ئەمشەو چەند مووشەك و درۆنێك ئاراستەی كونسوڵگە و شوێنی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەولێر كران، بەڵام هەرزوو سیستمی بەرگریی مووشەكی بەرپەرچی هێرشەكانی دایەوە، وڵاتانی ناوچەكە سیستمی بەرگرییان وێران بووە، بەڵام كوردستان سەلامەتە.
ئێران تا ئێستە بە هەزار و 311 مووشەكی بالیستی، كرووز و درۆن هێرشی كردووەتە وڵاتانی ناوچەكە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی وەك قەتەر، ئیمارات و سعوودیە و بەحرێن و ئوردن بەدەست هێرشی ئێرانەوە زەلالەتیانە، بەڵام سیستمی بەرگریی هەولێر هەرزوو لە ئاسمان هێرشەكان پووچەڵ دەكاتەوە.
لەمبارەیەوە د. حەمید گەرمیانی بۆ "وشە" دەڵێت، بەمەدا شتێكی گرنگ دەردەكەوێت، ئەویش ئەوەیە هەولێر بۆ ئەمەریكا گرنگە، رەنگە گرنگتر لە وڵاتانی ناوچەكەش.
ئەو شارەزایە سەربازییە دەڵێت: وڵاتانی ناوچەكە بارودۆخیان خراپە، بەڵام كوردستان تا ئێستە بەهۆی سیستمی بەرگرییەكەیەوە زۆر سەلامەتە.
بەپێی ئامارەكان لە ماوەی دوو رۆژدا، ئێران زیاتر لە 53 هێرشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام هەرزوو هەرەزۆریان لە ئاسمان پووچەڵ كراونەتەوە.
لەمبارەیەوە شارەزای بواری سیاسی مەیسەم مورادی دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی دەكات، چونكە لە هێرشەكەی پێشتر بۆ سەر كۆرمۆر، راستەوخۆ بەرژدییەوە داوای سیستمی بەرگریی لە ئەمەریكا كرد.
مەیسەم دەبێژێت، بەحرێن، كوێت، قەتەر، ئیمارات و عومان، بە مەودای زۆر دوورتر لە ئێران، كراونەتە ئامانج و تەنانەت باڵەخانە مەدەنییەكانیان خاپوور بووە. بەڵام باشووری كوردستان تا ئێستە هەرچەندە زیاتر لەوانیش و بەردەوام لە دوو قۆڵەوە (ئێران و عێراق) هێرشی دەكرێتە سەر، پارێزراوتر بووە.
دەڵێت: دەستخۆش كاك مەسروور كە توانی خەڵك و خاكی كوردستان لەم شەڕە گەورەیەدا بپارێزی.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی وڵاتانی ناوچەكە، لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا، ئێران بە هەزار و 311 مووشەكی بالیستی، كرووز و درۆن هێرشی كردووەتە سەر چەند وڵاتێكی عەرەبی، هەرچەندە تاران دەڵێت: ئامانجیان بنكەكانی ئەمەریكایە، بەڵام زیانی زۆر بە فڕۆكەخانە، بەندەر و ناوچەكانی نیشتەجێبوون گەیشتووە.
ئەم هێرشانە كە لە رۆژی شەموو 28ـی شوباتەوە دەستیان پێ كردووە، وەك وەڵامێكە لەلایەن تارانەوە بۆ ئەو هێرشە بەرفراوانەی ئەمەریكا و ئیسرائیل كە تێیدا چەندان بەرپرسی باڵای ئێران كوژران. بەگوێرەی داتاكان، ئیمارات 709جار هێرشی كراوەتە سەر و دوای ئەویش كوێت و بەحرێن دێن.