ماوەی چەند ڕۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە، گوایا پێش جەژنی رەمەزان، لاهوور شێخ جەنگی ئازاد بكرێت، لەسەر ئەو دەنگۆیانە "وشە" بەدواداچوونی كرد و گەیشتە چەند زانیارییەك.
لاهوور شێخ جەنگی 22ی ئابی ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی چەكدارانی یەكێتی هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار گیرا، لەوكاتەوە تا ئێستە لە گرتووخانەی كانی گۆمەیە لە سلێمانی، هەر چەندە چەند جارێك براوەتە بەردەم دادگا لە سلێمانی، بەڵام هیچی لەسەر نەسەلمێنراوە و لەگەڵ ئەوەیشدا پارێزەر و كەسوكارەكەی داوای گواستنەوەی دۆسیەكەی بۆ دادگەكانی هەولێر دەكەن.
زانیارییە نوێیەكان
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تا ئەم بەدواداچوونە هیچ زانیاری و بەڵێنێكی فەرمی لەبارەی ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگییەوە نییە، ئەو دەنگۆیەی بڵاو كراوەتەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە هاوشێوەی شاسوار عەبدولواحید كە كورسیییەكانی نەوەی نوێی لە پەرلەمان بە یەكێتی بەخشی و بە ڕێككەوتنی ژێربەژێر ئازاد كرا، لاهوور شێخ جەنگیش هەمان سیناریۆ دووبارە بكاتەوە.
بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئەوەی رەت كردەوە و گوتی، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و شاسوار جیاواز بووە، دواتر لاهوور شێخ جەنگی هەرگیز ڕێككەوتنی هاوشێوەی شاسوار لەگەڵ یەكێتی ناكات، بە پێچەوانەوە پێی وایە دەبێت یاسا ڕۆڵی خۆی ببینێ.
سەرچاوەكە باسی لەوە كرد، لاهوور شێخ جەنگی تەنانەت لەگەڵ خێزانەكەیشی باسی ئەوەی نەكردووە كە سوڵحی بۆ بكرێت لای یەكێتی و ئازاد بكرێت، تا ئێستە هیچ پێشنیارێكی لەو جۆرەیش نەبووە.
بەڵێنێك هەیە؟
"وشە" لە بەدواداچوونەكانیدا لەسەر دەنگۆی ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی ئەوەی بۆ دەركەوت كە چەند جارێك دانیشتن لە نێوان ئاوات شێخ جەنگی خوشكی لاهوور شێخ جەنگی، و كوڕانی تاڵەبانی بەتایبەت قوباد تاڵەبانی كراوە.
هەرچەندە زانیارییەكە پشتڕاست نەكرایەوە، بەڵام هەوڵی زۆر هەبووە كە ئاوات شێخ جەنگی بەڵێنێك بۆ ئازادكردنی لاهووری برای وەربگرێ.
هەروەها بەڵێنی ئەوە لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە بە ماڵباتی ئەو كەسانە دراوە كە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی گیراون، بەشێكیش لەوانە لەسەر بنەمای بەڵێنەكان ئازاد کران.
ئەنجام
لە ئەنجامی بەدواداچوونەكەی "وشە" دەركەوت، كە هیچ بەڵێنێك بۆ ئازادكردنی لاهوور شێخ جەنگی پێش جەژنى رەمەزان نییە، بەڵام گومانی زۆر هەیە كە دادگە بەریئبوونى بۆ بكات بە بڕیار و بەو هۆیەوە ئازاد بكرێت.
هێشتا دیار نییە دۆسیەى دادگەی لاهوور شێخ جەنگی چی تێدایە، بەڵام بە گوتەی پارێزەرەكانی كە پێشتر زانیارییان بە "وشە" داوە، لاهوور شێخ جەنگی بێبەرییە و هیچ تۆمەتێكی بەشێوەیەكی سەلمێنراو رووبەڕوو نەكراوەتەوە.