مامۆستایەكی هەولێر كە چەندان ساڵە دەستی داوەتە كاری خێرخوازی و ئەمساڵ بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لە كاتی بەخشین ئاشكرا بووە، قسە بۆ "وشە" دەكات و دەڵێ، ئەوەی دەیكەم بەڵێنی نێوان خۆم و خوایە.
مامۆستا هەورین سدیق
مامۆستا هەورین سدیق كە لە قوتابخانەی رۆشنبیری مامۆستایە، میهرەبانانە چاوی لەو قوتابیانەیە كە بەبێ باوكی دەخوێنن یان باری داراییان خراپە، ئەو ئێستە نەك لە قوتابخانەكەی خۆی كە مامۆستایە، بەڵكو پەڕیوەتەوە دەیان قوتابخانەی تری هەولێر.
ژنێكی باڵاپۆشی میهرەبان، زووزوو قوتابییە كەمدەرامەتەكان كۆ دەكاتەوە و بەخشیشی خۆی بەسەریاندا دابەش دەكات. ژنێكە وا دەردەكەوێت نەك تەنیا مامۆستا، بەڵكو فریشتەیەك بێت و ئومێد لە بێ ئومێدی كەمدەرامەتان دروست بكات.
چیرۆكی دۆزینەوەی مامۆستا هەورین
كەمن ئەوانەی مامۆستا هەورین دەناسن و تا ئێستەیش لە ڕێگەی هیچ راگەیاندنێكەوە دەرنەكەوتووە، بەڵام "وشە" مامۆستا هەورینی دۆزییەوە و ئاشكرای دەكات، لەو هەولێرە رەنگە سەتان مامۆستا هەورین هەبن و هێشتا ئاشكرا نەبووبن كە وەك فریشتە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت وابن.
ئەمڕۆ كەسێك كە ناوەكەی لای "وشە" پارێزراوە، نامەیەكی بۆ پلاتفۆرمەكانمان نارد، ئەو چیرۆكی هەژاری و كەمدەرامەتی خۆی گێڕاوەتەوە لە نامەكەدا، نووسیویەتی كە پێنج ساڵ دەبێت منداڵەكەم بێ باوكە، لەم رەمەزانەدا زۆر ئارەزووی گۆشتی مریشكی دەكرد و پارەمان نەبوو بیكڕین.
ئەو دەگێڕێتەوە كە منداڵەكەی لە قوتابخانەی بەردەقارەمانە و ئەمڕۆ كوڕەكەی زۆر بە دڵخۆشی گەڕاوەتەوە ماڵەوە، كاتێك بینیویەتی زەرفێكی نامەی پێیە و پارەی تێدایە، كوڕەكەی گوتوویەتی "ئەمڕۆ مامۆستایەك بەناوی هەورین هاتە قوتابخانەكەمان و پارەی دا بە هەموو ئەوانەی بێ باوكن".
ئەو كەسە لە نامەكەیدا بۆ "وشە" داوای كرد مامۆستا هەورین بدۆزینەوە، تا خەڵك بزانن ئەو چ فریشتەیەكە بۆ قوتابیانی كەمدەرامەت و بێ باوكی قوتابخانەكان.
ئەوەیشی نووسیوە، "ئەو پارەیەی مامۆستا هەورین دابووی بە كوڕەكەی، پێش هەموو شتێك مریشكێكی پێ كڕیوە و لە دڵخۆشیدا تا خواردنەكەی ئامادە كردووە، بە دیاریەوە گریاوە".
مامۆستا هەورین: ئەوە بەڵێنی نێوان خۆم و خوایە
"وشە" قسەی لەگەڵ مامۆستا هەورین كرد، سەرەتا نەیدەویست قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات، بەڵكو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو چەندان ساڵە ئەو كارە دەكات و نەیویستووە دەربكەوێ.
مامۆستا هەورین وەك خۆی دەڵێ، دڵخۆشە بەو كارەی دەیكات، ئێستە دەیان قوتابخانەی هەولێری بەسەر كردووەتەوە و لیستێكیشی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەم رەمەزانەدا كەس لە بیر نەكات.
هەروەها ئەوەیشی گوت، هەر لە مانگی رەمەزان نا، بەڵكو لە سەرەتای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانیشدا هاوكاریی قوتابیان دەكات، یان لە كاتی ئاساییدا كاتێك هەست بەوە بكات قوتابییەك شتێكی پێویستە، بۆ ئەمساڵیش جلوبەرگی زیاتر لە 180 قوتابیی دابەش كردووە .
مامۆستا هەورین نایشارێتەوە كە ئەو جیا لە پیشەی مامۆستایی، كاری خۆی هەیە و بریكاری براندی "موون شاین"ە لە هەولێر، بەڵێنی بە خوا داوە كە قازانجی كارەكەی بكات بە خێر، بۆیە ئەو بەڵێنە لەگەڵ خوادا جێبەجێ دەكات.
"وشە" پرسیاری لێ كرد، ئەگەر كەسانی دەوڵەمەند پارەی بۆ بنێرن ئامادەیە بەسەر ئەو قوتابییە هەژار و كەمدەرامەتانە دابەشی بكات؟ لە وەڵامدا گوتی بەڵێ، چونكە زۆرینەیان دەناسم و لیستی ناوەكانیانم لایە.