تاكە هۆكارێك ڕێگرە لە بەردەم هێرش بۆ سەر ئێران..ده‌زانی چییه‌؟

:: PM:12:09:23/02/2026 ‌
هەڕەشەكان و كاتی هێرش و دانوستاندنەكان بەردەوام لێدوان و گفتوگۆیان لە میدیاكان لەسەر دەكرێت، بەڵام بەرپرسێكی پێشووی سەربازیی ئەمەریكا تەنیا یەك ڕێگریی لە بەردەم ماوە بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو هۆكارە چییە و چۆن چارەسەر دەكرێت؟ 

دۆنالد ترەمپ ڕۆژێك دەڵێ، چارەسەری دیپلۆماسی بە گونجاو دەزانم و ڕۆژێكی تر دەڵێ گورزی سەربازی لە ئێران دەوەشێنن، ئەمە هەرچەند ئامرازێكی سیاسی و فشار دروستكردنە لەسەر تاران، بۆیە تێگەیشتن لەم دۆخەدا قورسە و هەمیشە گوێمان لە لێدان و لێنەدان دەبێت، لە تەك ئەوەیشدا هێزی دەریایی و ئاسمانی زۆر براونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەك بەرپرسانی سوپای ئەمەریكایش پێشتر بڵاویان كردەوە، كە قەبارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە تا ئەو ئاستە دەبێت، كە توانای هەبێ ئۆپراسیۆنێكی چەند هەفتەیی یان مانگێگ جەنگەكە درێژە دەكێشێت و بەردەوامی دەبێت. 

ئێستە ئەمەریكا گەورەترین هێزی ئاسمانی لە دوای هێرشی بۆ سەر عێراق لە 2003 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆ كردووەتەوە. دەیڤد دی رووش بەرپرسی پێشووی سەربازیی ئەمەریكا كە لە پنتاگۆن و كۆشكی كاری كرووە بۆ جەزیرە نێت گوتی، لەو بڕوایەدام كە تاكە شتێك ڕێگر بێ لە بەردەم هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، "نائامادەیی سەربازی ئەمەریكایە لە ناوچەكە و بنیاتنانی سەربازی گونجاوە لە وڵاتانی دەوروەری ئێران، بۆ شكاندنی دەست و قاچی ئێران و ڕێگرتن لە دەستكردنەوەی و زیانگەیاندن بە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا. 

دی رووش ئاماژەی دا، دۆسیە و ناكۆكییەكان چەندان ساڵە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بوونی هەیە، هاوكات لە نێوان ئێران و وڵاتانی تری درواسێی ئێران لەگەڵ ئێران. بەڵام ئەوەی كە جیاوازە خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی خەڵك كە لە دیسێمبەر/كانوونی یەكەم و یەنایەر/كانوونی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام هەیە، لێدوانی ترەمپیش بۆ پشتیوانیكردن لە خۆپێشاندان و هەڕەشەكردن لە ڕژێمی ئێران، لە ئەگەری بەردەوامبوون لە كوشتوبڕی و ڕەشبگیری خەڵكی سڤیلی ئێران، لەبەرئەوە لەو دۆخە سەربازییە جیاوازەداین لە مانگی نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەمەوە. 

ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا نەیشاردەوە كە حكوومەتی ترەمپ، زۆرباش دەزانن كە دانوستاندنەكان نایانگەیەنێت بە هیچ دەرئەنجامێك، چونكە ئێرانییەكان ڕژد نین، بە تایبەت بەهۆی سووربوونی ئێران بە ئەنجامدانی دانوستاندنەكان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و پابەندبوونیان بە پێوەرەكانی پلانی كاری هاوبەشی "ڕێككەوتنی ئەتۆمی" كە لە سەردەمی باراك ئۆباما ڕێككەوتنی لەسەر كرا. 

لە بەرانبەردا سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا، گرنگی بە ڕێككەوتنە كۆنەكان نادات و ناچێتەوە ناو ڕێككەوتنێك كە هەشت ساڵ پێش ئێستە خۆی ئەمەریكای لێ هێناوەتە دەرەوە. لەلایەكی ترەوە تاران چەندان جار دووپاتی كردووەتەوە كە دەستبەرداری هەمیشەیی بەرنامە ئەتۆمییەكەی نابێت، چونكە ئەوە ڕەگەزێكی زۆر گرنگە. 

تا ئێستە تاران ڕەتی دەكاتەوە كە دانوستاندن لەسەر بەرنامەی مووشەكە بالیستییەكانیشی هەبێت، كە لە زۆربەی هەڵمەتەكان پشتی پێ بەستووە بۆ قەرەبووكردنەوەی لاوازی هێزی ئاسمانی وڵاتەكە. هاوكات ئێران سوورە هەر هەنگاوێك كە بۆ ئەمەریكا ئەنجامی بدات، لە بەرانبەردا واشنتن زۆرترین سزاكانی سەر ئێران لابدات. وەك هەوڵێك بۆ پشتیوانیكردنەوەی ئابوورییە وێرانەكەی. 

لە كاتێكدا ترەمپ سەركەوتنی خۆی لە جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو تا ئەوەیش گەیشتووە بە خۆپێشاندانی فراوانی ناڕەزاییكاران لە دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، هەروەها لە ناوچەكەدا هاوپەیمانەكانی ئێران بە تەواوی ڕوو لە لاوازبوونن، لە عێراق و لبنان و یەمەن بەتایبەتی، ئەمانەیش كارتی بەهێز لە دانوستاندنەكان بە دەست ئەمەریكا دەدەن. 

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەرەتای دانوستاندنەكان گوتی، بۆ ئەوەی گفتوگۆكان پڕ مانا بن، پێویستە بەرنامەی ناوكی و مووشەكی بالیستیك و گرووپە چەكدارەكانی ئێران لە دەرەوە و مامەڵەی ڕژێم لەگەڵ گەلی ئێران، سەرجەمیان بكرێن بە بەش و تەوەری گفتوگۆكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵام كاتێك عومانییەكان پەیامەكانیان گواستەوە و یەكەم گفتوگۆ بەهەردوولا ئەنجام دا، لەوكاتەوەیش ئێران دۆسیەكانی تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوكی ئێران كورت كردووەتەوە و ڕەتی كردەوە كە پاشەكشە لە هەڵوێستی خۆی بكات و دەست لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بگرێت.   

دەیڤد دی رووش زیاتر دوا و گوتی، بڕوام وایە كە هۆی نەوەشاندنی گورزی سەربازیی ئەمەریكا لە ئێران، تا ئێستە بۆ ناتەواویی سیستمی هێرشبردنی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە، یان دەستەبەرنەبوونی ئامرازەكانی بەرگریكردنی یەكلاكەرەوە، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی كۆبوونەوەی زیاتر هێز و سوپای تەواو بین لە ناوچەكە، بەمشێوەیە ڕێگە بەخۆمان دەدەین كە هێرشی ئەمەریكا بكەینە سەر ئێران، پێویستە ئامانجەكانیشمان لە ئێران ڕوون بێت، لەوانە تۆڕەكانی بەرگریی ئاسمانی، پێگەكانی وزەی ئەتۆم و بنكەكانی دروستكردن و پەرەپێدانی مووشەكەكانی بالیستیك، فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران  و بەسیج و ئەوانەی لە كۆمەڵكوژییەكەی یەنایەر/ كانوونی دووەمی ڕابردوو دەستیان هەبوو. لەگەڵ ئەمانە پێویستە سیستمی بەرگریی ئاسمانی زۆر پێشكەوتوو بێ، بۆ وەڵامدانەوەی و خستنەخوارەوەی مووشەكەكانی ئێران، لەوكاتەی تاران بیەوێ مووشەك بگرێتە سەر ژێرخانی ناوچەكە بە گشتی و ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو و ئازەربایجان و شوێنی تر.


وشە - باز ئه‌حمه‌د