كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیا، پێوەندییەكی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی و ئابووری پتەویان هەیە و لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیشن كە نەیاری ئەمەریكان، ئەمەیش خاڵێكی هاوبەشە وایكردووە زیاتر لە یەكتر نزیك ببنەوە، بەڵام ئێستە كە تاران لەبەر رەحمەتی مووشەكبارانی ئەمەریكا و ئیسرائیلدایە، بۆچی ئەو دوو وڵاتە جیا لە سەركۆنەكردن و داواكردنی ڕاگرتنی جەنگ، هیچ هەڵوێستێكی تریان نەبووە؟.
كردنە قوربانی هاوپەیمانان لە پێناو بەرژەوەندییەكانی مۆسكۆ
سێرگی گوریاشكۆ شارەزای كاروباری ڕووسیا بۆ بی بی سی نیوز دەڵێ، وەڵامی مۆسكۆ لەبارەی هێرشەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران سەرەتا بە دەنگێكی بەرز بوو، بەڵام بە تەواوی سنووردار بوو، ئەمەیش پێچەوانەی تووڕەییە دژی هێرشەكە و هاوسۆزییە لەگەل تارانی هاوپەیمانی، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕووسیا سوورە خۆی لە هەر هەنگاوێك بە دوور بگرێ كە لە ڕووبەڕووبوونەوە نزیك بێتەوە.
دیمیتری بیسكۆڤ گوتەبێژی كرملێن، بێهیوایی قووڵی لەباری دۆخەكە ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دانوستاندن لە نێوان تاران و واشنتن كە گۆڕا بۆ دوژمندارییەكی خێرا، هاوكات مۆسكۆ ڕای گەیاند كە لەگەڵ سەركردەكانی ئێران لە پێوەندیی بەردەوامداین و نیگەرانیشین لەبارەی بە ئامانجگرتنی وڵاتانی كەنداو.
هاوكات لەگەڵ دەستپێكی هێرشەكان، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هێرشەكەی بە دوژمنكارییەكی بێ هۆكار لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل ناوبرد، بە توندیش سەركۆنەی كوشتنی سیاسی و بە ئامانجگرتنی سەرۆكی وڵاتی خاوەن سەروەری كرد. هاوكات ڤلادیمێر پوتین پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی ئێران كرد و كوشتنی خامنەییشی بە پێشێلكردنێكی ئەخلاقی و مرۆیی و یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد.
كرملێن خۆی بە دوورگرتن لە ڕەخنەی كەسی دژ بە سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە هێرشەكە، ڕووسیا تا ئێستەیش سوپاسگوزاری ئەمەریكایە بۆ ئەو ناوەندگیرییەی كە لە نێوان مۆسكۆ و كیێڤ بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆكراینا دەیگێڕێت.
لە پێناو بەرژەوەندییەكانی ناڕەزاییەكانی مۆسكۆ دژ بە هێرشكردنە سەر تاران جیا لە گوتاری میدیایی زیاتر نەبووە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە لە شەڕی ڕووسیا دژ بە ئێران، تاران زۆرترین فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بە مۆسكۆ دا كە زۆرترین كاریگەریی لەسەر ئاراستەی شەڕی ئۆكراینا و ڕووسیا دانا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە كرملێن پێشتریش ئەوەی خستووەتەڕوو و نموونەی دیار هەیە، ئامادە نییە بەرژەوەندییەكانی خۆی بخاتە مەترسی لە پێناوی هاوپەیمانەكانی، هەر لەبەرئەوە دەستی لە پشتیوانی مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا و ئەسەد لە دیمەشق بەردا، سەرەڕای ئەوەی كە لە 17ی كانوونی دووەم/یەنایەری 2025 تاران و مۆسكۆ ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەشیان لەگەڵ یەكتر واژوو كرد.
پەكین و ستراتیجی سەرقاڵكردنی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
چین هاوشێوەی ڕووسیا هاوپەیمانی نزیكی ئێرانە و پێوەندییەكی ئابووری تۆكمە و بەهێز و ستراتیجی لە نێوانیان هەیە، پەكین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە و سەرەكیترین كڕیاری نەوتەكەیەتی، سەرەڕای ساڵانێكی زۆری سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، پەكین بەردەوام بوو لە كڕینی نەوتی ئێران و بووبوو بە شادەماری ئابووری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێژەیەكی زۆری نەوتەكەی بە نرخێكی كەمتر دەكڕێ.
چین ساڵی 2025 زیاتر لە 80%ی نەوتی ئێرانی كڕی، ئەمەیش بووە هۆی بووژانەوەی ئابووری ئێران و پارەداركردنی ئەو وڵاتە و دەستەبەركردنی بودجەی بەرگری، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرجەمیان مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئێران وەستاند. هاوكات ڕێككەوتنی ستراتیجی بۆ ماوەی 25 ساڵ لە ساڵی 2021ەوە، كە لەو ڕێگەیەوە چین دەبوو بە سەتان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئێران بكات.
لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، چین بەردەوامە لە یارییە بەردەوامەكەی، ئەویش گرتنەبەری ستراتیجی خۆپارێزییە، لە جەنگی 12 ڕۆژەی ساڵی ڕابردووی ئیسرائیل و ئێران لە 2025، چین داوای بە ددانبەخۆگرتن لە نێوان هەردوولا كرد، جیا لەوەیش زۆر بە دەگمەن پەكین لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە دەستوەردان دەكات.
لە ململانێكانی پێشووی نێوان ئێران و ئیسرائیل، چین وەك چەتری دیپلۆماسی بۆ تاران دەركەوتووە، ئەویش بەكارهێنانی مافی ڤیتۆی بوو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو بڕیارانەی لەوێ دژ بە ئێران دەردەكرێن.
ستراتیجی تایبەتی چین بریتییە لە نغرۆبوونی ئەمەریكا بە كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ ئەوەی ببێتە داڕمانی ئاسایشی ناوچەكە، ئەمەیش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.
لەگەڵ ئەوەیشدا گۆڕینی ڕژێمی ئێران و هاتنە سەر حوكمی دەسەڵاتێكی هاوپەیمانی ئەمەریكا، گورزێكی جیۆپۆلەتیكی كارەساتبارە بۆ چین، چونكە ئێران بووەتە قورساییەكی سیاسیی هاوسەنگیش بۆ هەژموونی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا. سەرەڕای ئەوەی ئێران ئێستە ئەندامی گرووپی برێكس و ڕێكخراوی شەنگەهایە بۆ هاریكاری، ئەڵقەیەكی بەستنەوەی چینە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز.