ئەمە ساڵی هەڵبژاردنە، گوزارشتێك كە بە بەردەوامی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا دەگوترێتەوە، كاتێك باس لە هەر دۆسیەیەكی ناوخۆ یان دەرەكی دەكرێت، ئەمەریكا دەچێتە ناو شایستەی هەڵبژاردنی وردەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی نیوەیی جارێكی تر نایەتەوە هەڵبژاردن، بەڵام هەڵبژاردنی نیوەیی كە بڕیارە لە سێی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەنجامەكانی دەبنە بەخششێك بۆ كۆشكی سپی تا كاروانێكی تری ئەجێنداكانی بە خێرایی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، یان بە پێچەوانەوە كۆشكی سپی دەكەوێتە ژێر كۆت و بەندی كۆنگرێسەوە و بە دەستبەستراوی تا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی داهاتوو دەمێنێتەوە.
هەریەك لە
دیموكرات و كۆمارییەكان كێبەركێ لەسەر زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پیران "سێنات" و ئەنجوومەنی نوێنەران "كۆنگرێس" لە هەڵبژاردنی نیوەیی دەكەن. لە جەنگێكی یەكلاكەرەوە كە دواتر شێوەی شانۆی سیاسیی دوو ساڵی داهاتوو لە ویلایەتی ترەمپ دادەڕێژرێتەوە، گرەوەكە لە ژمارەی كورسییەكان كورت نابێتەوە، بەڵكو سنوور دەبەزێنێت بۆ دیاریككردنی هاوسەنگی هێز لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادان و سنوور و توانای یاسادانان و لێپرسینەوە.
لەلایەكەوە كۆمارییەكان بە سەركردایەتیی ترەمپ ئامادە بۆ بەرگریكردن لە زۆرینەی كورسییەكانی خۆیان لە هەردوو ئەنجوومەنەكە كە بە زۆرینەیەكی لەرزۆك ناوی دەبرێت، بەڵام توانیویانە بەندە سەرەكییەكانی بەرنامەی كاریان تێپەڕێنن، لە بەرانبەردا دیموكراتەكان دەكەونە ناو جەنگێكەوە كە بە چارەنووسساز ناوی دەبەن، چونكە ئەو تاكە دەرچەیانە بۆ ڕێگرتن لە ئەجێندای كۆمارییەكان بەر لە مافی سەرۆكایەتی. دیموكراتەكان كار دەكەن لەسەر كۆكردنەوەی سەرچاوە سیاسی و داراییەكانیان بۆ بردنەوەی نیوە كۆ یەك لە یەكێك لە هەردوو ئەنجوومەنەكە بەلای كەمەوە.
وا پێشبینی دەكرێ كە ئەو حەزەی دیموكراتەكان لە بردنەوە لە كۆنگرێس زیاتر بێ بە بەراورد لەگەڵ سێنات، لە هاوكێشەیەك كە لێكدانەوە و ژمارەكان حوكمی دەكەن و پێوەندی بە خولی كورسییەكان بۆ كێبەركێ و پێكهاتەی بازنەكانی هەڵبژاردن، نەخشەی دیمۆگرافی كە لە بەرژەوەندیی ئەو حزبە تا ئێستە دەبینرێن.
كۆنگرێس
لە هەڵبژاردنی نیوەیی، هەموو ئەندامێكی كۆنگرێس كە ژمارەیان 435 كەسە، كێبەركێ بۆ پاراستنی دوو ساڵی تری كورسییەكانیان دەكەن، پێكهاتەی ئێستەی كۆنگرێس تێیدا كۆمارییەكان 218 كورسی بەرانبەر بە 214 كورسیی دیموكراتەكان وەستاونەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ژمارەكان لەوانەیە گۆڕانكارییان بە ڕێژەیەكی زۆر كەم بەسەر بێت، بەهۆی خانەنشینبوونی هەندێك و هەڵبژاردنی تایبەتی هەندێ كەسی تر، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دیموكراتەكان بەگوێرەی ئەو هاوكێشەیە پێویستیان بەوە هەیە كورسییەكانی خۆیان بپارێزن و چوار كورسیی تریش بەرنەوە، بەمشێوەیە دەتوانن گەرەنتی 218 كورسی بكەن و بەربەستی زۆرینەی كۆمارییەكان تێپەڕێنن، ئەمەیش ئەركێكی ئاسانە بە ڕێژەیی بە بەراورد لەگەڵ ململانێ لەسەر سێنات.
ئەوەی لەسەریان پێویستە بردنەوەی كورسییەكانی كۆنگرێسە لە ویلایەتەكانی ئەمەریكا، لەبەرئەوە ئێستە هەردوو حزب كار دەكەن بۆ بردنەوە لەو جەنگە و دووبارە نەخشەی هەڵبژاردنی خۆیان دادەڕێژنەوە، جووڵەی هەردوو حزب لە دژی یەكتر دەستی پێ كردووە، ئێستە هەریەك لە ویلایەتەكانی كالیفۆرنیا و میزۆری و كارۆلینای باكور و تێكساس و ئۆهایۆ و یۆتا، نەخشەی هەڵبژاردنی جیاوازیان هەیە لەگەڵ نەخشەی 2024، دوای ئەوەی دووبارە پێداچوونەوە بە نەخشەی هەڵبژاردن لەو ویلایەتانە كرا.
سێنات
لە ئەنجوومەنی پیران "سێنات" هاوكێشەكە بۆ دیموكراتەكان قورسترە، تەنیا سێیەكی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە، لەبەرئەوەی ویلایەتی ئەندامان بریتییە لە شەش ساڵ بەراورد بە دوو ساڵی كۆنگرێس، ئەمساڵ كۆمارییەكان بەرگری لە ماوەی 20 كورسی و دیموكراتەكانیش بەرگری لە 13 كورسی دەكەن، جیا لە دوو كورسیی كۆمارییەكان لە ویلایەتی ئۆهایۆ و فلۆریدا كە لە هەڵبژاردنی تایبەت لە هەمان ڕۆژ، بۆ پڕكردنەوەی كورسیی هەریەك لە جی جی ڤانس جێگری سەرۆك و ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە ئەنجام دەدرێ، چونكە پێشتر دەستیان لە ئەنجوومەنی پیران كێشایەوە، بۆ وەرگرتنی پۆستەكانیان لە كابینەی دۆناڵد ترەمپدا.
ئێستە كۆمارییەكان لە كۆنگرێس لە كۆی 100 كورسی، 53 كورسییان هەیە و دیموكرات و سەربەخۆكانیش 47 كورسی، پێویستە لەسەر دیموكراتەكان بەهەمانشێوە لە هەڵبژاردنی نیوەیی بۆ سێناتیش چوار كورسیی زیاتر لەوەی ئێستە هەیانە بەدەستی بهێنن، بەڵام ئەمە ئەركێكی تەواو قورسە، چونكە زۆرینەی ئەو كورسییانەی كۆمارییەكان كە دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە، بە كورسیی گەرەنتیكراو بۆ كۆمارییەكان هەژمار دەكرێن.
بەڵام بنەماكانی كاركردنی سێنات جیاوازە لەگەڵ كۆنگرێس، زۆرینەیەكی كەم مانای ئەوە نییە هەژموونی تەواوی بەسەر ئەنجوومەنەكە هەیە، بگرە كەمینەكیش دەتوانێ پڕۆژەكان پەك بخات، لە كاتێكدا ئەگەر زۆرینەی سێنات 60 كورسیی هەبێت، دەتوانێ گەرەنتی هەموو بڕیار و پڕۆژەیەك بكات بە بێ كۆسپ خستنە بەردەمی، بەڵام ئەوەی ڕوونە جۆرێك لە مەحاڵە كۆمارییەكان ژمارەی كورسییەكانیان بگەیەنن بە 60 كورسی، دیموكراتەكانیش چوار كورسی تر زیاد بكەن و ببن بە نیوە كۆ یەكی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا.
گۆشەگیركردنی ترەمپ
ترەمپ ترسی خۆی نەشاردووەتەوە لە سەركەوتنی دیموكراتەكان و بردنەوەی نیوە كۆ یەك لە هەڵبژاردنی نیوەیی، هۆشداریی بە كۆمارییەكان دا كە سیناریۆیەكی لەم جۆرە واتەی گۆشەگیركردنی لە كۆنگرێس بۆ سێیەم جار، دیموكراتەكان پڕۆژەی گۆشەگیركردنی ترەمپ و حكوومەتەكەیان ئامادەیە و پێشتر لە كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردوو، هەوڵی تێپەڕاندنیان لە كۆنگرێس دا، بەڵام بە ڕووی دیواری زۆرینەی كۆمارییەكان كەوتن و نەیانتوانی پڕۆژەكە تێپەڕێنن، لە بەرانبەر ئەو مەترسییانەی كە ترەمپ و كۆمارییەكان هەیانە، دەیانەوێ پڕۆژەی یاسای " ئەمەریكا بپارێزن" كارا بكەن و بیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئێستە چاوەڕوانە لە ئەنجوومەنی پیران دەنگی لەسەر بدرێت، تێپەڕاندن و جێبەجێكردنی گۆڕانێكی ڕیشەیی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریكا دەكات.
بەگوێرەی یاساكە لە كاتی دەنگدان پێویستە دەنگدەر ناسنامە و ڕەگەزنامەی ئەمەریكی خۆی پێشان بدات، ئەمەیش كاریگەریی زۆری لەسەر دەنگدان لە ڕێگەی پۆستەوە دەبێت، ئەمەیش كاریگەریی لەسەر دیموكراتەكان دروست دەكات، كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری دەنگدەرانی دیموكرات بە پۆستە دەنگەكانیان دەدەن، سەرەڕای ئەوەیش بەگوێرەی ڕاپرسییەكانی زانكۆی مەریلاند لە 2023، نزیكەی 9%ی دەنگدەرانی ئەمەریكا خاوەنی بەڵگەنامەی سەلماندنی ئەوە نین كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریكان، بەڵام بەگوێرەی ئەو یاسایە دەنگدەر دەبێ بیسەلمێنێ كە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریكییە، ئینجا دەنگ بدات، ئەمەیش بەهەمانشێوە گۆڕانێكی گەورە لە دەرئەنجامەكان دروست دەكات.
ئێستە لە چوار ویلایەتی ئەمەریكا دەنگدەران دەبێ بیسەلمێنن كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریكین، پاشان دەنگ بدەن، بە پێچەوانەوە لە 23 ویلایەتی تر تەنیا پێشاندانی ناسنامەیەك بە وێنەوە بەسە تا دەنگ بدەیت، لە 13 ویلایەتی تریشەوە جۆرێك لە سەلماندنی ناسنامە سەپێنراوە، وەك بەڵگەنامەیەكی حكوومی و وەسڵێك یان شتێكی تر بیسەلمێنێت ئەو كەسەیە كە دەنگ دەدات، لە 14 ویلایەتی تریش لە ڕێی واژووكردن و تۆماری دەنگدەرانەوە پشتڕاستی ناسنامەی دەنگدەر دەكرێتەوە.