاندیدبوون بەردەوامە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەی كرد كە هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی لە چەند سەعاتی داهاتوو بەرەو سازكردنی كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەچن، بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوەش بەر لە كۆتاهاتنی ئەو وادەی ئەمەریكا بەم دواییە بۆی دیاری كردوون، كە سەرەتا 48 سەعات بوو و دواتر بۆ پێنج رۆژی تر درێژ كرایەوە و سبەی پێنجشەم تەواو دەبێت.

عیسام فەیلی شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، دۆخەكە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە قۆناغی دابەشبوونێكی ئاسایی گەیشتووەتە قۆناغی نەمانی قیبلەنمای كاركردن و جموجۆڵكردن، چونكە هێزە سیاسییەكانی چوارچێوەكە نەیانتوانی نووری مالیكی بە كشانەوە رازی بكەن، جیا لەوە لە دۆزینەوەی كەسێكی تر شكستیان هێناوە.

روونی كردەوە، ئێستە كێشەی شیعە تەنیا كشانەوەی مالیكی نییە، بەڵكو خواستە بۆ خستنەڕووی كەسێكی تر، كە دەبێت ئەویش بە فلتەری مالیكیدا تێپەڕ بێت، لەو ناوانەی دەخرێنە روو محەمەد شیاع سوودانی، بەهۆی نزیكی و بوونی پێوەندی و قبووڵكراوی لە لایەن ئەمەریكاوە، یان كەسێكی تر كە پێوەندییەكی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا هەبێت. 

فەیلی ئەو پرسیارە دەكات ئاخۆ مالیكی بە پاڵپشتیكردنی سوودانی رازی دەبێت، ئەو سیناریۆیە هەرچییەك بێت، پێشانی دەدات كە ئێستە عێراق لەبەردەم داخرانێكی ئاڵۆزی سیاسیدایە، ئەو پێی وایە سازنەكردنی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەرجەستەی ئەو ئاڵۆزییە دەكات، چونكە دیارە هێزە كوردییەكان بە دواخستنی بابەتەكە بوارێك بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆك وەزیران بە هێزە شیعەكان دەدەن، بۆ ئەوەی چوارچێوە نەكەوێتە هەڵوێستێكی شەرمەزارەوە، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار واتە راسپاردنی كاندیدی ئەوان و ئەوانیش تا ئێستە خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە.

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە دووپاتی كردەوە كە كورد ترسیان لە قووڵتربوونی تەنگژەكە هەیە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو زانیارییانەی باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا بە چوارچێوەی شیعەی راگەیاندووە لە حاڵەتی بەردەوامی لە كاندیدكردنی مالیكی، ئەگەری هەیە سزا بخرێتە سەر بانكی ناوەندی و كۆمپانیای سۆمۆ و هاتنی دۆلار، ئەوەش وڵات دەخاتە بەردەم كێشەیەكی گەورە و ئاڵۆزەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل