ساڵوەگەڕی راپەڕینی 1991.. ئەو نەخشەی سەرۆك بارزانی دژی بەعس داینا

:: PM:09:13:04/03/2026 ‌
سبەی ساڵوەگەڕی راپەڕینی ساڵی 1991، راپەڕینێكی جەماوەریی خەڵكی باشووری كوردستان بوو لە دژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئەوكات خۆی لە بەرەی كوردستانی دەبینییەوە و سەرۆك بارزانی نەخشەی راپەڕینەكەی دانا.

راپەرین لە ڕانیە دەستی پێ كرد و تا 21ی ئاداری 1991 بە ئازادكردنی كەركووك كۆتا بە راپەڕین هات، بەمشێوەیە داودەزگەكانی ڕژێمی بەعس لە باشووری كوردستان كرانە دەرەوە.

لە پێنجی ئاداری 1991دا راپەڕینی گەلی كورد لە شاری ڕانیە لە سەعات نۆی سەر لەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ كرد، لە هەموولا خەڵك ڕژانە سەر كووچە و كۆلان و شەقامەكان، لە ڕادیۆكان و بڵندگۆی مزگەوتەكان خەڵكیان هان دا بۆ راپەڕین. پاشان جەماوەر هەڵیانكوتایە سەر داودەزگەكانی حكوومەت، بۆ سەعات سێی سەر لە ئێوارە سەرجەم ڕانیە لە ڕژێم پاك كرایەوە. هەمان ڕۆژ چوارقووڕنە و حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەركەپكان ئازاد كران.

ئەم ڕۆژە لە مێژووی كورد بە رۆژی راپەڕین و ڕانیەش بە دەروازەی راپەڕین دادەنرێت، ئەگەرچی لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بڕیار بوو حەوتی ئادار دەست بە راپەڕین بكرێت، بەڵام جەماوەر زوو گڕی گرت و راپەڕینی بەرپا كرد.

لە شەشی ئاداری 1991 ناوچەی بازیانی یەك و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد كرا، بە جۆرێك لە بازیان لە سەعات چواری ئێوارە هەڵیانكوتایە سەر داودەزگاكانی ئەوێ و هەرزوو سەركوتیان كردن. لە پشدەریش سەربازگەكانی ڕژێم لە نێوان پێشمەرگەی سەرەوە و جەماوەری خوارەوە دەورە دران و هەر زوو گیران، تەنیا فەوجی قادراوەی پشت سەنگەسەر نەبێ كە شەڕی مان و نەمانیان كرد و بووە هۆی قوربانیدانی چەندان پێشمەرگە و هاووڵاتی و كوژرانی دەیان سەرباز و گرتنی فەوجەكە.

لەحەوتی ئاداری 1991دا جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕی و هەرزوو هەڵیانكوتایە سەر بنكەی حامیەی پۆلیس و سەرا و ئازادیان كرد، هەروەها بۆ بەیانیی هەشتی ئادار قەڵای ئەمنە سوورەكەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و پادگاكانی سەر چیای ئەزمەڕیان كۆنتڕۆل كرد بەجۆرێك بە هەزاران سەرباز خۆیاندا بە دەستەوە و پارێزگاری سلێمانی و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم كوژران.

لە هەشتی ئاداری 1991 راپەڕین لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە و عەربەت و ئۆردوگاكانی زەڕایەن و سموود و نەسڕ و باریەكە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی دەستی پێ كرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێ سەرەكییەكانی نێوان سلێمانی و كەركووك و بەعقووبە كۆنتڕۆل كران، بە خوێنی چەندان شەهید و كوژرانی چەندان كەس لە پیاوانی رژێم. هەر ئەو ڕۆژەش سەرجەم ڕەبییەكانی پشتاوی سەر مامەندە و قەڵادزێ دابەزینە خوارەوە و بێ كوشتار خۆیان بەدەست گەل دا. لەلایەكی ترەوە، قەڵای سووسێی ڕژێم گیرا و بەرەو دووكان چوون و لەلای دۆڵی خەلەكانیش پێشمەرگە و جەماوەر  تا ئێوارە ئەم ناوچەیەی بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كرد.

لە نۆی ئاداری 1991دا جەماوەری شاری شەقڵاوە و كۆیەش راپەڕین، ئەگەرچی سوپایەكی زۆر لە هەیبەت سووڵتان هەبوو و لە هەشتی ئاداردا چەند لیوایەكی زرێپۆشی زیادی هێنایە ئەوێ و لە هەوا و لە زەوین بەرگرییەكی باشیان لە خۆ كرد، بەڵام لەبەرئەوەی ناو كۆیە ئازاد كرا، دواتر لە هەموولا هەیبەت سوڵتان دەورە درا و كۆنتڕۆڵ كرا و سوپاكەی گیران. وێڕای ئەوەی كە ناوچەی شەقڵاوەش ئازاد كرا، بۆ ئێوارەش سەعات چواری سەر لە ئێوارە لە ئۆردوگای زۆرەملێی باسرمە هەڵیانكوتایە سەر بنكەی پۆلیس و ئەوێش بۆ بەیانی پاك كرایەوە.

لە 10ی ئاداری 1991 جەماوەری مەسیف و تەقتەق و ڕەواندز و قەرەهەنجیر و ئاغجەلەر و هەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلك و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر و سەرجەم ئەو ناوچانە راپەڕین و لەچەند سەعاتێكدا ئازادیان كردن.

لە 11ی ئاداری 1991دا، جەماوەری شاری هەولێر هەر لە سپێدەی بەیانییەوە لە گەڕەكەكانی "شۆڕش" و "مەلایان" و "برایەتیی سەرەوە" خلۆر بوونەوە خوارەوە بەرەو بارەگاكانی ڕژێم و لە سەعات نۆی بەیانی سەرجەم جەماوەر و گەڕەكەكان ڕژانە سەر شەقام و كووچە و كۆڵانەكان و بەیەك دەست ڕژانە سەر سەرجەم بارەگا و داودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ڕژێم، نەخاسمە دائیرەی ئەمن و جەیشی شەعبی و ئەمنی تەواری و مەنزوومەی شیمالی و بنكەكانی پۆلیس و هتد.

لە 13ی ئاداری 1991دا، لەوسەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەوروبەری راپەڕین، سەرئەنجام ناو شاری زاخۆ و كۆمەڵگەی هیزاوە و دەركار عەجەم ئازاد كران و راپەڕین گەیشتە دەشتی سلێڤان و چیای بێ خێر و ژوێ هاتنە ئازاد كردن، پشتی هەنگی رەخێ سۆرا لە سنووری كەركووك شارۆكەی پردێ ئازاد كرا و لە گەرمیانیش كەلار و جەبارە و كوڵەجۆ ئازاد كران.

لە 14ی ئاداری 1991دا، لەگەڵ گەردی بەیانی جەماوەری دهۆك لە گەڕەكی بەرۆشكێی لای سەرەوە سەریان هەڵدا و بەتێكڕا دەوری دائیرەی ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس و ئالیات و لیوا و فرقەی حزبییان دا و هێرشیان كردە سەر، تا نیوەڕۆ هەموویان گیران.

لە رۆژی  10ی ئادار  لە سەعات شەشی ئێوارە بۆ شەشی بەیانی هاتوچۆ لە شاری كەركووك قەدەغە كرا هەر كەسێكیان ببینیایە بە قەستی كوشتن تەقەیان لێ دەكرد. ‏رەشبگیری دەستی پێ كرد و هێزێكی گەورەی گاردی كۆماری هێنرانە ناو شارەكە و تا  ٢٠ / ٣ / ١٩٩١نزیكەی 16 هەزار كوردیان لە كەركووكدا گرت و لە سەربازگەی تۆپزاوەی خوار شارەوە بەندیانیان كردن، بەعس لەو شارەدا هەموو هەوڵێكی دا بۆ رێگریكردن لە راپەڕین، بەڵام لە بەرانبەریشدا لە پاڵ پێكهێنانی لیژنەی راپەڕینی كەركووك لە ناو شاری كەركووكدا، ئەوا هێزەكانی پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە ئامادەكارییان دەست پێ كرد بۆ ئازادكردنی كەركووك، لە قۆڵی هەولێر، قۆڵی سلێمانی و قۆڵی كەلار.

لە 19ی ئادار پێشمەرگە چوونە ناو كەركووك، بۆ ئێوارەی رۆژی دواتر و لە شەوی نەورۆزدا هەموو داودەزگاكانی رژێم گیران و ئاگری ئازادی و نەورۆز لە كەركووك داگیرسا.



وشە - وشه‌