فۆرێن ئەفێرز: ترەمپ بە شەڕ یان ئاشتی سەركەوتنی لە ئێران دەوێ

:: PM:02:03:26/02/2026 ‌
نێت سوانسەن بەڕێوەبەری پڕۆژەی ستراتیجیی ئێران لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی، بەڕێوەبەری دۆسیەی ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریكا و ئەندامی تیمی دانوستاندنی حكوومەتی ترەمپ لەگەڵ ئێران لە بەهار و هاوینی 2025، بابەتێكی بە ناونیشانی "بۆچی ئێران گرژییەكان ئاڵۆزتر دەكات؟ بۆردمانی سەربازیی ئەمەریكا و مەترسی كەوتنە ناو زەلكاوێك"، لە گۆڤاری فۆرێن ئافێرز بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، لە كاتێكدا گەورە پسپۆرانی سیاسەتی دەرەوە هۆشداریی لە مەترسیی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەدەن، كۆشكی سپی بە متمانەبەخۆبوونی زۆرەوە دەڵێ، سەرۆك ترەمپ لە توانایدایە ڕووبەڕووی دەرئەنجامێكی بۆردمانكردن ببێتەوە، ئەو متمانە زۆرە شێوازێكی نەگۆڕاوی چەند ساڵە لە شێوەی بیركردنەوەی ترەمپ دروست كردووە، كاتێك دامەزراوەكانی سیاسەتی دەرەوە لە واشنتن هۆشداریی بە سەرۆك دەدەن كە هەر كارێكی پێچەوانەی عورفەكان، بەڵام سەرۆك ڕاوێژەكانیان پەراوێز دەخات و بەوشێوەیە هەنگاو دەنێ كە خۆی دەیەوێ، بێ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ سزایەك ببێتەوە.

 لە 2018دا كاتێك ترەمپ پێچەوانەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا فەرمانی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكای لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس دەركرد، من لە نووسینگەی كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كارم دەكرد، پسپۆرانمان پێشبینی بیرۆكراسیی زۆری ئەو هەنگاوەیان دەكرد، هەروەها چاوەڕوانی ناڕەزاییەكی فراوان و گورز وەشاندن بوون لە هاووڵاتییانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بۆیە تیمێكمان پێكهێنان و پلانمان بۆ چۆڵكردنی شوێنەكە دانا بەر لەوەی كارەسات ڕوو بدات، ئەو سیناریۆیە مانگی حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو دووبارە بووەوە، كاتێك ترەمپ چووە ڕیزی ئیسرائیلەوە و بۆردمانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد، شرۆڤەكاران هۆشدارییان دا كە هەر بڕیارێكی خراپ جەنگێكی فراوانی لێ دەكەوێتەوە و بەرنامەی ناوكی ئێران زۆر پێش دەخات، بەڵام ئەمجارەیش هیچ ڕووی نەدا. 


كاتێك حكوومەتی ئەمەریكا سەرۆكی ڤەنزوێلا نیكۆلاس مادۆرۆی لە كانوونی دووەم/یەنایەر لە كار خست، پسپۆران سووربوون لەسەر ئەوەی كە ئەمەریكا و ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، بەڵام هیچ شتێكی لەمجۆرە تا ئێستە ڕووی نەداوە. زۆر ئاسانە لە هۆی بڕوابوونی ترەمپ بگەیت، لەبارەی ئەو هەموو هۆشدارییەی لەسەر هێرشكردنە سەر ئێران پێی دەدرێ و زێدەڕۆیی لەسەر دەكرێ و ئەویش هەمان داڕشتنی مامەڵەكردنی خۆی دووبارە دەكاتەوە و كەلەڕەقانە بەردەوام دەبێ لە بڕیارەكەی خۆی، بەڵام ئەمجارە بە تەواوی جیاوازە، ماوەی 18 ساڵە من لە دۆسیەی ئێران لە دامەزراوە حكوومییە جیاوازەكانی ئەمەریكا كار دەكەم، لە ناویاندا بەڕێوەبەری دۆسیەی ئێران لە حكوومەتی جۆ بایدن و ئەندامی تیمی دانوستاندن لە سەردەمی حكوومەتی ترەمپ لە بەهار و هاوینی ڕابردوو، لە میانەی ئەو ئەزموونە زۆرە دەتوانم ئەوە ببینم كە ترەمپ تووشی شكستێكی جەوهەری دەبێ لەوەی وا هەست دەكات كە لاوازكردنی ئێران، هانی تاران دەدا كە خۆی ڕادەستی ئەمەریكا لەسەر مێزی دانوستاندنەكان بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە لاوازیی ئێستەی ئێران چوارچێوەی هەر چارەسەرێكی مامناوەند بەرتەسك دەكاتەوە. 

ترەمپ هەست بەوە ناكات كە ئێران ڕووبەڕووی دۆخێكی تەواو جیاواز دەبێتەوە وەك ئەوەی لە حوزەیران/یۆنیۆی ڕابردوو تێیدا بوو، ئێستە كەمكردنەوەی گرژییەكانی هەڵبژاردووە، كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بڕوایەدا بوو كە ئیسرائیل و ئەمەریكا ئامادەن بۆ وەشاندنی گورز لە بەرنامەی مووشەكی كە بنەمای بەرگریكردنی ئێران بوو لە خۆی، بۆیە سوور بوو لەسەر ئەوەی خۆی لەهەر هێرشێكی دەرەكی دوور بخاتەوە و گرژییەكانی كەمتر و كەمتر دەكردەوە. بەڵام ئاكاری ترەمپ ئەگەری هەڵكشان و بەرزبوونەوەی گرژییەكان زیاتر و زیاتر دەكات، خواستی سەرۆك لە دەركەوتنی وەك دروستكەری ئاشتیی مێژوویی، وایكردووە بیر لە بژارەی تر بكاتەوە كە ناچاركردنی ئێرانە لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێی گەورە، یان بەكارهێنانی هێزێكی گەورە لە دژی ئێران، پاڵنەرەكانی شاراوە و وا دەكەن ئەمە خاڵێكی نیگەرانیی زۆر مەترسیدار بێت. یان ترەمپ گرنگی دەدات بە دەرخستنی توانی سوپا و بەهێزكردنی هەڵوێستی دانوستاندنی خۆی و سووربوون لەسەر ڕژدیی خۆی، كاتێك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەڵێنی پاراستنی خۆپێشاندەرانی ئێران دەدات و دەیەوێ ڕێبازی خۆی لەگەڵ سەرۆك باراك ئۆباما جیا بكاتەوە. 

ئەو جۆرە لە مامەڵەكردنە كەموكورتی لە ئامانجەكان هەیە و سەرنج خراوەتە سەر هەڵمەتێكی سەركەوتووی پێشوو، لە كاتێكدا ئێستە كەمترین ئامادەكاری بۆ گورزوەشاندن كراوە، تا خۆڕادەستكردنێكی خێرای لێ بكەوێتەوە، بۆیە هێرشی ئێستەی ئەمەریكا جەنگێكی خوێناوی ماوەدرێژی لێ دەكەوێتەوە و زیانی گەورە بە واشنتن دەگەیەنێت. 

لە ڕووی ستراتیجییەوە ترەمپ هۆكارێكی ڕوونی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران نییە، ئەوە ڕاستە ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام نەبووەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەمەریكا، لە پەراوێزی ناڕەزاییە فراوانەكانی ئێران و كۆمەڵكوژییە وەحشییەكانی، ئەوە بەس بوو كە پەستانی ئابووری و دیپلۆماسیی بەردەوام دەبێتە لاوازكردنی زیاتری ڕژێمی ئێران و دەرگە كردنەوە بۆ ململانێیەكی كراوە، بەڵام ئەم سەرۆكە دەگمەنە حەز بە سەركەوتنی لەسەرخۆ ناكات، لە ئەنجامی ئەوەیش داوایەكی سەیری هەیە و دەڵێ، یان دەبێ ئێران لەسەر ڕێككەوتنی ناوكی بكات و سەرجەم یۆرانیۆم و سیستمەی مووشەكییەكەی ڕادەست بكات، یان هێرشی ئەمەریكای دەكرێتەسەر. 

لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران خۆی و تەواوی ڕاوێژكارە فەرمییەكان و تیمی پسپۆران و تەكنیككارانی لەگەڵ بوو بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی ورد، لەوانە چۆنیەتیی رەوانەكردنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ دەرەوە و هەر فەرمانێكی جێبەجێكاری ئەمەریكا، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەدا شاندی ئەمەریكا جیا لە ستیڤ ویتكۆف و جەرید كۆشنەر، هیچ پسپۆر و كەسێكی هونەریی تێدا نەبوو و گرنگیی ئەوە بۆ ئێران نازانن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د