لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شەپۆلێكی چاكسازی و ئاوەدانی رووی لە كوردستان كرد، مەسروور بارزانی رێبەری ئاوەدانی كوردستان و گۆڕینی شەقامەكان لە مەرگەوە بۆ ژیان وەچەرخانێكی نوێی لە ئاوەدانی هێنا و شۆڕشی دەست پێ كرد.
رێی مەرگ
لە ماوەی چەندان ساڵی ڕابردوودا، ڕێگەی نێوان هەولێر بۆ كۆیە و هەولێر بۆ دەربەندی گۆمەسپان بە ڕێگەی مەرگ دادەنرا، چەندان جار لێدوانی بەرپرسانی ئیداری سنوورەكەیش هەر بەو جۆرە بووە.
زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر، كوردۆ عومەر قایمقامی پێشووی كۆیە، ئەو ناوەی لە ڕێگەی نێوان كۆیە بۆ هەولێر نا، ئەوە سەرەتایەك بوو كە هیچ ئومێدێك نەبوو بۆ چاككردن و جووتسایدكردنی ڕێگەكانی كوردستان.
زۆری نەبرد، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە چوارچێوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شۆڕشێكی ئاوەدانی دەست پێ كرد و پێی گوتین، "ئیتر تەواو شتێك بەناوی ڕێگەی مەرگ لە كوردستاندا نامێنێ"، جووتساید دوای جووتساید دەستی پێ كرد و دەیان پڕۆژەی ڕێوبانی بەگەڕ خستەوە.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە لە ناوی خەڵك بە "براگەورە" ناوی دەبرێت، ئێستە وەك ڕێبەر و پاڵەوانی شۆڕشی ئاوەدانیش دەناسرێ.
نائومێدی كرد بە ئومێدی گەش بۆ خەڵكی كوردستان و خەونی دەیان ساڵەی خەڵكی لە ڕێگەوبان و كارەبا و ژینگە و چەندان پڕۆژەی تر كرد بە ڕاستی.
سەرنجەكە لێرە
ئەوەی زیاتر ئاماژەی پێ دەكرێ كردنەوەی پڕۆژەكەی ئەمڕۆیە كە شۆڕشی ئاوەدانی و ڕێگەوبانی گەیاندە لووتكە.
ئێستە خەڵك بە ئاسوودەییەوە لەسەر شەقامێكی جووتساید دێن و دەچن، ئەوەی پێشتر لە فیلم و وڵاتانی تر بینراوە، ئێستە لە كوردستان گەیشتووەتە لووتكە و ئاوەدانی ناوەستێ.
پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی (هەولێر – گۆمەسپان) بە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەكان دادەنرێت و بە كوالێتییەكی بەرز و لە ماوەیەكی پێوانەییدا تەواو كراوە.
پڕۆژەكە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) جێبەجێی كردووە و لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا تەواوی كارەكانی بە كۆتا هاتووە، تێیدا رەچاوی نوێترین تەكنیك و ستانداردە جیهانییەكانی رێگەوبان كراوە.
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر– گۆمەسپان، گۆڕانكارییەكی ڕیشەییە لە ژێرخانی هاتوچۆی ناوچەكە و تایبەتمەندییەكانی بەم شێوەیەن:
- درێژیی رێگەكە: 16 كیلۆمەترە (دوو ئاراستە).
- رێگەی خزمەتگوزاری: هەشت كیلۆمەتر رێگەی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت.
- پانیی رێگە: هەر ئاراستەیەك پانییەكەی 11 مەترە و لە سێ رێڕەو پێكهاتووە (دوو رێڕەو بۆ ڕۆیشتنی ئاسایی و یەك رێڕەوی فریاگوزاری/تەنیشت).
- پێكهاتەی قیر: سێ چین قیری بۆ بەكار هاتووە بە ئەستووریی 21 سانتیمەتر.
- ژێرخان: چینێكی 30 سانتیمەتریی بەهێز بۆ بەرگەگرتنی كێشی قورس دروست كراوە.
- خێرایی رێگەپێدراو: 100 كم/سەعات بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك و 80 كم/سەعات بۆ بارھەڵگر.
رێگەی كۆنی گۆمەسپان بەهۆی تەسكییەكەیەوە تەنیا 6.5 مەتر بوو و بوونی پێچی مەترسیدار، ساڵانە دەبووە هۆی رووداوی دڵتەزێن و گرفتی زۆری بۆ شۆفێران دروست دەكرد.
لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا، پێنج پرد، یەك ژێرپرد (نەفەق) و 50 ئاوبەری سندووقی دروست كراون. هەروەها تەواوی رێگەكە بە هێمای هاتوچۆ، دیواری پەرژینی خۆپاراستن و هێڵكارییەكان رازێنراوەتەوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.