ڕۆژ و هۆل ترسیان خستووەتە دڵی ئەوروپاوە

:: PM:01:47:25/02/2026 ‌
یاداشتێكی ناوخۆی یەكێتیی ئەوروپا، مەترسییەكانی تەناهی لەبارەی هەڵاتنی هەزاران كەس لە كەمپەكانی گرتنی كەسوكاری چەكدارانی داعش و ئەگەری هاوسۆزیی ئەوان بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە، بە مەترسی دەزانن و نایشارنەوە كە ئەگەری زۆر هەیە ئەوانە دووبارە لەلایەن داعش بە سەرباز بكرێنەوە و كردەی تیرۆریستیان پێ ئەنجام بدرێت. 

لە یاداشتەكەدا كە سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەوروپا ئێستە لای قوبرسە، بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپای ڕەوانە كردووە و دەڵێ، دۆخی گیراوان كە لە كەمپی هۆڵ ڕایان كردووە تا ئێستەیش ناڕوونە، سەرەڕای ئەوەی ئاگەدارین كە زۆرینەی ڕەهای ڕاگیراو و گیراوانی ناو ئەو كەمپە هەڵاتوون و دیار نین. 

"ڕۆیتەرز" یاداشتەكەی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەم دۆخە مەترسیدارە، چونكە ئەگەری زۆر گرووپە تیرۆریستییەكان، كەسوكاری چەكدارانی داعش دووبارە چەكدار بكەنەوە و بیانخەنەوە ڕیزەكانی خۆیان و جووڵەی چەكداری و تیرۆریستییان پێ ئەنجام بدەنەوە. 

كەمپی هۆل كە كەوتووەتە نزیك سنوورەكانی عێراق، كەمپی سەرەكی ڕاگرتن و گرتنی كەسوكاری چەكدارانی داعش بوو دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكان لە دەستی داعش لە ناوەڕاستی 2017، كەسوكاری چەكداران كۆ كرانەوە و لەو كەمپە هێڵرانەوە، لە ترسی ئەوەی ئەوانیش وەلایان بۆ داعش هەبێ و كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەنەوە، گرتن و كۆكردنەوەیشیان لە هەڵمەتێكدا بوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرپەرشتییان دەكرد. 

لە كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ، كەمپەكە لە ژێر كۆنترۆڵ دەرچوو، دوای ئەوەی هێزەكانی حكوومەتی سووریا لە دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات جووڵەیان كرد و ئەمەیش پشێوی دروست كرد و وایكرد هێزەكانی كورد ناوچەكە چۆڵ بكەن، بەم شێوەیەیش ڕێژەیەكی یەكجار زۆری گیراوان و ڕاگیراوانی ناو كەمپەكە هەڵاتن و ئێستەیش نازانرێ لە كوێن و ڕوویان لە كوێ كردووە.  

پێشتر هێزەكانی سووریای دیموكرات، بە توندی پاسەوانی كەمپەكەیان دەكرد و ڕێگەیان نەدەدا هیچ یەكێك لەو گیراوانە كەمپەكە جێبهێڵن و ڕابكەن. بەگوێرەی داتاكانیش بەر لە هەڵاتنی گیراوان، ژمارەی ئەوانەی نیشتەجێی ئەو كەمپە بوون 23 هەزار و 407 كەس بوون، لە ناویاندا شەش هەزار و 280 بیانیی تێدابوو كە هەڵگری ڕەگەزنامەی 40 وڵاتی جیاجیای دنیا بوون، هاوكات سوپای ئەمەریكا لە 13ی شوبات/فێبرایەری ئەمساڵ بڵاوی كردەوە، توانیویانە بە سەركەوتوویی پێنج هەزار و 700 چەكداری گیراوی ناو گرتووخانەكانی سووریا بۆ عێراق بگوازنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە سەرەتا باس لەوە دەكرا كە زیاتر لە حەوت هەزار چەكداری داعش لە گرتووخانەكانی سووریا هەن، بەڵام دواجار تەنیا پێنج هەزار و 700 كەس گەیەنرانە عێراق. 

لە بەشی مەترسییە تەناهییەكان و  دۆخ و پێشهاتەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سووریا كە لە یاداشتەكەی یەكێتیی ئەوروپا بوونی هەیە ئاماژە دراوە، ئاڵۆزی و پشێوی و هەوڵدانی كۆنترۆڵكردنی كەمپەكە لەلایەن حكوومەتی سووریاوە، بووە هۆی داڕمانی ئاسایش و خزمەتگوزاریی كەمپی هۆل و دواجاریش هەڵاتنی بە كۆمەڵی ژمارەیەكی یەكجار زۆری نیشتەجێبووانی، ئاژانسی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە سووریا و حكوومەتی سووریا بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد شەرع دووپاتیان كردەوە، ئاوارەبوونێكی بە كۆمەڵی ناڕێكخراو لە چەند هەفتەی ڕابردوو بوونی هەبووە. 

دیمەشق هێزەكانی هەسەدەی بە كشانەوە بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی سووریا لە كەمپی هۆل لە 20ی كانوونی دووەم/یەنایەر تۆمەتبار كرد، بەڵام هەسەدە وەڵامی دایەوە و گوتی، ناچار بوون هێزەكانیان لە كەمپەكە و ناوچەكەوە بەرەو دەوروبەری شارەكان بكشێننەوە، چونكە هەڕەشە لەسەر شارەكانی كوردی لە سووریا هەبوو. 

سەرچاوەیەكی تەناهی لە حكوومەتی سووریا بۆ ڕۆیتەرز پێشتر گوتی، دەسەڵاتدارانی تەناهی بە هاریكاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان، دەستیان بە دروستكردنی یەكەیەك بە ناوی یەكەی بەدواداچوونی داواكراوان كردووە و بە دوای ئەو كەسانە دەگەڕێن كە لە كەمپەكە بوون و ڕایان كردووە. 

هێزەكانی سووریای دیموكرات جیا لە كەمپی هۆل، پاسەوانی كەمپی ڕۆژیشیان دەكرد كە ژمارەیەكی زۆر چەكدارانی داعش و كەسوكاریان لەو گرتووخانەیش بوونیان هەبوو، یاداشتەكەی یەكێتیی ئەوروپا ڕوونی كردووەتەوە، توانای دیمەشق بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە سنووردارە و ڕووبەڕووی كێشەی گەورەی بەڕێوەبردن بووەتەوە، حكوومەتی دیمەشق نیازی وایە هەنگاو بە هەنگاو كەمپی هۆل چۆڵ بكات و هەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام ڕووداوەكانی ئەمدواییە سەلمێنەری ئەوەن كە مەترسی تەناهی گەورە بەڕێوەیە. 

لە كەمپی هۆل و كەمپی ڕۆژ زیاتر لە 25 هەزار كەس لە ژن و منداڵ  گیرابوون، زۆرینەیان توندڕۆ بوون و هزری تیرۆر لە مێشكیان چەكەرەی كردبوو، لە دۆخێكی مرۆیی و تەناهیی كۆنترۆڵكراو ڕۆژەكانیان بەسەر دەبرد. كەمپی ڕۆژ تا ئێستەیش لە ژێر دەستی هێزەكانی هەسەدەیە و هەفتەی ڕابردوو 34 هاووڵاتیی ئوسترالی تێدا ئازاد كرا، بەڵام حكوومەتی ئوسترالیا ڕەتی كردەوە كە هاووڵاتییەكانی وەربگرێتەوە، بەهۆی ئەوەی كەسوكاری چەكدارانی داعشن، بەگوێرەی یاداشتەكە هۆكاری نیگەرانكەر هەن لەبارەی دووبارە ڕاكردنی گیراوانی ناو كەمپی ڕۆژ دوای ئەوەی دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی سووریاوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د