ڕۆژنامەی
"کریستیان ساینس مۆنیتەر"ی ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، ئارەزووی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی دەستوەردانی زەوینی لە ڕێی گرووپە کوردییەکانەوە دژی ئێران، هەستی بێهیوایی و خیانەتی لای کورد بەهۆی ئەزموونەکانی ڕابردوو دروست کردووەتەوە، ئەمەش پلانەکانی واشنتنی ئاڵۆز کردووە.
ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەم دواییەدا ڕای گەیاندووە کە هەڵمەتە ئاسمانییەکەی ئێستە دژی ئێران، ڕەنگە لە کۆتاییدا پێویستی بە جووڵەی سەر زەوی هەبێت، بەڵام ترەمپ ڕووبەڕووی گوشارێکی سیاسیی ناوخۆیی گەورە دەبێتەوە دژی ناردنی سەرباز بۆ گۆڕەپانی جەنگ. هەر بۆیە پێوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان لە عێراق و ئێران، کە تێیدا هانی داون ڕۆڵی خۆیان لە جەنگەکەدا بگێڕن، پێشبینیی ئەگەری دەستێوەردانی گرووپە کوردییەکانی لە جەنگەکەدا دروست کردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە، هەر جۆش و خرۆشێک لە ناو کورددا بۆ پەیوەستبوون بە کاری چەکداری لە پێناو گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، بەتایبەت لەلایەن کوردانی ئێرانەوە کە هەوڵی بۆ دەدەن، دەخرێتە تەرازووی مەترسیی پەنابردنە بەر ئەوان بۆ جارێکی تر و دواتر دەستبەرداربوونیان لەلایەن ئەمەریکاوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری یەریڤان سەعید توێژەر لە کۆلێژی خزمەتگوزاریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئەمەریکی لە واشنتن، گواستوویەتیەوە کە دەڵێت، ئەمە کورد دەخاتە بەردەم دووڕیانێکی مەترسیدارەوە ڕوونیشی کردووەتەوە "بێگومان، لە سەرەتادا جۆش و خرۆش هەیە بۆ ئەو بانگهێشتەی لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە ئاراستە کراوە، بەڵام هاوکات هۆشداری و یادەوەریی خیانەتکردنیش لەلایەن ئەمەریکاوە لە هەلومەرجێکی زۆر هاوشێوەدا بوونی هەیە".
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کوردەکان جۆرج بووشـی باوک و ڕاسپاردەکانی بۆ کورد لەبیر ناکەن کە داوای لێ کردن ڕاپەڕین دژی ڕژێمە شەڕانگێز و لاوازەکەی سەدام حوسێن دوای جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 بکەن، هەروەها بێدەنگیی ئەمەریکاشیان لەبیر نەچووەتەوە کاتێک دواتر سەدام هێزە کوشندەکەی دژی کۆمەڵگە کوردییە ڕاپەڕیوەکان بەکار هێنا، کە خۆیان پێشتر قوربانیی هەڵمەتی ئەنفال بوون لە کۆتایی هەشتاکاندا.
جگە لەوەش، ڕاپۆرتەکە دەڵێت یادەوەریی ئەو پێوەدانە هێشتا زیندووە کاتێک گوێیان لە تۆم باراک نێردراوی ئیدارەی ترەمپ بۆ سووریا بوو، کە لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا ڕای گەیاند، سوودی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و کورد کە بۆ زیاتر لە دەیەیەک بەردەوام بوو بۆ شەڕی داعش لە سووریا، بەسەرچووە. باراک گوتبووی بەرژەوەندیی ئەمەریکا ئێستە ئەوە دەخوازێت کە حكوومەتی ناوەندیی نوێ لە دیمەشق دەسەڵات بەسەر تەواوی وڵاتدا بگرێتەوە، لە بەرانبەر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی تر، بەتایبەت کوردەکان لە سووریا کە هاوپەیمانی واشنتن بوون.
ڕۆژنامەکە لێدوانێکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراقی بیر هێناوەتەوە کە دەڵێت، لە زۆر حاڵەتدا کوردەکان بیر ناکرێنەوە مەگەر ئەو کاتەی پێویستی بە هێز یان قوربانیدانیان هەبێت. هەروەها دەڵێت "واز لە کورد بهێنن، ئێمە تفەنگێک نین بۆ کرێ".
ڕاپۆرتەکە لە زاری یەریڤان سەعیدەوە دەڵێت، کوردەکان پێش ئەوەی هەر شتێک بکەن کە خۆیان بخەنە بەر مەترسیی گەورەتری هێرش لەلایەن تارانەوە، دەیانەوێت گەرەنتیی بەهێزی پشتیوانی لە واشنتن وەربگرن". سەعید دەشڵێت، تەنانەت ئەو جۆرە پابەندبوونیانەش گومانەکان لەسەر متمانە بە ئەمەریکا ناڕەوێننەوە، ئەوەش بە پشت بەستن بە ئەزموونی پێشوو.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی نزیکەی 40 ملیۆن کورد لە تورکیا، سووریا و ئێران کردووە و بە گەورەترین گرووپی نەتەوەیی لە جیهاندا وەسفی کردوون کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان نین، لە کاتێکدا کوردەکان لە ئێران نزیکەی 10%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن کە ژمارەیان 90 ملیۆن کەسە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت پەنابردنی واشنتن بۆ کورد دژی ئێران مەتەڵ نییە، چونکە میلیشیا کوردییەکانی ئێران کە لە سنوورەکانی باکووری ئەو وڵاتە جێگیرن، دەیان ساڵە ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران و شەڕکردن دژی حكوومەتی ناوەندی کاتێک کاتی گونجاو دێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ڕاپۆرتە نوێیەکان دەریدەخەن ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)، کە پێوەندی لەگەڵ هێزە کوردییە جیاوازەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاراستووە، ناردنی چەکی بۆ گرووپە کوردییەکان چڕ کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە قسەکانی دەیڤد شینکەر یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیکی گواستووەتەوە کە دەڵێت، کوردەکان بە پەرۆشەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بۆ ڕووخاندنی ڕژێم، ئیدارەی ئەمەریکاش لەمە تێدەگات و کارکردن لەگەڵ هێزە زەوینییەکانی ئەوان و لە ڕێگەی ئەوانەوە، بە ئامرازێک دەزانێت بۆ دوورکەوتنەوە لە پێویستیی ناردنی هێزی ئەمەریکا بۆ سەر زەوی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە و وەک شینکەر دەڵێت، ئەمە بۆ کوردەکان "هەوڵێکی زۆر پڕ مەترسییە، چونکە ڕەنگە ئاستێک لە پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنی بەدەست بهێنن، بەڵام بەگشتی ئەم کەسانە بە تەنیا دەمێننەوە".
ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەمەریکا نیگەرانیی تایبەتی خۆی دەبێت کە دەبێت لەبەرچاویان بگرێت پێش ئەوەی قورساییی پشتیوانیی خۆی بخاتە پاڵ کوردەکان یان هەر کەمینەیەکی تری ئێرانی. شینکەر دەڵێت، مەترسی بۆ سەر ئەمەریکا ئەوەیە کە ڕووخانی ڕژێم بە یارمەتیی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکرێت زۆر بە خێرایی ببێتە پشێوی، و ئەگەری هەیە ژمارەیەک کێشەی قۆناغی دوای ڕژێم دروست بکات، لەوانە دابەشبوونی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوەیی.
ڕاپۆرتەکە لە زاری یەریڤان سەعیدەوە دەڵێت، هێشتا دەبێت چاوەڕێ بکرێت کە چۆن پێوەندیی درێژخایەن و ئاڵۆزی کورد لەگەڵ ئەمەریکا کاریگەری لەسەر ڕۆڵیان لە جەنگی ئێران دەبێت، بەڵام ئەگەری زۆرە لایەنی ئەرێنیی مێژووی پێوەندییەکانی ئەمەریکا و کورد، بەسەر بێهیواییەکانی ڕابردوودا زاڵ ببێت.
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ئەزموونە تاڵەکان لەبیر ناکرێن، بەڵام بەگشتی هێشتا ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ کورد بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە هاوپەیمانیەتییان لەگەڵ ئەمەریکا دەستیان کەوتووە، لەوانە هەرێمی کوردستان. ڕاپۆرتەکە بە قسەیەکی سەرۆك بارزانی کۆتایی پێ هێناوە کە دەڵێت، خۆت هەبی کەست هەیە و خۆت نەبی کەست نییە.