ڕاپۆرتەكەی پرۆسەی ئاشتی باسی چی دەكات.. پەرلەمانی توركیا پەسندی كرد

:: AM:11:00:19/02/2026 ‌

دوێنێ چوارشەم ئەندامانی لیژنەی هاودەنگی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی لە پەرلەمانی توركیا، كۆبوونەوە و بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاریان لەبارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی حزبەكان دا كە لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە، چوارچێوەیەكی یاسایی بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ كورد دەدرێ، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەیشدا چەك لە دەستی پارتی كرێكارانی كوردستان دەردەهێنریت، دوای بەردەوامی گفتوگۆكان كە زیاتر لە شەش مانگی خایاند. 

ڕاپۆرتە هاوبەشەكە لە كۆی 50 ئەندامی لیژنەكە، دەنگی 47 ئەندامی هێنا و دوو پەرلەمانتاری پارتی كار و كاری توركیا بە نەخێر دەنگیان بە ڕاپۆرتەكە دا، پەرلەمانتارێكی پارتی گەلی كۆماری بێلایەنی هەڵبژاردن و هیچ دەنگێكی نەدا. 
 
لیژنە تایبەتەكە لە پێنجی ئاب/ئۆگستسی ساڵی ڕابردوو پێكهێنرا بۆ دانانی چوارچێوەیەكی یاسایی دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە، ئەمە داوای پەكەكەیە و لە ژێر ڕۆشنایی ئەم داوایەیش لە 12 ئایار/مایۆی ڕابردووەوە، كاروان كاروانی پرۆسەی دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە دێتە ئەنجامدان، هاوكات پێكهێنانی لیژنەكە وەڵامدانەوەی داوایەكی عەبدوڵا ئۆجەلان بوو كە ماوەی 27 ساڵە لە گرتووخانەیە. 
 
لەبارەی ئەو پرۆسەیەشەوە كە ئێستە توركەكان بە پرۆسەی توركیای خاڵی لە "تیرۆر" ناوی دەبەن، لەلایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی گەلی نیشتمانی لە توركیا قسەی كرد و گوتی "بەڵێنی ئازادكردنی ئۆجەلان لە هەر شوێنێك كە دەیەوێ لێی ئازاد بێ، بەو مەرجەی داوا لە حزبەكەی كە مەبەست لێی پەكەكەیە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

لەبارەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی، نوعمان كورتولمووش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا گوتی، ڕاپۆرتەكە بریتی نییە لە  دەركردنی فەرمانێكی لێخۆشبوونی سەرانسەری، كورتولمووش لە دانیشتنی كردنەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆی بە ڕۆژێكی مێژوویی ناو برد بۆ نەهێشتنی پرسی "تیرۆر" پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەستاوە بێ هیچ دوودڵییەك، ئەو داوایانەی لە ڕاپۆرتەكەدا هەن، دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش ئەوەیان دەرخستووە كە توركیا پێویستی بە دەستوورێكی فرەوان و گشتگیرە، ئەمەیش بەرپرسیاریەتییەكی هاوبەشی هەموو خەڵكی توركیایە. 

ڕاپۆرتەكەی لە پەرلەمانی توركیا دەنگی لەسەر دراوە، لە 60 لاپەڕە پێكهاتووە و بەسەر حەوت بەش و پاشكۆیەك پێكدێت، باسی پڕۆژە و پێشنیازەكانی سیستمی یاسایی و دیموكراسی كراوە كە چۆن بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕێكبخرێ و بگونجێنرێت. بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە راپۆرتەكەدا باسی دۆزی كورد لە توركیا نەكراوە، هیچ ڕستەیەكیش نەدۆزراوەتەوە كە باس لە بوونی هیوا بۆ داهاتووی كورد بكات. 

پێشنیازی دروستكردنی یاسایەكی گوێزەرەوەی كاتی تایبەت بە ناوی " توركیای خاڵی لە تیرۆر" كراوە، وەك ئاماژەیەك بۆ پرۆسەی ئاشتی، بە هاوئاهەنگی پرۆسەی دانانی چەك بەردەوام دەبێ و ئامانجی یاساكە، پەرەپێدانی زیاتری بنەمای كاری سیاسی و دیموكراسی و دووبارە تێكەڵكردنەوەی چەكدارانی پەكەكە كە چەكیان فڕێ داوە و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.  

هاوكات باس لە یەكسانی و دادپەروەری كراوە و داوای دووبارە پێداچوونەوە بە یاساكانی تاوان دەكات، بە جۆرێك لەسەر بنەمای كاری لە پێشینە بۆ دادپەروەری و یەكسانی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، نەك تەنیا بۆ جوانی. ئەمەیش لە پەراوێزی هەوڵی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بوو و دادگای دەستووری توركیا بوو. هاوكات سیستمی دانانی قەیوم لە شوێنی سەرۆك شارەوانییە هەڵبژێردراوەكان ڕەت دەكرێتەوە،  پێداچوونەوە بۆ دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانی هاووڵاتییبوون لە حكوومەت و دەوڵەتی توركیا بەگوێری یاسا جێبەجێ دەكرێت، هەروەها بە پێویست زانراوە ئەو یاسایانەی ڕێگرن، گۆڕانكاریی گەورەیان تێدا ئەنجام بدرێت. 

یاساكانی ئازادییە بنەڕەتییەكان، یاسای هەڵبژاردن، یاسای خۆپێشاندان و ئازادییەكان و یاسای ڕۆژنامەوانی و یاسای تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ بۆ پاراستنی هەموو جۆرەكانی ڕەخنە، باوەڕبوون بە ڕەخنەگرتن و وەڵامدانەوەی لە ژێر چاودێریی یاساكان. دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەری دامەزراوەی توركیا بە تایبەت لە ڕووی مافەكانی مرۆڤ و یەكسانییەوە و پێداچوونەوە بە یاسای سزادان و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر. 

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەدا باس لە پڕۆژە پێشنیازی ڕەشنووسی یاسای حزبەكانی سیاسی و هەڵبژاردنی نوێ، ئاكاری كاری سیاسی و كاركردن لەسەر بنەمای دیودەری و شەفافییەت و بەشداریی دیموكراسی و بوونیان لە ناو حزبەكان و چەسپاندنی فرەیی و دادپەروەری لە ناو پەرلەمان. 

دەمپارتی كە یەكێكە لە حزبەكانی كورد لە باكوری كوردستان لەوبارەیەوە گوتی، ڕاپۆرتەكە خۆی لە ناوهێنانی دۆزی كورد لە توركیا بە دوور گرتووە، پێناسەی كێشەكەیان "دۆسیەی تیرۆر"ناو بردووە،  ناو لە پرۆسەكەیش بە توركیای بێ تیرۆر نراوە، وەك ئاماژەیەك بە پرۆسەی ئاشتی. 

لە دوو ڕۆژی ڕابردوویش شاندی دەمپارتی چوونە لای ئۆجەلان و دانیشتنیان لەگەڵ ساز كرد، دوای تەواوبوونی گفتوگۆكانیش كە چوار سەعاتی خایاند و تێیدا ڕایان گەیاند، ئۆجەلان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی ڕازییە و گوتی، ئەو پرۆسەیەی ئێمە دەستمان پێ كرد و ئێستە كۆتایی دێ، بەڵامە ئەمە دەیسەلمێنێ كە توانا و لێهاتووییمان لەسەر دانوستاندن چەندە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د