چاوی ئەژدیهای چین.. یاریی ئێران و ئەمەریكا هەڵدەگێڕێتەوە؟

:: AM:11:31:25/02/2026 ‌

سەرچاوەكانی تەناهی لە تەلئەبیب ئاشكرایان كرد، چین دەستی بە ئۆپراسیۆنی ناڕاگەیەنراو كردووە كە دەتوانێ رێڕەوی جەنگی ئەمەریكا و ئێران بگۆڕێت، ئەمەیش دوای ئەوەی چین لە هەوڵی بڵاوكردنەوەی كەشتیی چاودێركردنی دەریایی "لیاووانگ-1" لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست دەركردووە، ئەمەیش دەرخەری توانایەكی جۆری و زۆر بەهێزی تەكنەلۆجی چینە لەسەر دنیا و هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا. 

پێگەی نتسیفی عیبری بڵاوی كردووەتەوە، چین كەشتی چاودێری پێشكەوتووی خۆی لە ئاوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو كردووەتەوە، كە توانایەكی تەكنەلۆجی زۆر بەرزی چاودێریكردنی هەیە و كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە دەبێت، بەتایبەت لە ململانێی پێشبینیكراوی نێوان واشنتن و تاران. 

ئەو كەشتییەی چین كە بەشێك بە لیاووانگ-1 و بەشێكی تریش بە یوان وانگ-1 ناوی دەبەن، نوێترین ڤێرژنی پێشكەوتووی سەكۆی ڕاداری دەریایی گوێزەرەوەیە كە توانایەكی بێهاوتای هەواڵگریی هەیە، بۆ ئاشكراكردنی دوژمن لەسەر دەریا و ژێر دەریادا، بەهۆی توانا زۆر و هێزە تایبەتەكەی بە "چاوی ئەژدیهاكەی چین" ناوی دەبرێت، چونكە ئەو زانیارییانەی كۆی دەكاتەوە، هێندە ورد و ڕاستن كە تا ئێستە تەكنەلۆجیا نەیتوانیوە كاری لەمجۆرە بكات. 

تواناكانی ئەو كەشتییە و سیستمی ڕادارەكەی هێندە پێشكەوتوو و بەهێز كراوە كە توانای دۆزینەوەی فڕۆكە تارماییەكانی جۆری ئێف 35 و ئێف 22ی ئەمەریكی هەیە، شەپۆلی جیاوازی یەك لە دوای یەك بەكار دەهێنرێت، تا تەكنەلۆجیای خۆحەشاردانی فڕۆكەكان تێكبشكێنێت، هەروەها كەشتییەكە دەتوانێ چاودێری و بەدواداچوون بۆ هەزار و 200 ئامانجی ئاسمانی دوژمن لە یەك كاتدا بە وردی و كوالێتی 95% بكات، تەنانەت لەو كاتەی كە لایەنی دووەم تەشویشیش دروست بكات. 

ژیری دەستكرد و ئەلیگۆریتمی تۆڕی دەماری قووڵ، واتە فێركردنی قووڵ بۆ دیاریكردن و دۆزینەوەی ئامانجەكان بە وردییەكی زۆرەوە لە كەشتییەكە جێگیر كراوە، ئەمەیش وا دەكات ئەگەر هەڵەكردن لە ناسین و دۆزینەوەی فڕۆكەی جەنگی و مووشەكەكان زۆر بە دەگمەن ئەنجام بدات، هاوكات توانای هەیە كە چاودێری مووشەكی بالیستی و چەكی خێراتر لە دەنگ بكات، ئەو چەكانەیش بریتین لە چەكەكانی سوپای ئەمەریكا كە زۆر پشتیان پێ دەبەستێ و هەمیشە شانازییان پێوە دەكات. 

بوونی ئەو جۆرە تەكنەلۆجیا پێشكەوتووە لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، بنەماكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بەیەكدادان لە ڕیشەوە دەگۆڕێت، بۆ واشنتن كە پشت بە ڕەگەزی لەناكاو و خێرا دەبەستێ لە رێگەی فڕۆكە تارماییەكانیەوە بۆ وەشاندنی بۆردمانی گورچكبڕ لە ئێران، لە ڕێگەی توانای ڕاداری ئەو كەشتییە چینییە بۆ دۆزینەوەی شوێنی فڕۆكە جەنگییەكان لە كاتی گونجاودا، وا دەكات فڕۆكەكانی تارمایی نەتوانن بە ئاسانی جووڵە بكەن، ئەمەیش دەرفەت بە ئێران دەدات كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی خۆی چالا بكات و وەڵامی فڕۆكە تارماییەكانی ئەمەریكا لە ئاسمان بداتەوە و بۆردمانیان بكات. 

ئەمە لە كاتێكدایە كە مانگی دەستكرد و كەشتییەكانی چین بە كردەیی بڵاوەپێكردنی پاتری سیستمی پاتریۆت و فڕۆكەی ئێف 16ی ئەمەریكییان لە بنكەكانی سەربازی ئەمەریكا لە كەنداو بڵاو كردەوە، ئەمەیش لە كاتێكدا بوو كە ئەمەریكا بە نهێنی ئەو كارەی ئەنجام داوە، بەڵام ئێستە چین ئاشكرای كردووە و بڕی كۆكردنەوەی فڕۆكە و كەشتی و سەربازیی جەنگی ئەمەریكا لە ناوچەكە بۆ دژایەتیی ئێران بۆ هەموو لایەك ڕوون و دیارە، ئەمە وایكردووە كە بۆ ئەمەریكا قورس بێ كە نهێنی ئۆپراسیۆنەكانی بشارێتەوە، لەوەیش مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئەو زانیارییانەی چین كۆی دەكاتەوە، لەوانەیە بكەوێتە دەستی تۆڕەكانی بەرگری ئێران، لەوانە سیستمی ئێچ كیو -9 بی كە پێشتر چین بە ئێرانی فرۆشتووە، ئەمە وا دەكات بەرگریی چین زۆر كارا و چالاك بێ لە دژی هێرشەكانی ئێرانەوە. 

ئەو كەشتییە ناوازە و پێشكەوتووە تایبەتمەندیی تر و نەزانراوتریشی هەیە كە توانای بەكارخستنە تایبەتەكەیەتی، كە دەتوانێ لە دەریاكانی دنیا و ناوچە ستراتیجییەكانی دنیا بوەستێت، وەك كەنداوی عومان و دەریای عەرەب بۆ نموونە، بۆ ئاشكراكردنی ئەو ناوچانەی كە ڕادارەكانی سەر زەوی توانای ئاشكراكردنیان نییە، بەڵام لەو ڕێگەیەوە دەتوانێ ناوچە دوورەدەستەكان و ئاوە دوورەدەستەكان بكات بە خاڵی دۆزینەوەی جووڵەی لایەنی دووەم و ئاشكراكردنی سەرجەم نهێنییەكانیان. هاوكات وەك ناوەندێكی سەركردایەتیكردنی جەنگ و كۆنترۆڵی پێشكەوتوو لەگەڵ مانگە دەستكردەكان و هێزەكانی مەیدانی و خێرای چینی هەیە، لە تەك هەموو ئەمانەیشدا دەتوانێ بەشێوەیەكی فراوان بەرگری لە هێرشی ئەلیكترۆنی و جەنگی ئەلیكترۆنی مەترسیدار بۆ سەر دوژمن بەرپا بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د