ئەندازیارێكی پرۆگرامینگ توانی كەلێنێكی تەناهی لە سیستمی كارپێكردنی گسكێكی رۆبۆتی كە پێوەستن بە ئینتەرنێتەوە بدۆزێتەوە، لەو ڕێگەشەوە دەتوانێ بە یەك كلیك حەوت هەزار رۆبۆتی گسكی كارەبایی لە 24 وڵاتی دنیا بخاتە كار، بێ ئەوەی خاوەن ماڵەكان پێی بزانن و ڕۆڵیان هەبێ لە بەكارخستنی.
پێگەی پەپیلەر ساینس بڵاوی كردەوە كە ئەندازیار سامی ئەزدۆڤال ئێستە لە ڕێگەی ئەو كەلێنەوە نەك تەنیا دەتوانێ گسكێكی رۆبۆتی بەكار بخات، بەڵكو لەو ڕێیەوە دەتوانێ بچێتە ناو تۆڕی ئینتەرنێتی ماڵەكان و كامێرای ڕاستەوخۆ بكاتەوە، داتا و زانیارییە هەستیارەكان ئامێرەكانی پێوەست بەم تۆڕە بدزێت و كۆنترۆڵیان بكات.
ئەزدۆڤال لەوبارەیەوە قسەی كردووە و
دەڵێ، تەنیا ویستم پەرە بە شێوازی كۆنترۆڵكردنی گسكە ڕۆبۆتەكەم بدەم و لە ناو ئەپی DJI ROMO بەكاری نەهێنم و بگرە پێوەستی بكەم بە دەسكی كۆنترۆڵكردنی یاریی ئەلیكترۆنییەوە، لەبری ئەوەی بچمە ناو ئەپی فەرمی كۆمپانیای دروستكەری گسكەكەوە و لەوێوە كۆنترۆڵی بكەم و بەكاری بهێنم، لە ڕێگەی ئەو ئەزموونەوە كەلێنیكی فراوانم لە ژێرخانی كلاودی كۆمپانیای دروستكەری رۆبۆتی گسكەكە دۆزییەوە.
سەرەتا ئەزدۆڤان پرسیاری لە تۆڵی زیرەكی دەستكردی یاریدەدەری كردووە كە لە چۆنیەتیی پێوەندیی ڕۆبۆتی گسكەكان لەگەڵ سێرڤەری كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بكات، لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی ئەندازەی پێچەوانە بۆ پرۆتۆكۆلی پێوەندیكردن دەتوانرێ كۆدی تەناهی Security Token خاوەنداریەتی رۆبۆتی گسكەكە بسەلمێنێت، بەمشێوەیە دەرفەت بە ئەپەكە دەدات كە لەگەڵ سێرڤەرەكانی كۆمپانیای دروستكەری رۆبۆتەكە لە چین پێوەندیی ببەستن.
لە كاتی جێبەجێكردنی ئەو كارە سێرڤەری كۆمپانیای دروستكەری رۆبۆتی گسكەكە جیا لەوەی دەسەڵاتی بەكارهێنانی رۆبۆتی سامی ئەزدۆڤال بە تەنیا بەو كەسە ببەخشێ، داتا و دەسەڵاتی كۆنترۆڵكردنی هەزاران گسكی رۆبۆتی تری لە وڵاتانی تری دنیای پێ بەخشیوە، وەك ئەوەی سەرجەمیان خاوەندارییان بۆ سامی ئەزدۆڤال بگەڕێتەوە و ئەو خاوەنی هەموویان بێت. ئەو كەلێنە دەرفەتی ئەوەی بەردەست كرد كە كامێرای ڕاستەوخۆ و مایكرۆفۆنی تایبەت بە رۆبۆتی گسكەكە بكاتەوە و بگات بە نەخشەی سێ ڕەهەندی ماڵەكان كە لە نێو ڕۆبۆتەكە هەڵدەگیرێت، جیا لەوەی داتاكانی تۆڕی ئینتەرنێت ماڵەكە و ئایپی ئەدرێس و دۆزینەوەی لۆكەیشنی جیۆگرافی گسكەكان.
شارەزایان ئاماژەیان بەوە دا كە ئەگەر لایەنێك تاوانكار ئەو كەلێنەی بدۆزیایە، دەیتوانی وەك ئامرازێكی چاودێریكردنی گشتی بۆ سەر خاوەنی رۆبۆتی گسكەكان بەكاری بهێنێت، بێ ئەوەی هیچ كەسێك هەستی پێ بكات و پێی بزانێت. ئەزدۆڤان لەوبارەیەوە گوتی، داتای رۆبۆتەكانی ترم دەستكاری نەكرد، ئەمەیش بریتی نەبوو لە هاككردن، بەڵكو هەوڵدان بوو بۆ كارئاسانكردنی كارەكانی خۆم، لەگەڵ ئەوەیشدا توانیم كێشە و كەلێنێكی تەكنیكی گەورە بدۆزمەوە لە سیستمی بەرگریكردنی رۆبۆتی گسكی كارەبایی. بۆیە دەستبەجێ كۆمپانیای DJI Homeی لە بوونی ئەو كێشەیە ئاگەدار كردووەتەوە.
لەوبارەوە كۆمپانیاكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، توانرا ئەو كەلێنە تەناهییە دوای ئاگەداركردنەوەمان پێی بزانرێت و دوای زانینیشی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەست بەكاركردن كرا تا بە خێرایی چارەسەری ئەو كەلێنە تەناهییە بكرێ و سەلامەتی رۆبۆتی گسكەكان بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
ئاماژەی داوە كە لە ڤێرژنی نوێی هەشت و 10ی ئەو مانگە ئەو كەلێنە تەناهییە بە تەواوی لابراوە، ناتوانرێ هیچ كەسێك بچێتە ناو سیستمێكەوە تەنیا ئەگەر بەكارهێنەری سەرەكی رۆبۆتێكی گسكی كارەبایی نەبێ و خاوەندارییەكەیشی بە تەواوی بۆ خۆی بسەلمێنێت.
DJI ROMO گسكێكی رۆبۆتی پاككردنەوەی ناوماڵە و خۆكارانە و ئۆتۆماتیك كار دەكات و لە چینەوە ساڵی ڕابردوو دروستكراو و خراوەتە بازاڕەوە، نرخی لە بازاڕ دوو هەزار دۆلاری ئەمەریكییە و قەبارەكەی هاوشێوەی سەگێكی قەبارە مامناوەند دەبێت.
گسكەكە لەسەر كۆمەڵێك هەستەوەر و كامێرا كار دەكات و پشتیان پێ دەبەستێ لەوەی خۆكارانە جووڵە بكات و خۆی بگوێزێتەوە بەر لەوەی بە دیوارەكان و كەلوپەلی ناو ژوورەكان بكەوێت و تووشی وەستان بێت، جیاوازی لە ناو ژوورە جیاوازەكانی وەك چێشتخانە و ژووری نووستن دەكات و ئەركەكانی پاككردنەوە و سڕینەوە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ئەنجام دەدات، ئەو جۆرە ڕۆبۆتە پێویست لە كۆكردنەوەی داتای بینراوی بەردەوامی دەوروبەری خۆی لە ڕێگەی كامێراكانەوە هەیە، جیا لەوەی بەشی هەڵگرتنی ئەو داتایانەی لە كڵاود هەیە تا دووبارە سوودی لێ وەربگرێتەوە و ڕێڕەوەكانی خۆی بدۆزێتەوە. ئەمەیش وا دەكات خاوەنی داتای زۆر ورد و هەستیاری ناوەوەی ماڵەكان بێت، لە ئەگەری كۆنترۆڵكردنی هەموو گفتوگۆ و دیمەنەكانی ناوماڵ بەشێوەی 24 سەعاتی دەتوانرێ لەلایەن هێرشبەرەكەوە ببینرێ و بۆ مەبەستی تاوانكاری سوودی لێ وەربگیرێت.