هیند و ئیسرائیل.. داڕشتنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆسپ لە بەردەم پەلهاوێژییەكانی توركیا

:: AM:11:35:26/02/2026 ‌

هەریەك لە هیندستان و ئیسرائیل كەوتوونەتە جووڵە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێناو دانانی سنوور بۆ توركیا و پەرەپێدانی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دەستەبەركردنی سەلامەتی كەشتیوانی لە زەریا و گەیاندنی كاڵاكان لە هیندەوە بۆ بەندەری حەیفا و لەوێوەیش بۆ ئەوروپا. 

لە 22ی شوبات/فێبرایەر، قسەكانی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆی هێنا، دوای ئەوەی ئاشكرای كرد كە ئیسرائیل كار دەكات بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانیی شەشقۆڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە هیندەوە تا یۆنان و قوبرس لەخۆ دەگرێت، وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیش دەبن بە ئەندامی هاوپەیمانییەكە.  

نەتەنیاهۆ ئەوەیشی گوتی، لە میانەی سەردانی سەرۆك وەزیرانی هیندستان ناریندار مۆدی بۆ تەلئەبیب باس لە نەخشەی نوێی هاوپەیمانی شەشقۆڵی لە ناوچەكە دەكەن، ناریندار مۆدی دواتر گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ نەتەنیاهۆ كۆبووەوە، بۆ تاوتوێكردنی نەخشەی هاوپەیمانی لەگەڵ هیند كە ئیسرائیل دەكەوێتە ناو دڵی هاوپەیمانییەكەوە، ئەم سەردانەی مۆدی بۆ ئیسرائیل بە دووەم سەردان هەژمار دەكرێ دوای بوونی بە سەرۆك وەزیرانی هیندستان، یەكەمجاریش لە 2017 سەردانی تەلئەبیبی كرد، ئەو گفتوگۆ و سەردان و دیدارانە باس لە هەڵوێست و هاوپەیمانی لە نیودەلهی و تەلئەبیب و تێپەڕین بە جیۆگرافیای وڵاتانی عەرەبی دەكرێت. 

جۆناسان ئەدیری ڕاوێژكاری سەرۆكی پێشووی ئیسرائیل شەمعوون پێریز، لەوبارەیەوە بابەتێكی بە ناونیشانی "هاوپەیمانی لە هیندەوە تا كووش: ئیسرائیل پەرژینەكە جێ دەهێڵی و دەگەڕێتەوە بۆ داڕشتنی ناوچەكە"، ئەمەیش بۆ جۆرێكی لە پەیمانی كۆن دەگەڕێتەوە كە دووپات لەوە دەكاتەوە تا دوورترین بەشی ئیمپراتۆریی فارسی بەر لە زاینی بڕۆن. ئیمپراتۆریی فارسیش ئەوكات سنوورەكەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هیندستان بوو و لە ڕۆژئاوایشەوە ناوچەی كووش كە دەكەوێتە باشووری میسرەوە. 

ئەدێری نووسیویەتی، ستراتیجی نوێی ئیسرائیل بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی هەرێمەكە وا دەكات كە ئیسرائیل بكەوێتە دڵی هاوپەیمانییەكانی ناوچەكە و هەر چوار میحوەر لە خۆ دەگرێت، هیندستان لە ڕۆژهەڵات و ئەسیوپیا لە باشوور و ئازەربایجان لە باكور و یۆنان و قوبرس لە ڕۆژئاوا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توركیا كە دەستی بە دەستوەردان لە كاروباری سەربازی و ئابووری لیبیا و سۆماڵ كردووە، خەونی تەواوكردنی سێگۆشەی هێزی هەیە كە بە سووریا تێپەڕ دەبێت. 

لەلایەكی ترەوە ناریندرا مۆدی پشتیوانیی لە بیرۆكەی دەریاوانی دوورمەودا دەكات و دەیەوێ بەهێزترین كەشتیگەل لەوپەڕی زەریای هیندییەوە تا دەگاتە گەرووی هورمز و بابولمەندەب هەبێت، بۆ گەرەنتی هەژموون و سەلامەتی هیندستان لەسەر ڕێگەی بازرگانی زیندوو كە لە هیندستانەوە بۆ گەرووی هورمز یان بۆ بابولەمەندەب و گەیشتن بە جیبۆتی و سۆماڵ و لەوێوەشەوە میسر و دەریای ناوەڕاست. جۆناسان ئەدیری پەسنی سەردانەكەی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ڕابردووی مۆدی بۆ ئەسیوپیا دەكات و دەڵێ، ئەو سەردانە بازێكی گەورەی بۆ پێشڤەچوونی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و هیندستان دا و بووە بزوێنەری درێژبوونەوەی پێوەندی لە هیندەوە بۆ كووش (دۆڵی نیل) كە ئامانج لێی بەرگرتنە لە پاوانخوازییەكانی توركیا و هەوڵدانە بۆ دروستكردنی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

سمیر بتاشاریا كە لە دامەزراوەی ئۆبزێرڤەر بۆ توێژینەوە لە نیودەلهی كار دەكات، ئەو دامەزراوەیە پێوەندییەكی تۆكمەی بە وەزارەتی بەرگری هەیە، سمیر لە وتارێكدا بە ناوی "مانۆڕی خاكی سۆماڵ هەوڵی هیند بۆ چنگخستنی هەژموون لەسەر گۆڕەپانی شەتڕەنجكردن لە دەریای ناوەڕاست" بڵاو كردەوە و ئاماژەی داوە، خاكی سۆماڵ كە كەناراوی ڕۆژئاوای زەریای هیندییە، دەكەوێتە گۆشەیەكی ستراتیجی ناوچەكە و زۆر ستراتیجییە بۆ هیندستان كە بنكەیەكی هێزی دەریایی خۆی لە شاری بەربەرە دروست بكات، بەمشێوەیش هیندستان دەتوانێ بەر لە هەژموونی چین لە ناوچەكە بگرێ و بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكە بپارێزێت، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای میلی چین بنكەیەكی سەربازیی لە جیبۆتی دروست كرد. ئەمەیش بە تەواوی پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی هیندستان و ئیسرائیلە، بۆیە بە فەرمی ددانیان بە سۆماڵیلاند لە كۆتایی ئەمساڵ هێنا. 

بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هیندستان و ئیسرائیل تەنیا لە سنووری ئەسیوپیا و سۆماڵیلاند خۆی نابینێتەوە، بەڵكو دامەزراوەی لێكۆڵنەوەی هیندستان بەمدواییە پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری برەو پێدا كە گەیاندنی كاڵاكانە بە بەندەری حەیفا، لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی ئەوروپا، بەو ئامانجە مۆدی لە كۆتایی مانگی ڕابردوو كانوونی دووەم /یەنایەر لەگەڵ كایا كالاس نوێنەری باڵای كاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی یەكێتیی ئەوروپا كۆبووەوه، تێیدا ڕێككەوتنی بازرگانی ئازاد لە نێوان هیندستان و ئەوروپا واژووی لەسەر كرا، جیا لەوەی چەندان گرێبەستی تریش واژوو كران لە پەرەپێدانی هاوبەشایەتی تەناهی و بەرگری و هاریكاری لە ئاسایشی دەریاوانی و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی هێرشی سیبرانی. 


وشە - باز ئه‌حمه‌د