چاوەكانی ئیسرائیل لە تاران.. چۆن خامنەیی بە ئامانج گیرا؟

:: AM:11:54:03/03/2026 ‌
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی، بابەتێكی لەبارەی ئۆپراسیۆنی ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی ڕێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لە تاران بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەم ئۆپراسیۆنە بە چاودێری و هاككردنی چەندان ساڵەی كاركردن لە ناوخۆی پایتەخی ئێران جێبەجێ كراوە، لەگەڵ زۆرترین سەرنج لەسەر كامێراكانی هاتوچۆ كە بەشێوەیەكی فراوان دانرابوون بۆ پاراستنی ئاسایشی ناو تاران.

فاینه‌نشاڵ تایمز نووسیویەتی، ئیسرائیل تەنیا پشتی بە زانیاریی مرۆیی و گوێگرتنی پێوەندییەكان نەبەستووە، بەڵكو ماوەیەكی یەكجار زۆر چاودێریی پاسەوانە كەسییەكانی خامنەیی و وێنەی تەواویان و شێوازی جووڵەی ڕۆژانە لە دەوروبەری خامنەیی، ئەمەیش وایكرد كە لە ڕۆتینی پاراستن و كەلێنە تەناهییەكانیان دۆزیوەتەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، هاككردنی كامێراكانی هاتوچۆی تاران لەوانە كامێراكانی نزیك لە ناوچەی نیشتەجێبوونی عەلی خامنەیی وایكرد، بە وردی چاودێریی جووڵەی زەوینی خامنەیی و تیمی پاسەوانەكانی چركە بە چركە بكرێت، ڕێڕەوەكانی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوە و ئاڵوگۆڕی تیمی پاسەوانانی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ گەیشتوونەتە دەست ئیسرائیل.

ئۆپراسیۆنەكە تەنیا پشتی بە چاودێری بینین و كامێراكانیش نەبەستووە، بەڵكو لە تەك ئەوەدا بورجەكانی پێوەندیكردن لە نزیك كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی خامنەیی لەو رۆژەی هێرشی كراوەتەسەر بە تەواوی لەكار خراون، ئەمەیش توانای تیمی پاسەوانی خامنەیی لە پێوەندیی بەیەكەوە كرد و جووڵەكردنی خێرایانی بە تەواوی كەم كردووەتەوە.

بەمشێوەیە بێ كە فاینەنشاڵ تایمز باسی لێوە كردووە، كامێراكانی هاتوچۆ تەنیا ئامرازێكی چاودێریی خەڵكی سڤیل نین، بگرە بوونەتە ئامرازێكی دەزگەكانی هەواڵگری كە لەو ڕێگەیەوە چاودێری تەناهی ورد دەخرێتە سەر شوێنەكان و تێگەیشتن لە ئاكار و جووڵەی پاسەوانان لە ماوەیەكی درێژ و بەردەوام دا.

بە ئامانجگرتنی خامنەیی تەنیا بڕیارێكی سەربازی نەبوو، بەڵكو دەرئەنجامی كاری پێكەوەیی و بەردەوام بۆ ئامانجەكە بوو، لەوێوەیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی چینی پاسەوانەكانی دەوروبەری یەكێك لە هەستیارترین شوێنەكان لە ئێران و گۆڕینی بنیاتێكی مەدەنی و تەكنەلۆجی بۆ سەرچاوەی زانیاری بۆ بەرژەوەندیی دوژمنەكەیان.

ترسناكتر لە تواناكانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بەو ئامانجە باڵایە و كۆكردنەوەی زۆرترین زانیاری لەسەر تیمی پاسەوانەكانی و خۆی و جووڵەكانی، بریتییە لە سەركەوتنی ئۆپراسیۆنەكە و سوودبینینی تەواوەتی لەو زانیارییانە لە ڕێگەی هاككردنی سیستمی چاودێریی ناوخۆی تاران و بەكارهێنانی بۆ دروستكردنی وێنەیەكی مەیدانی زۆر ورد لە ناو دڵی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە تاران.

عەلی خامنەیی و چەندان سەركردەی تری تەناهی، بڕیار بوو ئێوارەی شەموو لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی خامنەیی كۆ ببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكەیان بۆ بەیانی ڕۆژی شەموو گۆڕیبوو، ئەمەیش لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەكرا تا لەگەڵ سەرانی گەورەی ڕژێمەكەی هەموویان بە یەكەوە بۆردمان بكرێن.

بەیانیی سەعات 9.20 خولەك مووشەكەكانی ئیسرائیل گەیشتنە تاران و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی خامنەییان تەخت و وێران كرد، جیا لەوە چەندان ئامانجی تر لە تاران بۆردمان كران، دواتر ئیسرائیل  ئاشكرای كرد كە ئامانج لە هێرشەكان بە ئامانجگرتنی خامنەیی و سەركردە تەناهییەكانی ئێران بوو، چاوەڕوانی دەرئەنجامی هێرشەكە و سەركەوتووبوونی لە پێكانی خامنەیی و سەرانی تری ئێران دەكات. بۆ ئێوارە میدیاكانی فەرمی ئێران كوژرانی هەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئیسلامی ئێرانیان ڕاگەیاند، ئەمەیش بووە كۆتایی 37 ساڵ حوكمی خامنەیی لە ئێران.


وشە - باز ئه‌حمه‌د