لیندزی گراهام: كەشتییەكانمان بۆ جەنگ هاتوون نەك گەشت..لێدانی ئێران یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌

:: PM:12:07:19/02/2026 ‌
لیندزی گراهام ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، لە دیدارێكی لەگەڵ سكای نیوز عەرەبی دەڵێ، ئەمەریكا لەبارەی ئێران بڕیاری خۆی داوە، ئەو هەموو كەشتیی جەنگییە نایەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە كەشوهەواكەی خۆشە لەم كاتەی ساڵدا، بەڵكو بۆ لێدان لە ئێران هاتوون، ئەمەیش یەكلا بووەتەوە و لەسەر كات ماوە. 

گراهام لە میانەی دیدارێكی لە بەرنامەی "راستی لەگەڵ هادلی گامبل" كە دواتر لە سكای نیوز عەرەبی پەخش دەكرێت گوتی، ئێمە پێویستمان بە وەشاندنی گورزی سەربازییە لە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوە پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیلە تا یارمەتیی لاوازبوونی تواناكانی ئێران بدەین كە بەردەوامە لە كوشتنی خەڵكەكەی، بۆیە هەواڵێكی دڵخۆشكەر دەبێت بۆ زۆر لا. 

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، گۆڕانكاریی ڕاستەقینە بەبێ قوربانی نایەتەدی، ئەوەی ئێمەیش ئێستە خەریكین ئەوەیە، دۆخەكە دەگۆڕین بەم ڕێگەیە بێ یان بە ڕێگەی تر، بۆ یارمەتیدانی گەلی ئێران و قبووڵكردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی گەلی ئێران. 

لیندزی گراهام ئەوەیشی گوت، توانای سەربازیی ئەمەریكا له ناوچەكە ڕووی لە زیادبوونە و گەیشتووە بە خاڵی وەرچەرخان، لە چەند هەفتەی داهاتوو و كەمتر لە مانگێك هەڵمەتەكە دەست پێ دەكات، لەبەرئەوەیە من لێرەم و ناخەوم، تۆ دەبینی شتەكان چۆن بەڕێوە دەڕۆن، بەشێوەیەكی باش یان خراپ. ئەو سیاسەتوانە دیارەی ئەمەریكا سووربوونی ئەمەریكای دووپات كردەوە و گوتی، كاتێك دۆناڵد ترەمپ بە ئێرانییەكانی گوت، كە بەرەوام بن لە خۆپێشاندان و بڕیارەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان یەكلا بووەتەوە و بژارەكەیش زۆر ڕوونە، چونكە ترەمپ پێشتریش ڕای گەیاندووە، ئێمە پێویستمان بە سەركردایەتیی نوێیە له ئێران و گوتی، باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی ئێران دووبارە مەزن ببێتەوە، بریتییە لەوەی كە گەلی ئێران دەسەڵاتی وڵاتەكە بگرنە دەست. 

لەبارەی داهاتووی ئێران لە دوای ڕووخانی ڕژێم، گراهام گوتی، دووەم ڕۆژ دوای لەناوچوونی ڕژێمی ئێران، دۆخی وڵات ڕادەستی گەل دەكرێ و نامانەوێ لە ئێستەوە بە پێش ڕووداوەكان بكەوین، ئەمە هەنگاوێكی گرنگ دەبێت و پێویستە چیتر دەستەواژەی "ئێمە"یش بەكار نەهێنین، بگرە پرسەكە پێوەستە بە وانەوە واتە ئێرانییەكان، ئەركی من نییە ئێرانێكی نوێ دروست بكەم، بەڵكو ئەركی منە كە دەرفەتی دامەزراندنی ئێرانێكی نوێ بە ئێرانییەكان خۆیان بدەم، ئەو چركە ساتانە لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا دەبینین، ئەگەر نەگەن بە ڕێككەوتنی یەكلاكەرەوە لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، لەو بڕوایەدام لە كاتی گەیشتن بە ڕێككەوتن ئەوكات دەوەستین. 

پێشتر ترەمپ دەیان جار دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە گورزی سەربازی لە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەوەشێنێت، لە سەرەتاكانی كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵیشەوە هۆشداریی توندی بە كۆماری ئیسلامیی ئێران دا، كە ئەگەر بەردەوام بن لە كوشتنی خۆپێشاندەران، ئەوا هێرشی سەربازی دەكەینە سەر ئێران، سەرەڕای ئەو سووربوونەیش وایكرد كە جۆرێك لە ڕژدی لای ئێران دروست ببێ و ئێستەیش ئامادەیی سازشە، بەڵام ئایا تا ئەو ئاستەی ئەمەریكا دەیەوێ سازش دەكات، یان بە پێچەوانەوە چاوەڕوانی هێرشی سەربازیی واشنتن بۆ سەر وڵاتەكەی دەكات. 

ئێستەیش كە دانوستاندن لە نێوان هەردوولا دەستی پێ ردووە و دوو گەڕی دانیشتنەكان ئەنجام دراون، بەڵام پرۆسەكە زۆر بەهێواشی بەڕێوە دەچێت، بە پێچەوانەوە بڵاوەپێكردنی هێزی سەربازیی ئەمەریكا پێشڤەچوونی خێرا و بەردەوام بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام گفتوگۆ و دانوستاندنەكان بەم چەشنە خێرا نین. 

دوای دووەم گەڕی دانیشتنەكانی نێوان هەردوو وڵات، سێشەمی ڕابردوو لە جنێڤی سویسرا دووپاتیان لەوە كردەوە، كە پێشڤەچوون لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات بوونی هەیە، بەڵام بۆشاییەكان تا ئێستەیش فرەوان و گەورەن، ئەمەیش وایكردووە بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیچ كات گەشبین نەبن بەوەی كە ئێران بێتە ژێربار و داواكارییەكانی ئەمەریكا قبووڵ بكات. 
 
ئێستە ئەمەریكا دوو كەشتیی فڕۆكەهەڵگر و سەتان كەشتیی تری جەنگی هێناوەتە ئاوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات لە بنكە سەربازییەكانی لە قەتەر و سعوودیە و ئوردن ژمارەی سەربازان و فڕۆكەی جەنگی و سیستمی دژەمووشەكی پاتریۆت و سادی داناوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوویشدا لە ماوەی 24 سەعات 50 فڕۆكەی جەنگی تری هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمانە هەمووی بەڵگەی یەكلاكەرەوەن كە حكوومەتی ترەمپ، لە داهاتوویەكی نزیكدا گورزێكی كوشندەی سەربازی لە ئێران دەوەشێنێت. 

وردەكاریی ناو گفتوگۆكان ئەوە دەخەنە ڕوو، ئێران ئامادەیی دەربڕیوە ماوەی پێنج ساڵ واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت و ڕێژەی یۆرانیۆمیش لە وڵاتەكە بە تەواوی كەم بكاتەوە، لە بەرانبەردا پێویستە ئەمەریكا سزا ئابوورییەكان لەسەر ئێران هەڵبگرێت، بەڵام ئەمانە جارێ تەنیا گفتوگۆن و نەگەیشتوون بەو ئاستەی بۆ كردار وەربگێڕدرێن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د